خوێنەر بن........ پەروەردەی تاکی کورد لەنێوان حەقیقەت و خەیاڵدا.

خوێنەر بن........ پەروەردەی تاکی کورد لەنێوان حەقیقەت و خەیاڵدا.

تاک لە حەقیقەتدا لە دایك دەبێت، لە خەیاڵدا دەژی و لە حەقیقەتدا دەگەڕێتەوە. هەموو شتێك لە گەردووندا حەقیقەتن و پێویستیان بەتێگەیشتنی حەقیقییانەیە. مرۆڤ دروستكەری خەیاڵە و بكوژی حەقیقەتە.
حەقیقەت شتێک نییە دەستنیشان بکرێت، سنوورداریشی نییە، نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی،لاو زی دەڵێت: (پێناسەکردنی حەقیقەت، نکۆڵیکردنە لێی.)
مرۆڤ هەركە چاو دەكاتەوە لە گەردوونێكی حەقیقی لێوانلێو لە خەیاڵدا ئاوێتەی بوون دەبێت. بوونێك كە مەبەست لێی زانینی حەقیقەت و درككردنە بە دەوروبەر و ژیان بەو جۆرەی مرۆڤ پێویستە ئاگاداریان بێت.
پەروەردە یەکێکە لە گەورەترین سێکتەرەکان پێویستە لە هەموو وڵاتێكدا پشتی پێ ببەسترێت بۆ دوورخستنەوەی تاك لە خەیاڵ و گەیاندنی بە حەقیقەت،كاتێك تاك لە یەكەمین ساڵەكانی تەمەنیەوە فەرهەنگی مێشك و هزری بە قسەی،پڕوپووچ، ترس، چیرۆكی بێبنەما، فیلم كارتۆن و درامای ناپەروەردەیی دەتەنرێت، پێویستە هەمیشە چاوەڕێی سەرهەڵدانی كارەسات و ڕووداوی ئازاربەخش بین.
گەنج هەم سووتەمەنی و هەم داینەمۆی هەڵسووڕانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، كاتێك دەبینین ڕێژەی خۆكوژی و خەڵككوژی، دزی، شەڕ و ئاژاوە، كێشەی خێزانی، دەسدرێژی،… تد لە كۆمەڵگەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوون و گەشەسەندندایە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیە لەسەر بنەماكانی پەروەردەی ڕاستەقینە پەروەردە نەكراون، بەڵكو دراونەتە دەست هەموو شەپۆل و ڕەشەبایەكی بێ ئەمانی ناو كۆمەڵگە، تا خۆیان پەروەردەبن. وەك دەڵێن: (ئەوەی دایك و باوك پەروەردەی نەكات ڕۆژگار پەروەردەی دەكات، بەڵام دەبێ بزانین ڕۆژگار لەسەر كام ڕەوت پەروەردەی دەكات؟. دوای چەند پەروەردەی دەكات؟.
وەڵامی ئەمانە مەرج نییە هەمیشە دڵخۆشكەر بن، چونكە بە زۆری وا دەبێت ڕۆژگار و كۆمەڵگە تاكی تێكشكاو پەروەردە دەكەن، تاكێك دوای بە هۆشهاتنەوەیشی دەكەوێتە ناو دنیایەكی خەیاڵاوی گرێدراو لە ئاسۆیەكی ناڕوونی نێوان ڕابردوو و داهاتوو. تاكی كورد بەتایبەت گەنج، بە زۆری لەم حاڵەتەدا دەژین، خاوەنی زۆرترین بۆشایی دەروونین، كەمترین كاتیان هەیە، هەمیشە سەرقاڵ و مشەوەش دیارن، لە هەمانكاتدا لە بەتاڵییەكی ماوەدرێژدا دەژین.
بۆیە بە پێویستی دەزانم بڵێین بەرژەوەندی تاك، خێزان، كۆمەڵگە و دەسەڵات لەوەدایە پەروەردە بە جۆرێك دابڕێژنەوە، پێش فێركردن و برەودان بە بوارە جیاجیاكانی خوێندن و زانست، تاك دروست بكرێت، تا ئەوەی بەرهەم دەهێنرێت، مرۆڤ دەرچێت.
Top