ئەرك و پێداویستیەكانی پەرەپێدان لە هەرێمی كوردستانی عێراق

ئەرك و پێداویستیەكانی پەرەپێدان لە هەرێمی كوردستانی عێراق
چەند رۆژێكی دیكە بیستەمین ساڵڕۆژ و یادی ڕزگاركردنی كوردستانی عێراق لە جەورو ستەمی فەرمانڕەوایەتی بەعسی دیكتاتۆر دەكرێتەوە، یادی رزگاربوونی گەلی كورد بەتایبەتی و گەلانی عیراق بەگشتییە لە دەست سیاسەتی هەمەجێتی ئەو رژێمەی بەهۆی جەنگە بەردەوامەكانی و هەڵمەتی ئەنفالەكانی و لێدانی هەڵەبجە بە چەكی كیمیاوی و سەركوتكردنی راپەڕینی شیعەكان ساڵی 1991 زەبری توندی لە هەمووان دەوەشاند..
ئەم رژێمە لە دوای كۆڕەوپێكردنی گەلی كوردستان و لەدوای لێدانی راپەڕینی 1991، بەهۆی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش و لە ژێر كاریگەری شكستەكانی رژێمەكە خۆیدا ناچار بوو بكشێتەوە بۆ دەرەوەی سنووری ئەم ناوچانەی ئێستا بە هەرێمی كوردستان دەناسرێت و دواتر بەرەی كوردستانی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی هەرێمەكەیان لەئەستۆ نرا ئەوانیش قۆناغەكەیان گواستەوە بۆ رێكخستنی هەڵبژاردنێكی ئازادانە و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێ بەرهەم هات..
بەو شێوەیە كوردستان لە ناوەندی ساڵی 1991 وە، هیچ دامودەزگایەكی ئاسایش و بەڕێوەبردن و كارگێڕی میری تێدا نەمابوو بۆیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئازایانە بەئەركی بەرپرسیارێتی بەرگریكردنیان لە گەلی كوردو دەسكەوتە تازەكەی هەستان و دواتریش ئەركەكەیان سپارد بە دەزگایەكی شەرعی كە خۆی لە دامەزراندنی پەرلەمانێكی كوردستانی لە ناو چوارچێوەی عێراق دەبینیەوە و داخوازییە رەواكە كە فیدرالییەت بوو سەری گرت..
لەدوای تێپەڕینی ئەم هەموو ساڵانەوە گەلی كورد كەوتۆتە بەردەم زەروڕەتی گۆڕینی ژێرخانی ئابووری كوردستان و بەجێگەیاندنی پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری و مرۆییەوە، چونكە باری ئابووری بە دەست هەمان سیما و خەسڵەتە نالەبارەكانی جارانیەوە دەناڵێنێت بەوەی ئابوورییەكی بەكاربەرانەو رەیعی بێ بەرهەمەو لە دامودەزگای پیشەسازی و كشتیاری هاوچەرخانەی بنەڕەتییەوە دوورە و زۆربەی پێداویستی خۆراكی و كەلوپەلی بژێوی ناوخۆیی لە دەرەوە هاوردە دەكەن و پارەی نەوت هەمووی بە هاوردەكردنەوە خەرج دەكرێت، ئەمەش پرۆسەیەكی لەبارە بۆ هەڵئاوسانی سەرمایەدارانە و هیچ ئامانجێكی ئاسایشی خۆراكی بۆ گەلی كوردستان وەدی ناهێنێت، نابێتە هۆكارێكیش بۆ كەمكردنەوەی بێكاری ئاشكراو روپۆشكراو، هەژارێتی ناو كۆمەڵگە بە تەواوی چارناكات وێڕای كەمبوونەوەی لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا، هەروەها توانای زاڵبوونی نابێت بەسەر نەهێشتنی گەندەڵی كارگێڕی و داراییدا..
ئەركەكانی پەرەپێدانی مرۆیی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان چین ؟
لەم بابەتەو لە زۆر بابەتی دیكەشدا بە پێی تێروانینی خۆم هەوڵم داوە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەمەوە تا بیدەم بە گوێی بەرپسانی هەرێمی كوردستان بە ئومێدی ئەوەی لە بەرژەوەندی
ئابووریی هەرێمەكەو خەڵكەكەیدا بێت، لێرەوە لە بری سیاسەتی پڕكردنی بازاڕ لە كەلوپەلی هاوردە دێمە سەر سیاسەتی پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی..
