لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول دا

لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول دا
((*))
ڕاستە شۆڕشی ئەیلول درێژەپێدەری خەباتێکی دووروو درێژی نەتەوەی کورد بوو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بەڵام یەکەم شۆڕشیش بوو کە سەرتاسەری پارچەیەکی کوردستانی گرتبێتەوە و بوبێتە جێگەی هیوای هەموو کوردان. یەکەم شۆڕش بوو شانبەشانی چالاکی چەکداریی، چالاکی سیاسی و دیپلۆماسی و کەڵتووری پەرەپێبدات. سەرکردە و فەرماندەی شۆڕش، بارزانی نەمر، هەمیشە بارەگاکەی جمەی دەهات و سەرەڕای مەترسییەکان ناوچەکانی شۆڕشی لە زاخۆوە بۆ پێنجوێن بەسەر ئەکردەوە. یەکەمجار بوو کوردانی هەرچوار پارچە لە شەوەزەنگی بێئومیدی و ژێردەستەییدا مەشخەڵێکی هیوا و بەرخۆدان ببینن و هیوایەکی گەورەی لەسەر هەڵچنن.
لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا، تەنانەت ئەم پارچەیەی نیشتیمان چەند پارچەیەک بوو، بە تایبەتی سۆران و بادینانیان لێکدابڕیبوو. شۆڕشی ئەیلول هەستی یەکبوون و یەکچارەنووسی بەهێزتر کرد. بادینان و سۆرانی کردە یەک، کوردانی سونەو و ئێزدی و فەیلی و کاکەیی لە ژێر چەتری شۆڕش دا کۆکردەوە و سێکیولەریزمی پەیڕەو کرد و کریستیانەکان بەشداری کارای شۆڕش بوون.
بێگومان لە کاروانی درێژ و پڕ مەینەتی و دەورەدراو بە دوژمن، شۆڕش هەڵەی کردوە و کەموکوڕی هەبوە، بەڵام ئەو پاکی و بێگەردیە و ئەو دیسپلینە سەربازی و سیاسی و کۆمەلایەتییەی شۆڕش پەیڕەوی دەکرد کەموێنە بوو. هەرچەندە کەم یان زۆر بواری خۆدەوڵەمەندکردن و داگیرکردنی موڵک و ماڵ هەبوو، بە تایبەتی لە ماوەی چوار ساڵی نە شەڕ و نە ئاشتی ئازاردا، بەڵام کێ بوون ئەوانەی دەولەمەندبوون؟
لە کاتی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٤ دا یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی شۆڕش دەیەوێت ماڵەکەی بەرێتە تەنیا خەستەخانەکەی حاجی هۆمەران، کە بارزانی نەمر پێدەزانێت ڕێگەی پێنادات و دەڵی ئەوە بینای خەستەخانەیە وماڵی خەڵکە. لە ساڵانی ماوەی ڕێکەوتنی ئازاردا لە بیرم دێت راوکردن بە فەرمانی بارزانی قەدەغەکرابوو. نە بەرپرس دەیتوانی راو بکا و نە هاوڵاتی. ئێستا بە بوونی هێزێکی زەبەلاحی پاراستنی ژینگەشەوە، لە هەندێک ناوچەی کوردستان گوێت لە دەنگی باڵندەیەک نابێت.
دەسکەوت و کاریگەرییەکانی شۆڕشی ئەیلول دیارن و هەڵە و کەمکوڕییەکانیشی قسەیان زۆر لەسەر کراوە، بەلام ئەی ئەگەر شۆڕش بەرپانەکرایا، ئایندەی ئەم بەشەی کوردستان بەرەو کوێ دەڕۆیشت؟
دوای نسکۆی شۆڕش زۆر قسە لەسەر شۆڕش, بە تایبەتی پشتبەستنی بە ئێران و ئەمەریکا کرا، باسی ئەوە دەکرا کە نەدەبوایە لە ساڵی ١٩٧٤ دا سەرکردایەتی شۆڕش شەڕی بکردایەتەوە و دەبوایە لەگەڵ بەعس ڕێبکەوتایە. بێگومان ھەموو پیداچوونەوە وھەڵسەنگاندنێک بۆ شۆرشێکی وا و کارەساتی نسکۆ بەشێوەیەکی بابەتیانە بەجێیە، بەڵام ھەموو ئەمانە بۆ ئەوەن وانە و پەند لە مێژوو وەرگرین. کاتێک سەیری رووداوو بەسەرھات و شۆرشەکانی دوای شۆڕشی ئەیلول دەکەین، ئەگەینە ئەو بڕوایەی کە لە لایەکەوە بەشی زۆری ئەوەی لەسەر شۆڕشی ئەیلول وتراوە، بە تایبەتی ئەوانەی لەگەرمەی کارەساتەکەدا نووسران و ئەوانەی بەنەفەسی تۆڵە و سڕینەوە لە ژێر پەردەی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن و نووسینەوەی مێژوودا دەرخواردی ئەقڵی خەڵک دران ئامانج و مەرامیان شتێکی تر بوو.
