بۆ شێرکۆ عەبدوڵا.. عەیب نەبێ من کردم و تۆ خواردت

بۆ شێرکۆ عەبدوڵا.. عەیب نەبێ من کردم و تۆ خواردت

شێرکۆ عەبدوڵای نووسەری پیاهەڵدەر بابەتێکی بەناوی کێ کردی و کێ خواردی بڵاو کردۆتەوە، لە نووسینەکەیدا وای پێشان داوە کە ئەوانەی کردوویانە نەیانخواردووە و خەڵکی تر خواردوویەتی، ئەوەی سەیرە خۆی لە بەرەی کردووان و نەخواردووان ئەژمار کردووە، نووسینی ئەو دوختەرەم وەک گاڵتە کردن بە مێژوو و رەنجی کردووان و نەخواردووان هاتە پێش چاو، لە کاتێکدا خۆی لە نەکردووان و خواردووانە و منیش لە کردووان و نەخواردووانم، بۆیە بە پێویستی دەزانم وەک بەرگری کردن لە مێژووی پاکی هەموو کردووان و نەخواردووان وەڵامی ئەو زاتە نەکردووە و زۆر خواردووە بدەمەوە.
جەنابی شێرکۆ عەبدوڵا.. من تا راپەڕین پێشمەرگەی پارتی بووم و وەک هەر پێشمەرگەیەکی تر پێشمەرگەبوون و بەرگری کردنم لە کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانیوە، دوای ئەنفالە بەدناوەکانیش کە پێشمەرگایەتی بە شێوەیەک سەخت بوو کە پێشمەرگە نەک هەر لە پێشەوەی مەرگ بوون، بەڵکو بە جۆرێک راوی مەرگیان دەکرد کە تۆ و هاوخورادووەکانت بە ئێمەی پێشمەرگە سەرسام بوون، لەوەش دڵنیام لە شەوە نووتەک و بەفر و باراناویەکانیش تۆ نەتوێراوە پەردەی پەنجەرەش لادەی و بڵێی ئەمشەو شەوی پێشمەرگەیە، ئێستاش تۆ بە پلەی جێگری وەزیر خانەنشینی و بەوەش بەناوبانگی کە هەموو مانگێک لە ١٥ی مانگەوە رۆژانە خەریکی مووچە کۆکردنەوە بووی تا کۆتایی مانگ، پلەی خانەنشینیەکەت زۆر لە پلەی خانەنشینی منی پێشمەرگە و پێشمەرگەکانی تر بەرز ترە، هێشتا پێتوایە تۆ لە کردووەکان و نەخواردووەکانی و مەمانانیش لە نەکردووەکان و خواردووەکانین، جا ئەگەر جورئەتت هەبووایە و لەو نووسینە مەبەستت ماستاو کردن و پاراستنی پلەی خانەنشینەکەت نییە، دەبووایە ئەوەندەش بنووسی کە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە کردی و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش راکان جبوری حەسەن پلایس خواردیان، ئەوکات دەمگوت: ئەشهەدو دوکتۆری نەک دوختەر.
Top