كەموكورتیەكانی كە لە رژێمەكانی پێشوو بۆ ئێستای ئابووری كوردستان بە میرات ماونەتەوە بریتین لەمانەی خوارەوە:
1 ــ ئەو شێواندنەی ئابووری بە دەستیەوە دەناڵێنێت بەهۆی ئەوەی ئابوورییەكی یەكلایەنەیە و بودجەكەی پشت بەستووە بە پارەی نەوتی خاوو لە دابینكردنی هاوردەكانیدا. بۆیە ئابوورییەكی كراوەیە بە دەرەوەدا و لەبەرانبەر دروستبوونی هەر قەیرانێكی سیاسی هەرێمایەتیدا شكست خواردنی تووش دێت..
2ــ لاوازییەكی لە رادەبەدەری كەرتەكانی ئابووری بە تایبەتی پیشەسازی تەحویلی و كشتوكاڵی هاوچەرخ بەهۆی وێرانبوونی پێشتری باری ئابووری هەرێمەوە لە دەیەكانی رابردوویدا..
3ــ ماندووكردنی بودجەی هەرێم و لاوازبوونی وزەی بەرهەمهێنان بەهۆی بێكاری مەكشوف و دەمامكدراوەوە كە هۆكارن بۆ خوڵقاندنی زۆر گرفتی كۆمەڵایەتی و دەروونی..
4ــ كەمی شارەزایی بەسەرچاوەكانی زانستی و ناسینی كانزاكانی ژێر زەوی بەهۆی كەمی هەڵكۆڵینی جیۆلۆژی..
5ــ لاوازی ئاستی بژێوی هاووڵاتی لەهەرێمدا بەهۆی چەندین هۆكاری دیكەوە..
6ــ لەژێر سایەی سیاسەتی حكومەتە ناوەندییەكانی كە حوكمی كوردستانیان دەكرد خوێندنی پیشەیی و هونەری كە لە بەرژەوەندی كەرتی بەرهەمهێناندان زۆر پاشكەوتوون..
لە ماوەی بیست ساڵی دواییدا تا ئاستێكی باش بارو گوزەرانی خەڵكی ڕووی لەباشی كردووە بەڵام ئێستاش دوورە لە ئاستی داخوازییەكانەوە، گەرچی لە ڕووی بیناسازی و رێگەوبان و گەڕان بە شوێن سامانی ژێرزەوی تا رادەیەكی باش هەولێر و تەنانەت سلێمانی و دهۆك چووەنەتە پێشەوە..
لە ئەنجامی بەدواداچوونەكانمدا ئێستاش پێویستی زۆر هەیە بەم خاڵانەی خوارەوە :
1 ــ تەبەناكردنی ستراتیژیەتێكی دوورمەودای پشتبەستوو بە بایەخدانی زیاتری پیشەسازی هاوچەرخ بە شێوەی تەكنیكارییەكی بەرزو پارێزەری ژینگەییەوە، وەك پیشەسازی ئەلكترۆنی و ئامێرە وردیلیەكان كە دەتوانن ببنە پاڵپشت بۆ پەرەپێدانی زانیاری و ئەزموون لە كوردستان و توانا هونەرییەكانی بازاڕی ناوەخۆ تێر دەكەن..
2 ــ پەرەپێدانی پیشەسازی كشتوكاڵی گونجاو بە بارودۆخی جوگرافیی هەرێمی كوردستان بە تایبەت قوتوبەندكردنی سەوزەو میوەو پیشەسازی جگەرە، ئەمە وێڕای بایەخدان بە پەرەپێدانی شوانكارەیی و سامانی ئاژەڵیی و پاراستنی ؛ بەرنامەدانان تا ئەم سامانە ببێتە پیشە لای خێزانانی گوندنشین لە كوردستان..
3 ـــ بەرفراوانكردنی وزەو بەرهەمی نەوت لە یەكەكانی پاڵاوتن كە لە شارەكانی كوردستان دامەزراون
4 ــ كاری خێرا لە پێناوی نەهێشتنی كەموكوڕی تۆڕەكانی كارەبا و هەوڵدان بۆ دروستكردنی پڕۆژەی گەورە لەم رووەوە..
