خوێندنەوەیەک بۆ سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن

خوێندنەوەیەک بۆ سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن
(*)
شاندی باڵای عێراق بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی سەردانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی کرد و جگە لە بینینی سەرۆک ترەمپ س گەورە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتوەکان، کۆبوونەوەی دوەمی دایەلۆگی ستراتیجی نێوان ئەمەریکا و عێراقیش بەشێکی گرنگی ئەجێندای سەردانەکەیان بوو. دوا سەردان بۆ واشنتۆن لە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن حەیدەر عەبادی ئەنجامدرا. پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدا لەسەردەمی عادل عەبدولمەھدی دا خراپ بوون. سەرۆک ترەمپ لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ ھاتە عێراق بەڵام سەرۆک وەزیرانی نەبینی و بە ھەمانشێوە کاتێک جێگری سەرۆک، مایک پێنس لە مانگی تشرینی دوەمی ٢٠١٩ سەردانی عێراقی کرد ھاتە ھەولێر، بەڵام ئەویش سەرۆک وەزیرانی عێراقی نەبینی. بۆیە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکان گرنگی و بایەخی تایبەتی ھەیە. سەردانەکە جگە لە گرنگییە سیاسی و دیپلۆماسییەکەی و دەسکەوتە ئابوورییەکەی، دەرفەتێکیش بوو بۆ بەردەوامیدان بە دایەلۆگی ستراتیجی لە نێوان شاندی ھەردوو وڵات دا.

ئامانج لە دایەلۆگی ستراتیجی نێوان ھەردوو وڵات بریتییە لە ئیمزاکردنی ڕێکەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لە شێوەی (ڕێکەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیجی) کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ دا لە نێوان ئەمەریکا و عێراق ئیمزاکرا، بەلەبەرچاوگرتنی پێشھات و گۆڕانکارییەکان کە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابوردوودا ھاتوونەتە ئاراوە. لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار و لە ئەنجامی ھەندێک پەرەسەندنی نێوخۆیی و دەرەکییە چاوەڕواننەکراوەکان، ناوەرۆکی ئەو ڕێکەوتنامەیە جێبەجێنەکرا. چاودێران لایان وایە دۆخێکی گونجاوتر ھاتۆتە ئاراوە تا لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی گفتوگۆ و دایەلۆگی ستراتیجی لە نێوان ھەردوو وڵات دا ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی ڕێکەوتنێکی نوێ مۆر بکرێت و ھەوڵی جێبەجێکردنی بدرێت.

ڕێکەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیجی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ لەسەردەمی نوری مالیکی دا ئەنجامدراو ھاوکات بوو لەگەڵ ڕێکەوتنامەی (سۆفا) بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١. ئەوەی بەڵای سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەوە گرنگ بوو کشانەوەی ھێزەکان بوو، نەک دانانی بناخەیەکی پتەو بۆ پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە. لەمەش دا کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی گەورەی ھەبوو بە ئاراستەی گوشار خستنە سەر حکومەتی عێراق بۆ کۆتییھێنان بو بوونی سەربازی ئێران و بەھەندوەرنەگرتنی ڕێکەوتنامەکە. عێراق چاوەڕێی کشانەوەی ھێزەکان بوو بەرلەوەی ھەنگاوی جدی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەکە بنێت، کاتێکیش ھێزەکان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ دا کشانەوە، پەیوەندییەکانی نێوان مالیکی و ئەمەریکا گەشتبوونە خراپترین ئاست و نوری مالیکی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دا لا گرنگتر بوو. کەواتە یەکێک لە ھۆکارەکان سروشتی ڕژێمی ئەو کاتەی عێراق بوو. نە سەرۆک وەزیران زۆر لەخەمی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە بوو، نە ئەمەریکاش زۆر جدی بوو لەبەر سیاسەتی تایەفەگەری و شۆڤێنی مالیکی و خراپی لە گەڵ سوونە و ھەرێمی کوردستان و نزیکی زۆری لە ئێرانەوە. ھۆکارێکی تری پشتگوێخستنتی ڕیکەوتنامەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرپابوونی جەنگ دژی داعش کە ئەولەویەتی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی لەسەر بنەمای تێکشکاندنی داعش داڕشتەوە. کەواتە سیاسەتی تایەفی و دژە کورد و سوونەی مالیکی و کاریگەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و جەنگی دژی داعش سێ ھۆکاری سەرەکی پەکخستنی ڕێکەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیجی بوون، سەرەرای ئەمە جگە لەوەی لە شەش ساڵی یەکەمی دوای مۆرکردنی، عێراق لە دۆخێکی ئابووری بەھێزدا بوو بەھۆی بەرزیی نرخی نەوت و کەمتر پێویستی بە ئەمەریکا و بازاڕی دارایی جیھان ھەبوو.

