هەندێك ئەنجام بۆ هەڵسەنگاندنی بەهاری عارەبی

هەندێك ئەنجام بۆ هەڵسەنگاندنی بەهاری عارەبی
یەك لەدوای یەكتر، بەرپا بوونی شۆڕشەكانی بەهاری گەلانی ناوچەكە، جەخت كرنەوەی ئەو گەلانەیە لەسەر چەند خاڵێكی هاوبەشی نێوانیان، چ لەبەرانبەر موعانات و چ لە بەرانبەر سەروەرێتی توندی ڕژێمە ستەمكارییەكانیان كە بە پیادەكردنی ستەم و تاوانەوە دامودەزگا ئەمنییەكانیان كردۆتە دەزگای داپڵۆسین و بەهۆی گشت بەشە هەمەچەشنەكانی سوپاكانیانەوە تەنانەت بە فڕۆكەو تانك و تۆپی دوورهاوێژیشەوە درێغییان نەكردووە لەبەكارهێنانی زەبرو زەنگی كەمەرشكێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاخیبوونە میللییەكان، هەواڵەكانی ئەشكەنجەدانی گیراوەكان تا ئاستی ڕۆحدەرچوونیان و ڕەشبگیریی بەرفراوان و ڕفاندنی هاووڵاتیان و هەتككردنی نامووس و تەمسیل كردن بە تەرمی قوربانییان و لەت و پەتكردنی دەست و قاچی مانگرتووان لە ڕێگەی شەبیحەو بەڵتەجەو هاوشێوەكانیانەوە ڕۆژانە لە زیادبووندان..
گاڵتەبازاڕیی ئەو ڕژێمانە لە بەرانبەر جەماوەردا لە كامڵتركردنی ڕاگەیاندێكی سواوی دواكەوتوودایە كە هەموو شێوازەكانی دەربڕینی ئازادانەی ئاشتیانەی جەماوەر سووك دەكات، حزب و كۆڕو كۆبوونەوە مەدەنییەكان یاساغ دەكات، هەروەها مافی ڕەوای گرووپە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكان رەت دەكاتەوە..
سەرەڕای ئەمانەش دابەزینی ئاستەكانی باری ئابووری و كۆمەڵایەتی و نزم بوونەوەی ئاستی پێداویستییە هەنووكەییەكانی ڕۆژانەی خەڵكی لە خزمەتگوزاری و تەندروستی و خوێندن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ناهەمواریدان، لەپاڵ ئەمانەشدا دابەزینی ئاستەكانی پەرەپێدان و بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری و نەزانی و ناهۆشاری رەنگدانەوەی لەسەر قەیرانەكان دروست كردووە..
ئەم بەهارانە، شۆڕشی گەلانی بەخێرایی هێنایە پێشەوە، تا بە هۆیەوە چەندین دەسكەوتی لێ وەدی بێنێت، دەسكەوتەكان بە پێی ئەم خاڵانەی لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدرێت دەست نیشان دەكەم:
*بەربەستەكانی ترس و تۆقاندنی تێك و پێكشكاند، ئەو بەربەستانەی لە لایەن ڕژێمە سیاسییە ستەمكارەكان و دامودەزگا تاوانكارییە داپڵۆسێنەرەكانیانەوە بنجیان داكوترابوون..
*دەسەڵاتی توندوتیژییانەی ئەو ڕژێمە ستەمكارانەی ئاشكرا كرد كە چەندە بۆ خۆیان فشەڵ و لەرزۆكن..
*مەرجەعیەتی دامودەزگایی گشتی چەسپاند، كەئەم مەرجەعیەتە تایبەتمەندە بە گەلەوە نەك بەدیكتاتۆرەكانەوە، بەو شێوەیە هەیبەتی ئەو دیكتاتۆرانەی تێك و پێكشكاند كە خەڵكییان كردبووە كۆیلەو ملیان بە جەماوەر شۆڕدەكرد
*ئەم بەهارانە هاوپەیمانێتی نێوان هێزە نێودەوڵەتی و ڕژێمە سەركوتكارەكانی لێك دابڕان و شتێكی وای كرد هاوكاری نێونەتەوەییانەی گەلانی ناوچەكە و شۆڕشەكانی مسۆگەر بكرێت.
