له سلێمانی چ جۆره لامه‌ركه‌زی كارگێری بۆ خه‌ڵك باس ده‌كرێت...؟
February 7, 2021
وتار و بیروڕا
پرسی لامه‌ركه‌زی كارگێری وه‌ك شێوازێك له شێوازه‌كانی ئیداره‌كردن و حوكمداری به ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو هه‌ژمارده‌كرێت له هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه كار به‌م پره‌نسیپه ده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌ك كه به پێویستێكی حه‌تمی داده‌نرێت بۆ گه‌شه‌پێدان و بونیاتنانی سیسته‌مێكی كارگێری سه‌ركه‌وتوو، كه له ڕێگایه‌وه ده‌سه‌ڵاته كارگێری و داراییه‌كان له پایته‌خته‌وه شۆرده‌كرێنه‌وه بۆ یه‌كه كارگێریه خۆجێیه‌كان له پێناو له قالب ده‌رهێنانی ده‌سه‌ڵاته چڕكراوه‌كان له پایته‌خت له پانتایه‌كی ته‌سكه‌وه بۆ پانتایێكی فراوانتر، به جۆرێك كه دادپه‌روه‌ری بێنێته دی له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌ره‌فه‌ت بدات به هاولاتیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ژداربن له پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا.
لامه‌ركه‌زی كارگێری له كوردستان مێژووێكی دوور و درێژی نیه، و تا ئێستا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و كارگێری جێكای قسه و باسه و له چه‌ندین لایه‌نه‌وه به شێوازی جیاواز خراوه‌ته ڕوو، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی چه‌سپاندنی لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێری داوه و به پێ ی یاسای ژماره ٣ ی ساڵی ٢٠٠٩ ی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان بنچینه یاساییه‌كانی ڕێكخستوون، له پێناو ڕێكخستن ی تایبه‌تمه‌ندیی و ده‌سه‌ڵاته كارگێڕییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له هه‌رێم، سه‌ڕه‌رای ئه‌م هه‌وڵه كرداره‌كیانه‌ی حكومه‌ت، له ئێستادا له پارێزگای سلێمانی هه‌وڵی ئه‌وه ده‌درێت پرسی لامه‌ركه‌زی به‌ره‌و ئاقارێكی تر ببرێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی له‌ناو پارتێكی سیاسی دا سوودی لێوه‌ربگیرێ، له پێناو خۆسه‌پاندن وه‌ك كارتێكی فشار به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌كاربهێنرێ.
ئه‌و لامه‌ركه‌زیه كارگێرییه‌ی كه ماوه‌یه‌كه كراوه‌ته ته‌وه‌ری گفتوگۆی كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنیه‌كان وسمینار و كۆنفرانسی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌و شێوازه‌ی باسی لێوه ده‌كرێ كۆمه‌ڵێ پرسیار دێنێته ئاراوه، ئایا له لایه‌نی زانستیه‌وه لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێری به‌مانای سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو دێت؟ به‌مانی وه‌رگرتنه‌وه‌ی گشت ده‌سه‌ڵاته كارگێری و داراییه‌كانه دوور له چاودێری حكومه‌ت؟ ئایا ئه‌م جۆره لامه‌ركه‌زیه‌ته كێشه‌ی پارێزگای سلێمانی چاره‌سه‌رده‌كات ؟ ده‌بێته خاڵی وه‌چه‌رخان و ره‌فاهیه‌ت ده‌گه‌رێنێته‌وه بۆ خه‌ڵكی پارێزگاكه...؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ته‌نها پێویستیان به شیكردنه‌وه‌ی دووخاڵی په‌یوه‌ست به‌م پرسه هه‌یه:
یه‌كه‌میان : ڕاسته له پیاده‌كردنی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی كارگێری حكومه‌تی مه‌ركه‌زی كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی كارگێری و دارایی شۆرده‌كاته‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌نه خۆجێیه‌كان، به مه‌به‌ستی باشترگه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و باشتر به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌نجوومه‌نه خۆجێییه‌كان، به‌ڵام موماره‌سه‌كردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له ژێر سه‌رپه‌رشتی و چاودێری حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا ده‌بێت، واته كاروچالاكییه‌كانی پارێزگكای سلێمانی به‌م سه‌ربه‌خۆییه موتڵه‌قیه نابێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ئێستادا بۆ خه‌ڵك باسی لێوه‌ده‌كرێت. ئه‌مه ڕای من نیه، به‌ڵكو ئه‌مه پره‌نسیپ و ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كیه له ڕه‌گه‌زه‌كانی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و كارپێكراوه له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌م سیسته‌مه‌یان وه‌رگرتووه.
