جەژنی قوربان.. جەژنی ژیانە، نەك مەرگدۆستی

جەژنی قوربان.. جەژنی ژیانە، نەك مەرگدۆستی
جەژنی قوربان.. جەژنی ژیانە، نەك مەرگدۆستی
هێشتا زۆربەمان زۆرمان ماوە لە مانای راستەقینەی جەژنەكانمان بگەین!
لە بەرەبەیانی رۆژی یەكەمی جەژنی قورباندا گوێبیستی زۆربەی وتاربێژی مزگەوتەكان دەبین كە بەیەك شێوە لە وتاری جەژندا دەڵێن:موسڵمانان ئەمڕۆ جەژنی قوربانە، ئەو جەژنەیە كە(ئیبراهیم)سەلامی خوای لەسەر ئامادەبوو كوڕی خۆی بكاتە قوربانیی و سەری ببڕێت، چونكە خوای گەورە لە خەونیدا فەرمانی پێكرد ئیسماعیلی كوڕی سەر ببڕێت. ئینجا دەڵێن:موسڵمانان بڕوانن ئەوە ئیمانی راستەقینەیە، دەبێت ئیمانی ئێمە وەك ئیمانی ئیبراهیم بێت!!
راستە ئامادەبوون بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی خودا ئەركی سەرشانی مرۆڤی موسڵمانە، بەڵام ئەمە یەكێكە لەماناكانی ئەم رووداوە، بۆیە ئەگەر ئەمە تەنیا مانای ئەم رووداوە بێت، ئەوسا ئەم گوتارە تاك رەهەندە، دەبێت چ ترسێك بخاتە دڵی ئەو منداڵانەی كە لەگەڵ باوكیاندا دەچنە نوێژی جەژن و، گوێیان لێ دەبێت كە دەشێت باوك كوڕی خۆی سەر ببڕێت!
هەر ئەم گوتارە چەند رێخۆشكار دەبێت بۆشەرعییەتدان بە بیرۆكەی سەربڕینی مرۆڤ و بیردۆزی بەقوربانیكردنی مرۆڤ لە لایەن تیرۆریستانەوە؟!
تێگەیشتن لە دەقی قورئان و فەرموودە بەدەر لە رووداو و ژێرخانەكانی پەیوەست بەو دەقانەوە، هەمیشە كارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوەو، ئیسلام و خواو پێغەمبەری خوای لەبەر چاوی زۆر كەسدا خراپ خستۆتە روو.
بۆ تێگەیشتن لە جەژنی قوربان دەبێت بگەڕێینەوە پێش چوار هەزار ساڵ، بۆ سەردەمی ئیبراهیم، كە كاتێك خەڵك بڕوایان وابوو كە رووبار خوای خۆی هەیەو، باران و بومەلەرزەو هەورەتریشقەش هەروەها، بۆیە دەهاتن بۆ رازیكردنی رۆژ و مانگ و رووبارو هەر دیاردەیەكی سروشتی، لاوێكی جوانیان دەكردە قوربانیی.
خوای گەورە ئیبراهیمی نارد و ویستی بە كردەوە ئەم داب و نەریتە لەناو بەرێت، هات و لەبەر چاوی خەڵكەكەدا بڵێت:منیش خوای گەورەو تاك و تەنیام فەرمانی پێكردوم كوڕی خۆم سەرببڕم، پاش پیشاندانی ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی خەونەكەیشی، بەخەڵكەكەی گوت: خوای گەورە فەرمانی پێكردم كە لە جیاتی كوڕەكەم، بەرانێك بكەم بە قوربانیی و، خوای گەورە قوربانیدانی بە مرۆڤ حەرام كرد و قەدەغەی كرد.
ئیدی لەو رۆژەوە ئەم پەیمانە گەیشتە پێغەمبەرانی دوای خۆی و هەتا(محەمەد)درودی خوایان لەسەر .
ئەم پەیامە مرۆڤدۆستانەیەو، ئەم جاڕنامە ژیاندۆستانەیە لە ئیبراهیمەوە پێی وتین: پرۆسەی قوربانیكردن بە مرۆڤەكان رابگرن.
ئەو رۆژە جەژنی ژیانیان بۆ ئیسماعیل گیڕاو، لەو رۆژەشەوە تا ئەمڕۆ ئێمە كە جەژنی قوربان دەگێڕین و ئاژەڵ دەكەین بە قوربانیی، بەم كارەمان ئەوە بەبیرخۆماندا دێنینەوە كە:
سوپاس بۆ ئەو خوایەی كە لە رێگەی ئیبراهیمەوە پرۆسەی ترسناكی بەقوربانیكردنی مرۆڤی راگرت و، لەجیاتی مرۆڤ، خەڵكی فێری ئەوە كرد ئاژەڵ بكەنە قوربانیی و بیبەخشنە هەژار و كەم دەرامەتەكان.
كەواتە جەژنی قوربان،جەژنی ژیانە، نەك نەمان، جەژنی راگرتنی پرۆسەی بەقوربانیكردنی مرۆڤەكانە، بە فەرمانی خودایەك كە ناوی خۆی (الحي)یە و رەحمان و رەحیمەو، هەر خۆیشی پەیامی (ولا تقتلوا اولادكم..)ی پێ راگەیاندوین.
Top