*بەرپەرچی گەندەڵكاران و تاوانەكانیانی دایەوە بەوەی چیتر درێژە بە كاری تاوان نەدەن، هەر بۆ نموونە چەندین كەسایەتی و گرووپی سەر بە سیستمە كۆنباوەكەی دابڕاندن و لێیانی دوورخستنەوە، بە تایبەتی هەندێك كەسایەتی دپلۆماسی گرنگ لە ناو حكومەتەكان و سوپاو دەزگا ئەمنییەكانەوە كە لە ڕژێمەكان دابڕێنران، نموونەكانیش زۆرو زەبەندن..
* بەهاری گەلان بەرەنگاری ئەو ڕێساو یاسایانە بووەوە كە پێشتر مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكانی سنووردار دەكردن، ئەو ڕژێمانەی ناچاركردن بەڵێن بدەن بە چاكسازیی كردن((گەرچی بەڵێنەكان لە ساتەوەختی بەفیڕۆچوودا دەدران)) هەروەها یاساكانی حاڵەتی كتوپڕی و باری نائاسایی پێ ڕەت دەكردنەوەو هەندێك یاسای تریشی بە تەوقیع پێ دەگۆڕین..
*لەڕووی مەیدانی و پراكتیكییەوە دەرفەتی زیاتری بۆ هاوكاری میللی رەخساندو بەهۆی سووربوون و حەماسەتی هێزە میللییەكانی جەماوەری ڕاپەڕیوەوە، هێزە دیموكراتی و تێكۆشەرە پێشكەوتووەكان دەچوونە پاڵیان، لە پێناوی باوەش كردنەوەیان بۆ ئازادی، لەو پێناوەدا بەسەر هەموو كۆسپە فكری و سیاسییەكانی خۆیاندا زاڵ دەبوون
* بەهاری گەلان جەختی خستە سەركردنەوەی دەرفەتێكی زێڕین بۆ هاووڵاتیان تا لە پێناوی گەل و نیشتمانەكەیاندا تێبكۆشن و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی داموودەزگایی كراو كاربكەن، سروشتییە لەم ڕووەوە ئاماژە بدەین بە مەسەلەی پێوەندی تاك بە كۆمەڵگەو دەوروبەری و نەهێشتنی ڕۆحی سلبیانە لە بەرانبەر كێشە گشتییەكان بەوەی تاك بەرزبێتەوە بۆ ئاستی ئەوەی ببێتە بەشێكی بونیادنەرو ئەكتیڤ لەناو دەوڵەت و كۆمەڵگەو دوور بكەوێتەوە لە تەمەڵێتی و پشت نەبەستن بە خۆی..
* ئەم بەهارانە ڕۆڵی رێكخراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەكانی ژیاندەوەو هاوبارگەی كردن بە شۆڕشەكانەوە، لێرەدا ئاماژە بە ڕۆڵی گونجاوی رێكخراوە نێونەتەوەییەكان و رێكخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی و ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان دەدەین هەروەها كۆمكاری عارەبی و ڕێكخراوەكانی تری مەدەنی لۆكاڵی كە ڕۆڵیان دەگێڕا لە پشتگیری كردن، بە نموونە هەڵوێستی راست و دروستیان لە بەرانبەر شۆڕشەكانی گەلی لیبیاو سووریا. گەرچی ڕۆڵیان ڕێژەییانەش بوو.
* گەلان بە بەهاری شۆڕشەكانیانەوە داخوازی و مەسەلەكانی مافە ڕەواكانیان دەگەیاندە ئاستی جددی بوون و بن گوێی ڕێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان و ئەوانیش بە پێی یاسا مرۆییەكان هاوبارگە دەبوون لەگەڵیان، ئەو یاسایانەی پێوەندییان بە مافی هاووڵاتی بوونی نەتەوەكانی ناوچەكەوە بوون، كە بۆ ساڵانێكی زۆربوو بە بەستەڵەك كرابوون، ئەكتیڤ كرانەوە ..