هێشتا خۆری شۆڕشی (کۆن) ئاوا نەبووبوو، زەنگی شۆڕشی (نوێ) لە پایتەختی ووڵاتێکی تری داگیرکار لێدرا. ڕژێمی (نوێ)ی ئێران لە بری ڕژێمی (کۆن) بوە فریادڕەسی کورد. هەر ئەوانەی دەیانووت دەبوایە لە ١٩٧٥ لەگەل بەعس ڕێبکەوتینایە، دە ساڵ دواتر هەموو هەوڵێکیان دا لەگەڵ بەعس ڕێبکەون، بەڵام بەعس ئاوڕی لێنەدانەوە. بەعس لایەنێک نەبوو متمانەی پێبکرێت و دەربارەی هۆکاری ئەوەی بۆچی شۆڕش لەگەڵ بەعس ڕێنەکەوت، کریس کۆچێرا ئەڵێت: (ئەگەر بەعس، زەمانەتی تەواوی بە بارزانی دابوایە، بارزانی دەیتوانی لە دواساتدا هەموو پردەکانی پشتەوەی دەگەڵ ئێران و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دا بەهەمان بێموبالاتی و خوێنساردی بڕوخێنی کە ئەم دوە پاشان پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەودا بڕی).
نەتەوەی ئێمە شۆڕش و ڕاپەڕینی زۆری کردوە، بەڵام کەمتر لایەنە باشەکانیانمان پەیڕەو کردوە و زۆر کەمتریش خۆمان لە چەند بارەکردنەوەی لایەنە خراپ و دزێوەکانی پاراستوە. دوای نزیکەی ١٣ سال لە نسکۆی شۆڕشی ئەیلول جارێکی تر نسکۆیەکی تر لەسەر دەستی هەمان بەعس دا بەرۆکی کوردستان دەگرێتەوە. جارێکی تر سەرانی شۆڕشی (نوێ) پەنا دەبەنەوە بەرهەمان ئەو پایتەختەی شۆڕشی (کۆن)ی لەناوبرد.
سیاسەت و کەڵتوور و فەلسەفە و مێژوو تێهەڵکێشن. تێگەیشتن و پیادەکردنی سیاسەت بە بێ تێگەیشتنی بنەما سەرەتاییەکانی فەلسەفە و خوێندنەوەی مێژوو کامڵ نابێت. کەڵتووری سیاسی تەندروست لە ئەنجامی کارلەیەککردنی بەلایەنی کەمەوە ئەو سێ توخمە سەرەکییە دروست دەبیت. گەر ئامانجی سیاسیەت خزمەتکردنی ژیان بێت، ئەوا تێگەیشتنمان لە ژیان لەسەر بنەمای فەلسەفەیەکی دیاریکراو دەبیت. بۆئەوەی ژیان، ژیانی تاک و کۆمەڵگا باشتر بکەین دەبێت لەهەڵەکانمانەوە فێربین، بۆ ئەوەی هەڵەکانمان دووبارە نەکەینەوە وەک تاک وەک کۆمەڵ دەبێت ئاوڕێک لەو ڕابوردوەی هەڵەکانمان تێدا ئەنجامداون بدەینەوە. شۆڕشی ئەیلول و هەموو شۆڕشەکانی تریش گەنجینەی پڕ کتێبی بەنرخن، بەشێکی زۆریان بە خوێنێکی زۆر نوسراونەتەوە. ئەم کتێبانە پێویستیان بە خوێندنەوەی وورد هەیە.
ئێمە لە ساڵی ١٩٧٥ شۆڕشێکمان لەدەست دا لەسەر کەرکوک چونکە دیسانەوە وەک کریس کۆچێرا ئەڵێت: (جەنەراڵ بارزانی چاوی بڕیبوە کەرکوک و بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبوودەست بەرداری بێ)، بەلام دوای ٤٢ ساڵ کە کەرکوک بەخوێن ئازاد دەکرێت، بە بێ خوێن تەسلیم دەکرێت. ئێمە توانیمان دوای شۆڕشی ئەیلول نەک شۆڕشیک بەڵکو دوو شۆڕش بەرپا بکەینەوە، بەڵام ئایا ئەتوانینەوە نیوەی کەرکوک ئازاد بکەینەوە؟
سڵاو بۆ گیانی هەموو ئەو پێشمەرگانەی گیانی خۆیان کردە سووتەمەنی مەشخەڵی شۆڕش.
سڵاو بۆ گیانی هموو ئەوانەی لەو کاروانەدا شەهید بوون.
ڕێز و نەوازش بۆ گیانی مستەفا بارزانی سەرکردە و فەرماندەی گشتی شۆڕش.
سڵاو بۆ پێشمەرگە کە هەرگیز سەنگەری خەباتی چوڵنەکرد



((*))
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ( تایبەت بۆ گوڵان ) نووسیوێتی
Top