کورد لەنێوان بژاردەی جێبەجێکردنی دەستوور،یان کشانەوە لەپڕۆسەی سیاسی عێراق دا.

کورد لەنێوان بژاردەی جێبەجێکردنی دەستوور،یان کشانەوە لەپڕۆسەی سیاسی عێراق دا.

دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق لەدوای ساڵی ۲۰۰۳،عێراق لەسەر دووبنەما بنیات نراوە کە پێک دێن لە تەوافوق و تەوازن،دەستووری عێراقیش وەک دادوەر لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق بەتایبەتی کورد و عەرەب بەشیعەو سوننە سەنگی محک بوو.

سەرەتا کە شوێن پێیان نەبوو شیعە و سوننە پابەندی تەواوی خۆیان بەبڕگەومادەکانی دەستوور نیشاندەدا و ئەولەویەتی کارکردنیان جێبەجێکردنی دەستوور و چەسپاندنی بنەماکانی تەوافوق و تەوازن بوو لەگەڵ کوردا،بەڵام کاتێک شوێن پێی خۆیان قایم کردو و پێویستیان بەکورد نەما،ئەوەی کاریان پێی نەکرد پێکەوە کارکردن و دەستوربوو،بەزۆرینە و کەمینە مامەڵەیان لەگەڵ کورد دەکرد و کەوتنەوە سەنگەر گرتن و بەرەی دژە کوردیان پێکهێنا لەپەڕلەمان.

بێ ڕەچاو کردنی ئێش و ئازارەکانی کورد شیعەو سوننە پێکەوە دەستیان دایەوە دژایەتیکردنی گەلی کورد و هاوبەشی کوردیان هیچ کات قبوڵ نەبووە،چ لەڕابردوو،یان لەئێستادا،چونکە ئەوان شەڕی ئیرادە لەگەڵ کورد دەکەن و هەرچەندە لەنێو خۆیان ناتەبابن،بەڵام بۆ دژایەتیکردنی کورد و مافەکانی لەیەک سەنگەردان و بەهەمان بیری شۆڤێنیانەی جاران بەرامبەر کورد ڕەفتار دەکەن.

ئەم ڕەفتارانەیان وایکرد کە کورد بێ ئومێد بێ لە عێراقی نوێ و ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و داوای جیابوونەوە بکات لەو عێراقەی کە بە دەست ڕژێمە یەک لەدوایەکەکانی ڕووبارێک خوێنی ڕژاوە و زوڵمی لێکراوە و چەوسێنراوەتەوە.
بۆیە ئەوەی پێویستە لەسەر کورد لە ئێستادا کە ئیتر لە دەسەڵاتدارانی بەغدا تێگەیشتبێ و چیتر بڕوا بە بەڵێنە درۆینەکانیان نەکات و سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات بەرامبەر بەغدا، کە یان گەڕانەوە بۆ دەستوور وئەوبنەمایانەی کەعێراقیان لە سەردامەزراوە جێبەجێدەکرێن ئەگەر بڕیارە کورد هاوبەشە لەعێراق،یانیش کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و کارکردن بە ئەنجامی ڕیفراندۆم وەک بەدیلی ئەوە کە باشترین چارەسەرە بۆ هەردوولا.
Top