*گەلانی بەهاری شۆڕش تازەترین تەكنیك و هۆكاری ڕاگەیاندنیان سوود لێ وەرگرت، بۆ ئاشكرا كردنی تاوان و ڕیسوابوون و گەندەڵییەكانی ڕژێمە سەركوتكارییەكان و بە شێوەیەك لە شێوەكان لەهۆیەكانی ڕاگەیاندنیان تێپەڕاند، گەرتا دوێنێ تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدرا، هیچ ئامڕازێك و شتێك لە ئارادا نەبوو بۆ ئاشكرا كردن و گەیاندنی جینۆسایدەكە بە دنیا، ئێستا تەكنەلۆژیا لە ئامڕازێكی بێگیان بێ هەستەوە بوو بە ڕەگەزێكی هۆشیاری و زانیاری گەیەنەری وا كە لە چوارچێوەی بەكارهێنانیدا كاریگەرێتی و تایبەتمەندی بۆ پەیدا بێت، مژدەی جۆرایەتی و هەمەچەشنێتی تەكنەلۆژیای بۆ قۆناغە زیندووەكانی ئایندەش هێنایە بەرهەم..
*هێزە شۆڕشگێڕەكان ئێستا داخوازی و پێداویستیی مافەكانی خۆیان لەتۆڵەی ئەو هەموو ساڵانەی پێشووی چەپاندنی مافی بەهاووڵاتی بوونی گەلانی ناوچەكە فەرز كردەوە، بە تایبەتی كاتێك لە مەسەلەكانی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری كردن و دژایەتی دوژمنە چاوەڕوانكراوەكاندا، چەندین سەدەیە ڕژێمە سەركوتكارەكان ئەو ئاسایش و بەرگریكارەیان لێ كردونەتە هەنجەت بۆ بێدەنگ كردنی گەلان و بەهۆیەوە مافەكانی خەڵكیی لەوتێنراون..
*لەم ساتەوەختە مێژووییەدا هیچ هێزێك لە توانایدا نەماوە خیتابەكانی بكاتە هۆیەك بۆ پێشێلكردنی ئازادییەكان و مافەكانی هاووڵاتیان، بۆیە لە قۆناغەكانی بونیادنانی دامودەزگاكانی دەوڵەتی مەدەنی تازەو هاوچەرخدا چیتر ئەو شێوازانەی خیتاب نابیستینەوە كە بەربەستی بەردەم مافە گشتی و مەدەنییەكان بێت، بەڵكو خیتاباتێكمان گوێ لێ دەبێت كە پێشەنگایەتی بە ئازادییەكان و مافە ڕەواكان بدات، تەنانەت خیتاباتی ئەو هێزانەشی كە فكری سیاسییان ناسراون بەوەی وابەستەییان بۆ ڕابردوو هەیە، ئەوەش نەك بۆ چاووڕاوكردن و داپۆشین بەڵكو لەبەرخاتری ئەوەی ئەندامانێكی میللی بەمیتۆد دروستیان هەیەو ناچارن لەچوارچێوەی گشتی ئەو بزاڤە نوێیانەدا خۆیان بدۆزنەوە تا لە تازەگەری و هاوچەرخایەتی بەجێنەمێنن ئەوانیشی بە پێشی باهۆزەكە دەخستن.