دووه‌میان: ئه‌و جێگای سه‌ره‌نجه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، هه‌میشه باسكردنی كۆمه‌ڵێ ئه‌رقامه كه گوایه داهات و خه‌رجیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن، به‌ڵام ئه‌ی به نیسبه‌ت داتا و ئه‌رقامه‌كانی داهات و خه‌رجیه‌كانی سلێمانی چی؟ بۆ ئاشكرایی ناكه‌ن بۆ خه‌ڵك؟
له كاتێكدا به پێ ی ماده‌ی ٢٧ ی یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، داهاتی پارێزگا پێك دێت له دوو جۆره داهات:
١- ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم له‌ناو بودجه‌ی گشتی هه‌رێمدا بۆ پارێزگا ته‌رخانی ده‌كات.
٢- ئه‌و داهاتانه‌ی كه پارێزگا دێته ده‌ستی له ئه‌نجامی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه پێشكه‌شی ده‌كات و وه‌زاره‌ت دارایش ئاگادار ده‌كاته‌وه له‌و داهاتانه‌ی كه وه‌ده‌ستی هاتوون.
كه‌واته جگه له‌وه‌ی كه پارێزگاكان ده‌بێت سه‌رچاوه‌ی داهاتی تایبه‌تیان هه‌بێ له بودجه‌ی گشتی حكومه‌ت، له هه‌مان كاتدا ده‌بێت توانای هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی داهات بده‌ن به پێ ی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێم، دواتر خه‌رجكردنی ئه‌و داهاته‌یان بخه‌نه‌گه‌ر دابینكردنی ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی پێشكه‌شی هاوشارییانی ده‌كه‌ن، له سه‌رووی ئه‌مانه‌ش ده‌بێ چاودێریێكی دارایی توند له‌سه‌ر هه‌ردوو داهاته‌كه بێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زیه‌وه.
به‌ڵام دیسان كۆمه‌ڵێ پرسیاری جه‌وهه‌ری تر دروست ده‌بێ له‌م مه‌سه‌له، ئایا بڕی ئه‌و داهاته‌ی كه پارێزگای سلێمانی له حكومه‌ته‌وه ده‌ستیده‌كه‌وێت بۆ ئاشكرا نه‌كراوه و ناكرێت بۆ خه‌ڵك..؟ ئه‌ی بڕی ئه‌و داهاتانه‌ی ده‌سكه‌وتوون له پارێزگاكه؟ ئه‌م دوو جۆره داهاته چۆن خه‌رج ده‌كرێن و سه‌رچاوه‌ی به‌رێوه‌بردنیان چ لایه‌نێكه؟
كه‌وایه، زۆر ئاشكرایه كه كێشه‌ی پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم نیه، به‌ڵكو كێشه‌ی ئه‌م پارێزگایه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانیه، ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌و داهاتانه‌ی كه له حكومه‌ت ته‌رخانكراوه بۆ پارێزگاكه له‌گه‌ڵ به‌شێكیش له‌و داهاته‌ی كه پارێزگاكا خۆی به‌ده‌ستیده‌كه‌وێت بخرێنه خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و بۆ خزمه‌تگوزاری و خۆشگوزه‌رانی به‌كاربهێنرێن، دڵنیا بن ئه‌وكات سلێمانی له ره‌فاهیه‌تا ده‌ژی...!