5 ــ تەبەنا كردنی سیاسەتێك بۆ سوودوەرگرتن لە سامانی ئاو ئەوەیش بە دامەزرانی عەمباری بچووك و ناوەنجی لە قەبارەدا لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بۆ گلدانەوەی ئاوی زیادەی بەهاران تا لە هاوینان سوودیان لێ وەربگیرێت چ بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا یان بۆ پێداویستی هاووڵاتیان..
6 ــ لەبری فراوانكردنی چەندێتی لە خوێندنی زانكۆییدا بایەخ بدرێت بە جۆرێتی لە خوێندنی هەموو قۆناغەكانی خوێندن و بەستنەوەیان بە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نیشتمانییەوە..
7 ــ گرنگیدانی بەردەوام بە پەرەپێدانی ژێرخان لە هەموو بوارەكانی تەندروستی و پزیشكی و رێگەوبان و پێوەندییەكان و دۆزینەوەی كارمەندی لێهاتوو بۆ ئەو شوێنە خزمەتگوزارییانە..
سەبارەت بە كەرتی پیشەسازیش پێویستە ئەم خاڵانە رەچاو بكرێن :
ــــ بەردەوام بوون لە پرۆسەكانی پشكنین بە دوای نەوت و سامانی ژێر زەوی تا سوودی لێ وەربگیرێت بۆ هەناردەكردن و دواتر بە قازانجەكەی ژێرخانی ئابووری پێ دەوڵەمەند بكرێت و پاڵپشتیش بێت بۆ بودجەی گشتی وڵات..
ـــ بەرفراوانبوونی بەرهەمهێنانی وزە چ كارەبا یان ئاودێری یان وزەی خۆر لەسەر ئاستی عیراق..
ــ بۆ هەمان مەبەست دەكرێت پرۆژەی كارەبایی بچووك و گەورە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە بەرهەم بێن بۆ ئەوەش دەكرێت سوود لە عەمبارەكانی گلدانەوەی ئاو وەربگیرێن..
لە بواری پیشەسازی تەحویلیشدا بایەخ بدرێت بەم شتانە:
ــ پیشەسازی بەروبوومی غازو نەوت و پیشەسازی بترۆكیمیاویاتی گونجاو لە كوردستان. دەشكرێت زیاد لە كارگەیەكی تایبەت بەو بوارە دامەزرێت.
ــ پیشەسازی ئەلكترۆنیات و ئامێری تایبەت بە پێوەندییەكانی هاوچەرخ و نوێ..
ـــ پیشەسازی كشتوكاڵی، لەڕێی پیشەسازی قوتوبەندی رووەكی و ئاژەڵی و شیرەمەنی و میوەو سەوزەواتەوە هەروەها پیشەسازی توتن و رستن و چنین و مافوورو جلوبەرگ..تاد
ـــ پیشەسازی بیناسازی و كەرەسەكانی خانوو دروستكردن و شووشەوات..
دوشتوانرێت لە كاری بچووكەوە ئەم چیشەسازییانە پەرەپێبدرێت بۆ ئاستی پرۆژەی گەورەتر تا ئاستی هەرێمایەتی و جیهانی بە مەرجێك ژینگە پیس نەكات..بەم شێوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی سامانی نیشتمانی بەرزدەبێتەوە وسەرچاوەكانی بودجە هەمەچەشنەدەكرێن..
كەرتی كشتوكاڵی كە پشت دەبەستێت بەم بوارانەوە:
ــ دابینكردنی ئاوی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵ لە رێی دروستكردنی بەربەستی ئاوو و عەمباری بچووك و ناوەنجی و بە تەكنیك كردنی سامانی ئاو لە رێی گرنگیدان بە ئاوی سەرچاوەكان و رووبارو دروستكردنی پرد و تانكی بۆ گلدانەوەی ئاو..
ــ بایەخدان بە تازەكردەوەی كشتوكاڵ و پەرەپێدانی كەەسەی تەكنیكی هونەری گونجاو لەگەڵ كەشوهەواو جوگرافیای كوردستان.
ـــ بایەخدان بە كشتوكاڵی كێلگەیی و ڕەزو بێستان بۆ دابینكردنی دانەوێڵەو میوە وسەوزەواتی بازاڕی كوردستانی و عێراقی..
