یەكێتی زانایان دەستكەوتێكی گرنگ و مێژوویی

یەكێتی زانایان  دەستكەوتێكی گرنگ و مێژوویی
یەكێـتیی زانایان وەك دامەزراوە و رێكخراوەیەكی پیشەیی و سەرتاسەری لە 21/9/2019 لە گەڵاڵەی باڵەكایەتی، لەسەر دەستی كۆمەڵە زانایەكی دڵسۆز و بە پاڵپشتیی راستەوخۆی مەرحووم مەلا مستەفا بارزانی لە پێناو ئامانجگەلێك دامەزرا. دامەزراندنی ئەو رێكخراوە وەك پێویستییەكی مێژوویی ئەوسا بێ زەمینەسازی و بێ ئامانج نەبووە، بەڵكو كۆمەڵێك پاڵنەر و فاكتەری گرنگ لە سەر هەردوو ئاستی ئایینی و نەتەوەیی هەبوون، كە لە ئێستادا روونتر ئەو راستییە بەرچاو دەكەوێت. قۆناغ دوای قۆناغ لە ئەنجامی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی و پاڵپشتی و دڵسۆزیی خودی زانایان، ئەو یەكێتییە توانی ببێتە هەوێنی لێك نزیكبوونەوەی زۆری زانایان و كۆكردنەوەیان لە ژێر یەك چەتر، بۆ ئەوەی بتواندرێ لەشێوەی كاری رێكخراوەیی وزە و توانای زانایان لە تەواوی كوردستان كۆبكرێتەوەو، لە خزمەتی گشتی و لە پێناو برەودان بە هەستی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری ئاراستە بكرێتەوە.
یەكێـتیی زانایان بە درێژایی تەمەنی خزمەتێكی زۆری بە مامۆستایانی ئایینی و مزگەوت و تەدریس و حوجرە و تەنانەت بەرەوپێشەوەبردنی بزاڤی رۆشنبیری لەو هەرێمە كردووە، هەمیشەش وەك داكۆكیكارێكی دڵسۆز بۆ خاك و نەتەوەی كوردی موسڵمان خۆی ئاراستە كردووە.
ئێستاش بە هاوكاری و پشتیوانیی سەرجەم زانایان ئامانجی ئێمە ئەوەیە خزمەتێكی گەورە بە موسڵمانان و خاك و وڵات و بەتایبەتیش زانایانی ئایینی بكەین، ئەزمونی هەرێمی كوردستان و كاری رێكخراوەیی و دروستكردنی پەیوەندی و چارەسەركردنی كێشەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی بۆ كوردستان و بەرەنگار بوونەوەی بیری توندڕەوی و تیرۆر بخاتە نێو ستراتیژی خۆی و بە ئاراستەیەكی دروست كاری لەسەر بكات.
یەكێتی زانایان بە ئەندازەیەكی باش توانیویەتی بەو خزمەت و ئەركە هەستێ، كە بۆی دامەزرا، بەتایبەتی لە رووی ئایینییەوە توانیویەتی كار بكات بۆ گەیاندنو پاراستنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و رووە جوانەكەی ئەم دینە بۆ موسڵمانان دەربخات و پەیامێكی میانڕەوی دوور لە توندوتیژی بڵاوی بكاتەوە، لە رووی نەتەوەییەوە توانیویەتی وەك رێكخراوێكی چالاك هەوڵبدات بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموونی گەلەكەمان و دەورێكی چاك ببینێ لە هەموو كایەكاندا، لەسەر ئاستی پیشەییش توانیویەتی زۆربەی زانایانی ئایینی لە ژێر چەتری ئەم رێكخراوەدا كۆ بكاتەوە و بە گوێرەی توانا داكۆكی كاربێت لە مافەكانیان و پێدانی بەرچاوڕوونی و هۆشیاری و بەشداریپێكردن و ئاگالێكبوونی سەرتاسەری. هەروەها یەكێتیی زانایان توانیویەتی لە پرسە چارەنووسسازەكاندا رۆڵی خۆی ببینێ و قسەی خۆی هەبێ و جێگای خۆی لە دڵی زۆربەی مامۆستایانی ئایینیدا بكاتەوە و كۆیان بكاتەوە لە دەوری ئەو رێكخراوەیەدا، داكۆكیكارێكی باش بووە بۆ مامۆستایانی ئایینی و خزمەتكردنی ئەم دینە بە شێوازە جوان و راستەكەی و ناساندنی ئەم گەلە بە گەلێكی موسڵمانی راستەقینە و دڵسۆز بە هەموو جیهان.