*بەهاری گەلان لە لایەكەوە جەخت كردنەوەیە لە پیادەكردنی شێوازە مەدەنی و دیموكراتیەكان و هەروەها پێوەندی توندوتۆڵی بە تازەگەری و میكانیزمەكانی پێشكەوتن و بونیادنانەوە هەیەو لەلایەكی تریشەوەو بە تەئكید پێوەندی راستەوخۆی بەخیتابی ڕێنیسانسەوەهەیە، بۆیە زۆر لەچەمكەكانی ئەو بەهارە بە واتاكانی ئازادییەكان و مافە مەدەنییەكان دەگەنەوە بە تایبەتی ئەو مافە ڕەوانەی كە پێوەندیدارن بەگرووپە ئیتنی و ئاینیەكانەوە كە ئێستا ئەوانیش واتە ئەو نەتەوەو گرووپانەش داوای مافی چارەی خۆنووسین دەكەن یا ئەوانەی كە خولیای سەربەخۆییان هەیە، ئەم مافانەش زۆر لەگەڵ ئەم شۆڕشانەی ئەم دواییە تەبایە، هەروەها دەرفەتێكی باش و گونجاویشە بۆ پتەوبوون و بەهێزبوونی ئیرادەی گەلانی ناوچەكە، هەروەها بۆ هاوپەیمانێتی كردنیان لە خاڵەكانی بەهێزییەوە نەك لە خاڵەكانی لاوازییەوە، گەلانی ناوچەكەش شێوازەكانی هاریكاری و پێوەندی توندوتۆڵیان بە دراوسێكانیانەوە لەسەرشێوازی پێكەوەژیانی ئاشتیانە خۆدەبینێتەوە، هەروەكو چۆن لەم نموونەیەدا حاڵی كورد دەهێنینەوە كە یەكێكە لەو حاڵانەی پێوەندی هەیە بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەیەوە لەگەڵ نەتەوەكانی دراوسێی و دەوروبەری، ئەوانیش وەك هەر نەتەوەیەكی تر لەناو وڵاتانی ناوچەكەدا پێویستیان بە دروست بوونی ئەم هاوكاری و پێوەندییە توندو تۆڵەیە..
بەگشتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دەرئەنجامانەدا ئەوەی لەبەر ڕۆشنایی دیمەنەكەدا بزر نابێت ئەگەری ئیختیراقی ناوخۆیی و دەرەكی وهاوپەیمانێتیەكانیەتی دژ بەو ئەركانەی كە جەماوەر دەیانەوێت بە ئەنجامی بگەیەنن كە ئەركەكان بە پێی لۆژیكی یاسایی و تەشریعی خۆیان لەدامەزراندن و بونیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخ و تازەدا دەبیننەوە، بەشێوازێك لە شێوازەكان جەماوەر دەیانەوێت پێوەندیی ئێستای خۆیان بە ڕابردووی سەركوتكاری بپچڕێنن و ئامڕازەكانی چەوسانەوەو میكانیزمی قۆرخكردن لە لایەن دامودەزگای گشتییەوە وەلاوەبنێن.
لە سەرەتادا ئیختراقێكی نێوخۆیی لە ڕێی هێزە كۆنەباوەكانی پێشووەوە دەكرێت بەتایبەتی ئەوانەی بە هەموو رێبازو رەنگ و شێوازەكانەوە لایەنگیریی كەهنوتەیی سیاسی دەكەن، ئایین بۆ مەرامی تایبەتی و چەسپاندنی خیتابی تایفەگەری و ڕەنگدانەوەی ئەو شێوازەی خیتاب لە فیكرو میكانیزمەكانیاندا قۆرخ دەكەن، بەتایبەتیش مەرامێكی تاریكبین و توندوتیژیان لەم قۆرخكارییەی ئاییندا هەیە، ئەگەر ڕاست بێت و ئەو هێزانە ناچار بووبن بۆ ئەوەی بەشێوازێكی ڕواڵەتی و دیكۆرئاسا بە ڕەوڕەوەی گۆڕانكارییە نوێیەكانەوە خۆیان هەڵبواسن، ئیتر لە ژێر هەرپەردەیەك و واتایەكی تایبەت بەخۆدەرخستن و داپۆشین و خۆشاردنەوەدا ئەم كارە بكەن، یان ئەگەر لە ڕاستێتی فكرو بوونی خۆیان بە گومان كەوتبن، یان ئەوانە بە ڕاستی دەیانەوێت واتاكانی دەوڵەتی یاساو لیستی هاوڵاتیبوون و پارتی نەهزەو دادپەروەری و پەرەپێدان و ئازادی و واتاو ناوەكانی تر هەزم بكەن، بەڵام حەقیقەتێك لە سروشتی ئەم هێزانەدا شاردراوەیە، ئەویش ئەوەیە كەهەردەم لە ئامادەباشیدان بۆ دەرفەت دروستكردنێكی فراوان یان لە هەل دەگەڕێن بۆ گەڕانەوەیان بەرەو دابینكردنی ڕووبەرێك، تا هێزو وزەی توندڕەویی و تاریك بینی خۆیانی تێداچەكەرە بكەنەوە، ئەمەش لەم كاتانەی هەڵایسانی شۆڕشی بەهاری ناوچەكەدا ڕێگای تێ دەچێت، بۆیە دەبێت ئاگاداربین و بۆ پشتگیریكردنی ڕەگەزە ئیجابییەكان بەباشی كار بكەین، چونكە ئەو كەسانەشی كە بەڕاستی و دروستی لە پرۆژەكانی مەدەنییەوە نزیكن، هەموویان لەگەڵ ئەم هێزانەدا كەوتوونەتە ڕێ و لە ناو یەك تەوەرو بازنەدا داخوازییان بۆ پرۆسەی مەدەنی بەرزكردۆتەوە.
