كردەوەكانی پەكەكە و خزمەتكاری داگیركەران ودوژمنانی كوردو كوردستان..

كردەوەكانی پەكەكە و خزمەتكاری داگیركەران ودوژمنانی كوردو كوردستان..

پەكەكە و میلیشیاكانیان دوای گۆرٍینی رٍیرٍەو و دروشمە بریقەدارەكانیان ئێستا لە لایەن ئێران و چەند بەرپرسێكی پەكەكە كە كۆشك و ڤێلاكانی دەكەوێتە شاری ئوورمییە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە دەبرێت بە دروشم و كردار هیچ مۆركێكی كوردایەتی لە هەگبەدا نیە دەشبینین كە چۆن بە سیاسەتی هەڵەیان خەباتی سیاسی و مەدەنی چەندین ساڵەی كورد لە باكور ی كوردستان لەبار دەبەن. پەكەكە بە ئەنجامدانی كردەوە سەربازییەكانیان و ئەنجامدانی چەندین تەقینەوە و هەڵگیرساندنی سیاسەتێكیان پەیرەو كرد كە چەندین ساڵە دەسەلاتدارانی توركیا نەیانتوانیوە پەیڕەو بكەن كە خەڵكی ئەو گوندانە بگوێزنەوە بۆ شارەكان بەلام پەكەكە بەم سیاسەتە هەلەیەی ئەوەی كرد.
لە ماوەی سێ‌ دەیەی رابردوو، پەكەكە بە هەڵگیرساندنی شەڕ لە ناوچە سنورییەكانی باشور و باكور و بە سەپاندنی باج و سەرانە لە كاسبكاران بووەتە بەڵا بۆ خەڵكی ناوچەكە و بەردەوامیش هەوڵیداوە كە زیان بە ئابووری هەرێمی كوردستان بگەیەنێت و ئەوەش باشترین بەڵگەن و دژایەتیەكی ڕاستەوخۆی بزاڤی گەلی كورد دەكات، پەكەكە بەو هەڵسوكەوتە ناكوردانە و نابەرپرسانەیەی سەڵماندی كە ڕێكخراوێكی ئایدۆلۆژی چەكداری خۆسەپێنە لە هەر شوێنێك بێت جگە لە خۆیان ڕێگا بە هیچ دەنگێكی تر نادەن كە دەنگی هەبێ و بە بیرێكی وشك و تەسك مێشكی گەنج و مێرمنداڵان و كچان لە قاڵب دەدات و سیستمێكی شمولی دیكتاتۆری زۆرەملێی بە تاپۆی ئاپۆگەری دادەمەزرێنێت،
پەكەكە، لە ماوەی رابردوو، دا بەناوی سەربەخۆیخوازی و نەتەوەیی دەستیان كرد بە ڕفاندنی كچان و مێرمنداڵانی كورد و بە زۆرەملێ هەڵگرتنی چەك، بەمەش ئەو خەڵكانەی هاوبیریان نەبوون لە ترسی ئەم كردەوانە و بە ناچاری ماڵ و حاڵ و گوزەرانی خۆیان بە جێ هێشت و زێدی خۆیان چۆڵ دەكەن و بەرەو هەرێمی كوردستان و توركیا و ئەوروپا هەڵدێن.
هەروەها بە نسبەت رۆژئاوای كوردستانیش پەكەكە بەو كردەوانە و پەیڕەوی كردنی ئەو سیاسەتە هەڵە بەردەوامانەی هەموو هەوڵەكانی بۆ چارەسەری كێشەكان و پڕۆسەی ئاشتی پەك خست و تەنانەت خیانەتی لە ڕێككەوتنەكانی هەولێر(یەك و دوو) و دهۆك كرد كە ئامانج لێیان بەرەوپێش بردنی دۆزی كورد و خەباتی سیاسی و یەكخستنەوەی هەموو لایەنە كوردیەكانی ڕۆژئاوا بوو.
لەلایەكی تریشەوە پەكەكە بەوەش نەوەستان و دەستیان كرد بە دەست وەردان لە كاروباری كوردانی ئێزیدی و شنگال و بۆ ئەو مەبەستەش چوونە ژێرباری عێراق و دروست كردنی حشدی شەعبی و وەرگرتنی هاوكاری ماددی و چەك و تەقەمەنی هەروەها ڕفاندنی كچانی ئێزیدی، كە ئێستا بوونەتە كێشەیەكی گەورە و مەترسیدار بۆ داهاتووی ناوچەكە و خەڵكەكەی، هەروەها دەیانەوێت بە هاوكاری چەند لایەنێكی هەرێمی كوردستان هەژموونی سەربازی و سیاسی خۆیان لە چەند ناوچەیەكی سنوری باشور و ڕۆژهەڵات بسەپێنن تەنانەت لەو ناوچانەش باج و گومرگ لە خەڵكی وەردەگرن، ئەمە جگە لەوەی بە هۆی هەبوونی بارەگای چەكدارانی پەكەكە لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستات لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك تاكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە زیاتر لە 515 گوند ئاوەدان بكاتەوە كە177 گوند لە سنوری پارێزگای هەولێر و 34 گوند لە سلێمانی و 304گوند لە دەڤەری دهۆك و بادینانن، سەرەڕای ئەوەی كە بوونەتە كێشە بۆ خەڵكی ئەو گوندانە و بە هۆی بوونیانەوە خەڵكی بەردەوام ترسی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیایان لەسەرە، لە كاتێكدا ئەمانە مشتێكن لە خەرمانێك سیاسەتی هەڵە و لەبار بردنی پرسی كورد و زۆربەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستانیش ئەو ڕاستیە دەزانن بەڵام سەیرە كە هەندێك لایەن بە سەركردە و لایەنگر و میدیاكانیشیانەوە دهۆڵ بۆ پەكەكە لێ دەدەن! و دوو هێندەی پەكەكە موزایدە و چەواشەكارییان بۆ دەكەن كە سەرچاوەی ئەمەش ڕوون و ئاشكرایە كە فشاری ئەو دهۆڵ لێدانە لە كوێوەیە.
ئەرێ لایەنگرانی ئەو لایەنانە تا ئێستا ئەو پرسیارەیان لا دروست نەبووە كە حیزبەكانیان ئەو هەموو خەبات و شەهیدەیان لە پێناو كوردستان و مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی دا ،كەچی ئێستا چەپڵە بۆ سەرانی پەكەكە لێ دەدەن كە هیچ بڕوایەكیان بە سەربەخۆیی و تەنانەت ئەم ئەزموونەی ئێستای كوردستانیش نیە؟
وەڵامەكەی روون وئاشكرایە، لادان لە رێرٍەویی كوردایەتی و بەئارٍاستەی خزمەتكردنی بەرژوەندی و نەخشەی داگیركەران و دوژمنانی كوردایەتیی..
Top