دوای لەناوبردنی خەلافەتەکەی داعش (ھەرچەندە ھێشتا ھەڕەشەی خودی داعش ھەر ماوە) و ھاتنە سەر حوکمی بەڕێز کازمی و میانڕەویی سیاسەتەکانی و پێگەی بەھێزی لە ئەمەریکا و لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، دەرفەتی باشتر بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان ڕەخساوە و ھەردوو لا گەشبینن بەوەی ئەنجامی گفتوگۆکان ئەرێنی دەبن و ڕێکەوتنێکی نوێ لە نێوان دوو وڵات دا مۆر دەکرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی عێراق ھێشتا لە ڕووی پاراستنی ئاسایشی خۆیەوە پێویستی بە ئەمەریکایە و دۆخی ئابووریشی لە ئاستێک دا نییە کەس بەخیلی پێببات. ئەوەی کە ڕەنگە مایەی نیگەرانی زۆری ئەمەریکا بێت پەیوەندی نێوان عێراق و ئێرانە و بە دیاریکراویش دەسەڵات و پێگەی ئێرانە لە جومگە گرنگەکانی حوکمڕانی لە عێراق دا و بوونی ژمارەیەکی زۆری ھێزی میلیشیا لەدەرەوەی دەسەڵات و دەزگا شەرعییەکانی دەوڵەت. ئەمە جگە لە خواستی ئەمەریکا بۆ مانەوەی ھێزەکانی لە عێراق و دژایەتی ئاشکرای ئەم خواستە لە لایەن بەشێکی زۆری شیعەکانەوە. مەسەلەی کاریگەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر عێراق و دانانی ڕادەیەک بۆ ئەو کاریگەرییانە لای ئەم ئیدارەیە گرنگی زۆری پێئدەرێ و کاتێک سەرۆک ترەمپ بوە سەروەری کۆشکی سپی، عێراق کەوتە بەر تەوژمی سیاسەتی (زۆرترین گوشار)ی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و سیاسەت و ڕەفتارەکانی ئەمەریکا بەرامبەر عێراق تا ئەندازەیەک لەبەر ڕۆشنایی زیان و قازانجی بۆ ئێران لێکدەدرێتەوە. تەنانەت ئەگەر لە ھەڵبژاردنی سەرۆک لە مانگی تشرینی دوەم دا، جۆ بایدنی دیموکرات ببێتە سەرۆک، ( کە بەشێکی زۆری چاودێران وای بۆدەچن)، کەمکردنەوەی کاریگەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر عێراق بەشێک دەبێت لە سیاسەتی کۆشکی سپی. ئەمجارەش ئەم پەیامە بە ڕوونی بەسەرۆک وەزیران و شاندی باڵای عێراق گەیەنراوە. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی نێوان سەرۆک و سەرۆک وەزیران لە کۆشکی سپی چەندین پرسییار دەربارەی ڕۆڵی میلیشیاکان و سنووردارکردنی ئەو ڕۆڵە ئاراستەی ھەردوکیان کرا.