لەلایەكی ترەوە ئیختراقێكی دەرەكی هەیە كە بەكۆمەڵێك گەمەو پارەو نفووزی سیاسی دەجووڵێنرێت، لەو گەمەیەدا بەكڕینی هێزو ئەندامانی نەفس نزمەوە خەریكن، هەروەها هەندێكی تریان كەسانی پەیوەستن بە بەرژەوەندی هاوبەشی گرووپی گومڕاوە، ئەم هێزانەش ئەندامەكانیان لەژێر فشاری سوپاو كاریگەرێتی كارو توانای موخابەراتی ئەفسوناویدایە، جگە لەو ئامادەباشییەیان لەسەر زەوی كە لە ناو بەوتەقەی نەزانی و نەفامی سیاسیدا دەژین و بە پاڵ هێزە بەرژەوەندخوازە ئینتیهازی و مشەخۆرەكانەوە وەستاون و ئامادەن بەشێوازێكی نەخۆش و بەكەمترین نرخەوە هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەرەوە ببەستن.
كاردانەوەی میللی و نیشتمانی لەبەرانبەر ئەم هێزانەدا لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە ڕێگاكانیان لێ بگرێت و نەهێڵرێت یەكبوونی نیشتمانی و هاوبارگەیی ئیجابییانەی یەكگرتنی میللی لەتوپەت بكەن، هەندێك هێزی سەر بەتەوژمی ئیسلامی سیاسی میانڕەو هەن، ئەوانەیان كە بەهۆی نیشتەجێ بوونیان لە تاراوگەدا ئەزموونێكی مەدەنییان بۆپێكەوەژیان لا دروست بووە، یان ئەوانەی لەژێر فشاری راپەڕینە میللیەكاندا بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی مەدەنی نوێ و هاوچەرخ دەگەڕێن و، ئامانجەكانیان ڕوونبین و شەفافە، ئەمجۆرە هێزانە ڕێی تێدەچێت بە ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەییەوە ئیحتیوا بكرێنەوە.
لێرەوە یەكبوونی نیشتمانی دەرفەتێكی جیددیە بۆ دابڕاندن و پچڕاندنی هەموو ئەو هێزانەی كە لەڕووی ناوەكی و دەرەكییەوە خەریكن ئیختراق دەكەن، لە لایەكی ترەوە یەكبوونی نیشتمانی جەخت كردنەوەیە لەسەر تەوژمە هاوچەرخە مەدەنیەكە بۆ دامەزراندنەوەی ماناكانی ئازادی و مافەكان و دابینكردن و وەڵامدانەوەی داخوازییە میللییە گشتی و تایبەتیەكان، كە پێك دێن لە خزمەتگوزاری و تەندروستی و خوێندنی هاوچەرخ و نوێ لە هەموو بوارەكانی تری ژیاندا.
Top