ــ پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵداری و پەلەوەرو ماسی بە شێوازی سروشتی..
ــبایەخدان بە دارستانەكان و چارەسەركردنی گرفتی داخزینی قوڕینەیی لە دامێنی شاخەكانەوە..
كەرتی گەشتوگوزاری : هەرێمی كوردستان بە ناوبانگە بە هەموو شێوازەكانی گەشتیاری هەر لە هاوینەهەوار و شارستانیی و ئایینی تا خۆشگوزەرانی بۆیە پێویستە بایەخ بەم بوارە بەم شێوازانە بدرێت :
ــ پەرەپێدانی بەشەكانی گەشتیاری و هۆتێل لە پەیمانگەو كۆلێژەكانی تایبەتمەند بەو بوارە لە پێناوی پێگەیاندنی كادێری كارگێڕی و هونەری و زانستی لە بوارەكانی رێكخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی گەشتیاری و هۆتێل كە نە تەنیا سەرچاوەیە بۆ پارەهێنان بەڵكە سەرچاوەشە بۆ مەعریفەو بەرزكردنەوەی ئاستی شارستانیەت لە یەك كاتتدا..
ـــ كەڵك وەرگرتن لە كارمەندانی گەشتوگوزاری بە ئەزموون لە ناو عیراقدا.
ـــ سوودوەرگرتن لە un( یۆنسكۆ )بۆ پەرەپێدانی شوێنەوارە دێرینەكان لە كوردستاندا كە جێ مەنزڵگەی هەموو ئایینەكان و رێبازگە دینیەكانە..
بەخشینی سولفەو قەرز بۆ ئەوانەی لە كەرتی تایبەتدا دەیانەوێت پرۆژەی گەشتیاری لە كوردستان چێبكەن.
ـــ هەڵمەتی راگەیاندن لە پێناوی باش مامەڵە كردن لەگەڵ گەشتیاراندا.
ـــ هەڵمەتی هاوشێوە بۆ گرنگیی پاراستنی ژینگە لە لایەن هاووڵاتیان و گەشتیارانەوە..
ئەم كاروانی پەرەپێدانە لە هەرێمدا كۆمەڵێك خاڵی ئەرێنی لە دوای خۆی دێنێت لەوانە :
ـــ پتەوكردنی ئاسایشی خۆراكیی و فەراهەم كردنی كەرەسەی پێویستی كشتوكاڵی و پیشەسازی..
ـــ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی بودجە
ـــ بۆ دەوڵەمەندبوونی بودجەو بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی و رێكخستنی رێژەی بەشە خۆراك و پارەی هاووڵاتی لە ساڵێكدا..
ـــ گۆڕینی بونیادی هاوردەكردن لە پێناوی گۆڕینی هاوردەكردنی كەلوپەلی بەرهەمهێنانی بیانی بە بەرهەمی ناوخۆ كە هاریكارە بۆ پەرەسەندنی ئابووری و بەروبووم لەبری داپۆشینی بازاڕ بە كەرەسەی بێگانە..
ـــ گۆڕینی بونیاتی چینەكان بۆ بەرژەوەندی چینەكانی كارگەرو رۆشنبیرو بەرهەمهێنەرو خۆڕگاركردن لە چینی پرۆلیتاری و تیرەگەری كە رێگرن لەبەردەم پێشخستنی بەرهەمهێناندا..
ـــ هاندانی گەنجان و كەسانی بەرهەمهێن بۆ پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی..
ـــ زەمینە سازكردن بۆ لەناوبردنی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی و بڵاوكردنەوەی كەلتوورو مومارەسەی دیموكراتی..
ــ پێویستە لەسەر هەرێم سوود لە جیهانگیری وەربگرێت لەو سیاسەتەی وڵاتانی زلهێز دووربكەوێتەوە كە دەیانەوێت عیراق تەنیا سەرچاوەی نەوتی خاو بێت و یەكەمین هاوردەهێنی كەلوپەلی ئەوان بێت تا بەبەردەوامی هەر بە وڵاتێكی تازەپێگەیشتوو بناسرێت، هەموو سامانە نەوتییەكەی لە هاوردەكردنی شتومەكی دەرەوە بەهەدەربدات نەك لە هەمەجۆرێتی بەرهەمهێنانی خۆماڵیدا.
Top