ھەڵبەتە داڕشتنەوەی ڕێکەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیجی و ڕێکەوتن لەسەر پەیوەندی و ھاوکاری درێژخایەن و ستراتیجی، بۆ ھەردوو لا گرنگە نەک تەنیا لەبەرئەوەی پەیوەندی بە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتەوە ھەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی خودی دوو سەرکردەکەش ھەیە، چونکە ھەردوکیان بەرەو ھەڵبژاردن دەڕۆن. بۆیە ڕەنگە چەند خولێکی تری پێویست بێت و ڕەنگە لە تەمەنی ئەم ئیدارەیەدا ڕێکەوتنی ستراتیجی ھاوشێوەی ئەوەی ٢٠٠٨ ئیمزانەکرێت. تەنیا سیاسەت و ستراتیجییەک کە سەرۆک ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی حوکمڕانییەکەیدا بە ڕوونی و بێلادان پەیڕەویکردوە بریتی بوە لە ھەڵوێستی توندی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران. ھەر ھەنگاوێک ئەمەریکا بینێ بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق دا دەکەوێتە ژێر گوشاری سیاسەتی (زۆرترین گوشار) بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم ئیدارەیەی ئێستا لای وایە بۆ ئەوەی سیاسەتی ئابڵوقە و زۆرترین گوشار لەسەر ئێران کاریگەریی تەواوی ھەبێت، دەبێت پێگەی سەربازی و ئابووری ئێران لە عێراق لاواز بکرێت. لە بەرامبەردا، بەڕێز کازمی گرنگی ویلایەتە یەکگرتوەکان و ھاوکاری ئەمنی و ئابووری ئەمەریکا بۆ عێراق تێدەگات، بەڵام ناشتوانێت ڕۆڵ و کاریگەریی ئێران لەبەرچاونەگرێت. ھەرچەندە ئەوانەی خوازیاری پەیوەندییەکی توندوتۆڵن لە نێوان ئەمەریکا و عێراق دا حەز دەکەن ویلایەتە یەکگرتوەکان پەیوەندییەکی ستراتیجی و درێژخایەن لە گەڵ عێراق دا بنیات بنێت کە تەسک نەکرێتەوە لە شەڕی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئێران، بەڵام پێناچێ ئەمەریکا بیەوێت فاکتەری کاریگەریی ئێران لەسەر سیاسەت و حوکمڕانی عێراق لە ھاوکێشەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق دەربھێنێت. بە ھەمانشێوە ڕەنگە لەبەرژەوەندی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش نەبێت لەم کاتەدا ھیچ ڕێکەوتنێکی ستراتیجی لەگەڵ ئەم ئیدارەیە ئیمزا بکات بە تایبەتی ڕێکەوتنێک کە باسی ھاوکاری ئەمنی و شیوازی مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دا ببێتە بەشێک لێی، لە کاتێک دا لایەنە شیعەکان گوشاری زۆر بۆ کازمی دەھێنن کە بڕیارەکەی پەرلەمان جێبەجێ بکا و کۆتایی بە مانەوەی ھێزەکان بھێنێت. کازمی لە ھەمان کات دا لە ژێر گوشارێکی زۆری ئێران دایە کە کۆتایی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا بھێنێت و ئەم پەیامەش بە ڕوونی لە لایەن ئایەتوڵا خامەنەئی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دراوە بە مستەفا کازمی لە کاتی سەردانەکەی دا بۆ ئێران لە ٢٠ تەموزدا. ئەوەی ڕوونە ئەوەیەکە بە بێ بوونی سەربازی ئەمەریکا لە عێرق بە تایبەتی تا ئەو کاتەی میلیشیاکان دەسەڵاتداربن لە عێراق دا، زەحمەتە ئەمەریکا ھاوکاری جدی عێراق بکا و وەبەرھێنانی بەرچاو ئەنجام بدات. ھەرچەندە لە میانەی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتۆن جەخت لەسەر مانەوەی ھێزەکان کرایەوە (تا ئەو کاتەی پێویست بێت)، بەڵام پێویستە ئەم مانەوەیە ڕێکەوتنی لەسەر بکرێ و پاڕێزبەندی ھێزەکان کە ھەمیشە کێشە بوە دیاریبکرێت.

ھەرچەندە ڕێکەوتنامەی ستراتیجی ئیمزانەکرا و (چاوەڕێشنەدەکرا) ئیمزا بکرێت بەلام سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن لە چوارچێوەی گرنگپێدان و ئیمزاکردنی چەند ڕێکەوتنێک لە گەڵ پێنچ کۆمپانیای نەوت و کارەبابۆ وەبەرھێنان بە بڕی ٨ ملیارد دۆلار لەو دوو بوارەدا دەسکەوتێکی باش بوو. ئایا تا چ ڕادەیەک زەمینە لەبارە، بە تایبەتی زەمینەی ئەمنی، بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنیان ئەوە مەسەلەیەکی ترە و سیاسەت و ستراتیجی ئیدارەی داھاتووی ئەمەریکا کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا لەگەڵ ھەر یەک لە عێراق و ئێران دەبێت ئەم پەیوەندییانەش بەدەوری خۆیان کاریگەرییان لەسەر ئایندەی ئەمنی و سیاسی و ئابووری عێراق دەبێت.

سەردانەکە بۆ ھەرێمی کوردستانیش بایەخی خۆی ھەبوو. بە پێچەوانەی گفتوگۆکانی ساڵی ٢٠٠٨ کە ھەرێم بەشدار نەبوو، ئەمجارە نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو خولی کۆبوونەوەکان دا بەشدار بوون و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ھەولێر و بەغدا ڕێکەوتوون و سەرۆک ترەمپیش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە گەڵ سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ھەرێمی کوردستان دا و بەڵێنیشیدا لەگەڵ تورکیا دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لەھەرێمی کوردستان دا قسە بکات. ڕەنگە ھەر خودی ئەم سەردانە ھۆکارێک بوبێت بۆ ئەوەی بەڕێز مستەفا کازمی ڕازیبێت بەر لەسەردانەکەی بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بنێرێت.




(*)بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان
Top