ئیسلام لەنێوان خەڵكدا حەكەمە، نەك تەنیا بەسەر خەڵكدا حاكم بێت
November 26, 2011
وتار و بیروڕا
بۆچوونێكی تریش پێی وایە كە دەسەڵاتی راستەقینە بەوە نابێت كە لە دەست ئەو دەسەڵاتەی ئێستادا بێت، هەرچەندە لایەنی چاكیشی هەبێت، بەڵكو ئەو بۆچوونە لای وایە كە دەسەڵات ئەو كاتە ئیسلامی دەبێت، كە ئەو ئیستیلامی دەكات.
لەم پێناوەشدا هێزو شەڕو تەكتیك و پارەو سەرچاوەی دارایی و هەرچی پێویست بكات، ئەو هەوڵی دابینكردنی دەدات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.
بۆیە بۆچوونی یەكەم لە كۆن و ئێستادا بڕوای بە ریفۆرم هەیە لەناو دەسەڵات و لەگەڵ دەسەڵاتدا. بۆچوونی دووەمیش بڕوای بە شۆڕش هەیە لە دژی دەسەڵات و بەسەر دەسەڵاتدا.
لە دواجاریشدا هەر دەسەڵات هۆكاری یەكەمە لە پەرەپێدان بە جۆری ئۆپۆزسیۆنەكانی خۆی، چونكە كاتێك دەسەڵات جێگە و پێگە بۆ نەیارەكانی و داواكانی دەكاتەوە، بۆچوونی یەكەم پەرە دەسێنێ و، كاتێكیش هەموو شتەكان قۆرخ دەكات و گوێ بە كەسی دی نادات، بۆچوونی دووەم پەرە دەسێنێ و شۆڕش بەسەر ریفۆرمدا زاڵ دەبێت، چونكە ئەزموونی سیاسیی ئیسلامی و عەلمانی گوتەزایەكی بەرهەمهێناوە، كە دەڵێت: (دەسەڵات جۆری ئۆپۆزسیۆنەكانی خۆی دیار دەكات!!)
لێرەوە زۆر گرنگە پەرە بەریفۆرمی فیكریی بدرێت لەم بوارەدا، چونكە خوای گەورە خوای هەمووانە، پێغەمبەرەكەیشی (درودی خوای لەسەر) رەحمەتە بۆ هەمووان و، خوای گەورەش بەیەكسان تەماشاكردنی بۆ گشت مرۆڤەكان لە دنیادا، ناوی (حەكەم)ـی بۆخۆی هەڵبژاردووە نەك (حاكم)، چونكە هەموو (حەكەم)ـێك حاكمە، بەڵام مەرج نییە هەموو حاكمێك بتوانێت حەكەم بێت.
مەرجی بوون بە حەكەم بەیەكسان سەیركردنی گشت لایەك و گشت مرۆڤەكانە بەیەكسانیی، هەر لەبەر ئەمەشە رێسا و یاساكانی خوای گەورە ناوی لێنراوە شەریعەت و، بۆیەش پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر) لە بەڵێننامەی مەدینەدا نووسی: «موسڵمانان لەسەر ئاینی خۆیان، جوولەكەكان لەسەر ئاینی خۆیان» هەروەها لەڕووی مامەڵەكردن و یاساپارێزیدا نووسی: «جولەكەكان لەگەڵ موسڵماناندا یەك كۆمەڵن، واتە وەك یەك لە بەرامبەر یاسادا رادەوەستن».
خوای گەورە جیاوازیی پاداشت و سزای لەسەر پەیڕەوكردن یان نەكردنی ئایینەكەی بۆ قیامەت هەڵگرتووە، بەڵام لە دنیادا وەك بە خەڵك دەفەرموێت: ئیسلام دوائاینی خودایە بۆ مرۆڤەكان، لە هەمان كاتیشدا و لە هەمان قورئانیشدا دەفەرموێت: ئایین بەزۆر ناسەپێنرێت بەسەر كەسدا و، خەڵكیش ئازادن لە بڕواهێنان یان نەهێنان.
خوای گەورە لە قورئاندا وەك باس لە مزگەوت و پێگەی دەكات، باس لە پەرستگای جولەكە و مەسیحیەكانیش دەكات.
پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر) لەگەڵ چوار جێنشینەكەیدا مامەڵەی مرۆڤ دۆستانەی بەرزیان لەگەڵ خاوەن ئاینەكانی تردا دەكرد، بۆیە جێگەی خۆیەتی ئەمڕۆ ئاینخوازان لە خەمی گێڕانەوەی رۆڵی حەكەمیانەی ئیسلامدا بن زیاتر لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رۆڵی حاكمبوونی ئیسلام و، پشتگیریكردن لە توێژێكی كۆمەڵگە و پشتگوێ خستنی ئەو دوای كۆمەڵگە.
پەیامی رەحمەت و مرۆڤدۆستانەی ئیسلام لە رەحمانیەتی خوای گەورەوە سەرچاوە دەگرێت و پاداشت و خەڵاتی خواپەرستی و عیبادەتیش لە رەحیم بوونی خواوە سەرچاوە دەگرێت و، لە قیامەتدا دەبێت نەك لە دنیادا.