لە رووی كرانەوە و پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ جیهانی ئیسلامی و ناوەندە زانستی و ئایینیەكانی دەرەوە و هەڵكشانی چالاكییەكان بۆ ئاستی بەرز و زۆر و هەمەجۆر، وای كردووە ناوی یەكێتیی زانایان وەك دامەزراوەیەكی زیندووی كوردستان بێتە ناساندن و بە چاوی رێزەوە لێی بڕوانن، لە داكۆكیكردنی مافو رێچكەی دروستی ئازادی و دیالۆگ و لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی كۆمەڵگەی كوردی و راگرتنی هاوسەنگی و سەقامگیریی دۆخی كۆمەڵایەتیو ئاشتەوایی و فەرهەنگی پێكەوە ژیان و رێزگرتنی یەكتر و زەمینەی هەماهەنگی، رێڕەوێكی سەركەوتووانەی گرتووە و كاریگەریی زۆری بەسەر جەستەی نیشتمان و ئاراستەكردنی كۆمەڵگەی كوردییەوە دیارە، لە گەیاندنی پەیامی رەسەن و دروستی ئیسلامپەروەری و پەروەردەی رۆڵەكان و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و بەدەمەوەچوونی خواستی هاووڵاتیان و هۆشیاركردنەوەی تاكەكان لە مەترسیی هزری توندڕەوی و تەكفیری و بڵاوكردنەوەی هەستی میانڕەوی و جیهانبینی بە داناییەوە پێنگاڤی ئەرێنی هەڵێناوە و ئاسەواریشی دیارە، نموونەی ئەو راستییە لە قۆناغی بەرەنگاری شەڕی داعش لە واقیعی كوردستان بەرچاوە، كە چۆن زانایان توانییان لە رێی پاڵپشتیی پێشمەرگە و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و جووڵاندنی شەقام بە ئاراستەی پاڵپشتی و ورەبەرزی سەبارەت بە دیفاع لە خاك و نیشتمان و پاراستنی شەرەف و كەرامەتی ئینسانی و كۆمەكی ئاوارە و لێقەوماوان و ئیدانەی كردە دڕندانەكان رۆڵێكی هەستیار و گرنگ و گەورە بگێڕن.
لە هەفتەی رابردوو ئولیفیە دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی كۆماری فەرەنسا لە هەولێر سەردانی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی كرد و راشكاوانە سوپاسی خۆی ئاراستەی زانایانی كوردستان كرد، لەسەر ئەو رۆڵە گرنگەی پێشكەشی دەكەن لە پرسی لێبوردەیی و پێكەوە ژیان و بایەخدان بە كەمە نەتەوەكانی دیكە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، ئەو هەنگاوەشی بە سەرمایەی گرنگی هەر كۆمەڵگەیەك وەسف كرد.
بۆیە لە یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیدا دەبێ زانایان بە شەوق و زەمینە و ئاراستە و گەرم وگوڕییەكی پترەوە درێژەپێدەری كاروانی ئامانجەكانی ئەو یەكێتیە بن و لە رێی پاڵپشتی و پێشنیار و هەماهەنگی و دڵسۆزییەوە، لە هەرسێ رووی ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی و بە هەمان تێڕوانینی پێشەنگی و پێشكەشكردنی خزمەت و پارێزگاریی دەستكەوتەكان و بە هەندوەرگرتنی كێشەی رەوای گەل و نیشتمان، نموونەی شایستەتر و شكۆمەندانەتر بخەنە خزمەتی كوردستانەوە.

Top