كەسايەتی و كاریزمایی نێچیرڤان بارزانی و پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان ..

كەسايەتی و كاریزمایی نێچیرڤان بارزانی و پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان ..

هەرێمی كوردستان وەك جوگرافیای سیاسی كەوتنە ناوچەیەكی هەستیار و پركێشە و لە رووی ئابووریی و سەرچاوە كانزاییەكانەوە خاوەن سەروەرت و سامانێكی زۆرە ، هەر ئەو هۆكارانەیە كە خاك و گەلی كورد دوور لە ویستی خۆی بە سەر چەند وڵاتێك دابەشكراوە ، شۆرش و راپەرینەكانی گەلی كورد بۆ گەرانەوەی شوناس و شكۆ و پێگەی كوردستان بووە تا بە ئەمرٍۆ .
بەتایبەت دوای ئەوەی گەلی كورد بووە خاوەن حكومەت و قەوارەیەكی دەستووری لە ماوەی سێ‌ دەیەی رابردوو، سەركردایەتی سیاسی كوردستان و بەتایبەت پارتی و بارزانی رۆلێكی گرنگی لە پێشخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بیینی .
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو ئێستا بریتی بووە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دوورکەوتنەوە لە هاوکێشە و گرفتەکان لە ناوچەکە و بونیادنانی پەیوەندی ستراتیژی لە سەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی. جێی بایەخە کە ئاماژە بەو بابەتە بدەین کە لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان رۆڵی سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەداری میانڕەو و, واقعیی و کاریگەر لە پاراستنی هاوسەنگی هێز بە روونی بەدیارکەوت.پەیوەندی دیپلۆماسی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵات و ئەکتەرە بیانییەکان لە سەدەی رابردوودا و تاوەکو ئێستاش گرنگی خۆی هەبووە و رۆڵی چارەنووسسازیان بینیووە لەسەر پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان. لە یادی دوو ساڵەی سەردانی گرنگی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی فەرەنسا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کە وەک دەستپێک وابوو بۆ کۆتاییهێنانی گەمارۆی دیپلۆماسی لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان، لەم گوتارەدا باس لە رۆڵی پڕبایەخی کاریزماتیک و هەروەها سیاسی و دیپلۆماسییەتی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لەڕێگەی دانبەخۆداگرتنی ستراتیژیانە و سیاسەتی بەشداریکردن توانی رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت لە دروستکردن، ئاراستەکردن و جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان. بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە باڵاترین پێگەی سیاسی و فەرمی هەرێمی کوردستانە، تاوەکو ئێستا توانیویەتی یەکدەنگی، بەردەوامی و روونی لە روئیای سەرکردایەتیکردن لەکاتی قەیرانەکان دروستبکات و ئەم کولتوورە کە لەخۆی و لە سیاسەتی گشتی حکومەت دەبینێتەوە بگوازێتەوە بۆ ئۆرگانەکانی حکومەت و لەو رێگەیەوە توانیویەتی ئەزموونی مامەڵەکردن بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان بەکاربهێنێت لەڕێگەی پاراستنی هاوسەنگی هێز و بوون بە فاکتەری ئەرێنی لە هاوکێشە ناوچەییەکان. دەکرێت ناوی ئەم سیاسەتە بە دۆکتۆرینی سیاسەتی ئارام و ستراتیجی بەشداریکردن بهێنین، کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش بایەخی خۆی هەیە بەو پێیەی کە متمانە و هێز دروستدەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتان و لەو رێیەشەوە دروستکردنی سیناریۆی بەرژەوەندی دوولایەنە یاخود چەند لایەنە پەرەدەستێنێت.
بۆیە، ئەوەی ئەمرۆ گەلی كورد و هەرێمی كوردستانی كردۆتە ئەمرٍی واقیع و خاوەن ژەمارەیەكی تایبەت لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهان بە تایبەت لە كاتە هەستیارەكاندا بوونی كەسایەتی كارێزمایی و سیاسەتی نەگۆریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەک ئەکتەرێکی کاریزماتیک و باوەڕپێکراو و لەڕێگەیەوە هەڵکشانی پێگەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەکردن و تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
Top