ئێمەی کورد ئاواین

ئێمەی کورد ئاواین
لە کوردەواریدا بەو کەسەی خۆی لە هەموو شتێک هەڵقورتێنێ دەڵێن: فڵانە کەس لە هەموو دیزان ئەسکوێیە، یان پێی دەڵێن: بە پێخواسی بەناو دەکەوێ، واتا بێ گوێدانە ئەوەی لەو بوارە شارەزایە و چی دەزانێ، دەست پێدەکا و گرنگ ئەوەی قسەی هەبێ، ئێستا ئێمە زۆرینەمان لە هەموو دیزان ئەسکوێین.
هیچ گەل و نەتەوەیەک وەک کورد نییە و لەناو گەلاندا هەریەکە و خەریکی ئیشی خۆیەتی و کەس خۆی لە ئیشی کەسانی تر هەڵناقورتێنێ، بەڵام تاکی کورد پێچەوانەی ئەو دیاردە باوە دەجووڵێ و ئیشی خۆی بە سەقەتی دەکا و بە خۆ تێهەڵقورتاندن لە ئیشی کەسانی تر دەیەوێ ئیشی ئەوانیش سەقەت بکات.
کابرا حەبی پاراسیتۆڵ ناناسێ و رەخنە لە پزیشکی پسپۆڕ دەگرێ، نازانێ چوار خشت بخاتە سەریەک و لەگەڵ ئەندازیار پێدادەچێ، لە خوێندن فەشەلی هیناوە و باس لە پرۆگرامی پەروەردە دەکات، نازانێ سەرخان و ژێرخانی ئابوری چین و باس لە سیستەمی بانکی دەکات و گەشەپێدانی ئابوری بۆ ئابوریناسان شی دەکاتەوە، تفەنگی نەتەقاندووە و لەگەڵ جەنەڕاڵ و لیواروکن لەبەریەک رادەچێ، پێیوایە سیاسەت رێکخستنی کۆمەڵێک درۆیە و لە ژێرنووسی کەناڵەکانیش دەنووسرێ شرۆڤەکاری سیاسی.
Top