حەمەدی برا بوو بە موختار
February 20, 2020
وتار و بیروڕا
ساڵانی زوو ئافرەتێک دوور لە گوندەکەی خۆیان شوو دەکات، ئەوکاتیش هۆکارەکانی هاتووچۆ و پەیوەندی کردن وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبوون، بەو هۆیەوە ئافرەتەکە لە گوندەکەی خۆیان بێ هەواڵ و بێئاگا دەبێ، دوای چەند ساڵێک دوو کەسی گوندەکە رێیان بەو گوندە دەکەوێ کە ئافرەتەکە شووی لێکردووە، ئەوانیش دەڵێن: با بچینە ماڵی فڵان کەس و کورد گوتەنی هەم زیارەت و هەم تیجارەت، دەچین نانیش دەخۆین و هەواڵی ئافرەکەش دەپرسین.
کاتێک دەگەنە ماڵی ئافرەکە و سەلام دەکەن، ئافرەتکە زۆری پێ خۆش دەبێ و زۆر رێزیان لێ دەگرێ، دوای نان خواردن و پشوودان ئافرەتەکە دێتە لایان و دادەنێشێ و دەڵێ: یاخوا بەخێر بێن، ئێ توخوا پێمبڵێن، خەڵکی گوندی چۆنن و کێ مردووە و کێ ماوە؟
ئەوانیش دەڵێن: سوپاس بۆ خوا خەڵکی گوندی زۆر باشن و کەسیش نەمردووە و حەمەدی براشت بووە بە موختار، ئیتر ئافرەتەکە دەست دەکات بە شیوەن و گریان و هاتوهاوار و لەخۆدان، دوو کەسەکە پێی دەڵێن: بۆ دەگری؟ ئەی ئێمە ناڵێین خەڵکی گوندی زۆر باشن و کەسیش نەمردووە و حەمەدی براشت بووە بە موختار، ئافرەتەکە دەڵێ: ئێستا دەزانم پیاو لە گوندیدا نەماون، ئەگەرنا حەمەدی برا برای خۆمەوە چاکی دەناسم، ئەگەر پیاو لە گوندیدا مابان حەمەدی برا ئی ئەوە نییە ببێت بە موختار.