پێكهێنانی سەرۆكایەتیی هەرێم و كابینەی نوێی حكومەت و چارەسەری كێشەی كەركووك

پێكهێنانی سەرۆكایەتیی هەرێم و كابینەی نوێی حكومەت و چارەسەری كێشەی كەركووك
پێگەی سیاسی و بووژاندنەوەی ئابووری دوو فاكتەری گرنگن بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان هاوشانی بوونی مەرجەعییەتێكی دانای سیاسیی بەڕێز مسعود بارزانی و نزیكبوونەوەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی لە هەرێم، بەشێوەیەك پەیوەندییەكە هاوتەریب بووە لەنێوان هەرێم و ناوەند، شارەزایی و ئەزموونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە بەڕێوەبردن و دیپلۆماسییەتی جیهانی دەبێتە هۆی هێنانەكایەی پەیوەندیی بەهێزی دەرەكی و ناوخۆیی، لە هەمان كاتدا شارەزایی ئابووریی بەڕێز نێچیرڤان ئابووریی هەرێم دەبووژێنێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی بەڕێز مسرور بارزانی دەبێتە حكومەتێكی بەهێز كە لەوەتەی ساڵی 1992 هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە نەدیوە. بەڕێزیان خاوەن شارەزاییەكی زۆرە لە بەڕێوەبردنی دۆسێی ئەمنی لە هەرێم لە سەختترین هەلومەرج كە عێراق پێیدا تێپەڕیوە لەوەتەی پەیدابوونی قاعیدە لە عێراق دوای ساڵی 2003 و دواتر شەڕی تایفەگەریی عێراق و دواترینیش داگیركردنی رووبەرێكی فراوانی خاكی عێراق لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بوو.
تواناو كارامەیی بەڕێز مسرور بارزانی لە گرتنەدەستی دۆسێی ئەمنی لە هەرێمی كوردستان وایكردووە كە هەرێم ببێتە پەناگەیەكی ئەمنی لە عێراق كە نموونەیەكە لە سەقامگیری و دڵنەوایی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بۆتە دەستكەوتێكی گەورە بۆ بەڕێز مسرور بارزانی لەپاڵ بوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەكی كە ئابووریی كوردستان زیاتر بەرەوپێش دەبات، بۆیە بۆ پێشەوە لەپێناو بنیاتنانی ئایندەیەكی گەش بۆ هەرێمی كوردستان و لەم سۆنگەیەشەوە چارەسەركردنی كێشەی كەركووك ئەستەم نییە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و دوورخستنەوەی دیاردەی چەكداری لەو شارە، بۆیە بڵاوەپێكردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و لەوانەش كەركووك تاكە رێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هاوكات هاتنەدەرەوەی هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵ و حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایری لە كەركووك دیسان تاكە رێگایە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، لەو حاڵەتەدا واتا ئێمە توانیمان هەنگاوی یەكەم لە بەندەكانی ماددەی (140)ی دەستوور جێبەجێ بكەین، چونكە ئێمە چاومان لە دەستی حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستانە كە هەنگاو بنێت لەپێناو چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ، كە سەرەتا لە ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەوە دەست پێدەكات لەگشت ناوچە كێشەلەسەرەكانەوە، بگرە هەر خانەقینەوە تا شنگال، هەروەها دۆسێی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە رێی هەرێمی كوردستانەوە. كوركووك پێویستی بەوەیە لە خەڵكی لایدەو بیانی پاكبكرێتەوە، كە دوای رووداوەكانی(16)ی ئۆكتۆبەرەوە ئەو خاكەیان پیس كردووە.
ئەو ناوچانە بەدەست فەرامۆشكردن و پەراوێزكردن و گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەكانەوە دەناڵێنن، ئەو میلیشیایانە بوونەتە هۆكاری بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی و كاری نابەجێ و گواستنەوەی ئەزموونی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بۆ كەركووك، ئەمەش دۆسێیەكە لە دۆسێی تیرۆر مەترسیدارترە، هاوكات لەئێستادا كەركووك بۆتە مۆڵگەی تیرۆر، هۆكارەكەشی بە ئەنقەستە لەلایەن ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی دۆسێی ئەمنییان لەدەستدایە كە دەیانەوێت هەمیشە ئاشووب و بێسەروبەری بەردەوام بێت، وەك پاساوێك لەپێناو مانەوەی زیاتری هێزی ئیتحادی لە كەركووك، گوایە بۆ پاراستنی باری ئەمنیی شارەكەیە، بەڵام لە رووی خزمەتگوزارییەكانەوە ئەوا كەركووك زۆر پشتگوێ خراوە و زبڵ و خاشاكێكی زۆر گەڕەك و شەقامەكانی ئەو شارەی داپۆشیوە، بۆیە بەرپرسیارێتیی مۆرال وامان لێدەكات كە پارێزگاری لە ناسنامەی كوردستانیی ئەم شارە بكەین، ئەویش بە بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێكهاتەكان، چارەسەریش ئەوە نییە كە لە كۆبوونەوەی ئەم دواییەی بەغدا باسكرا، كاتێ راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كرد، دەسەڵاتی پێ بدات پرۆژەكانی 2019 جێبەجێ بكات، بێ ئەوەی رەزامەندیی ئەنجومەنی پارێزگا وەربگرێت، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران داواكەی پارێزگاری كەركووكی رەتكردەوە و بەڕێز عادل عەبدولمەهدی داوای لە دكتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دارایی كرد، ئەندامانی ئەنجومەن ئەوانەی لە هەولێرن قایل بكات بچنە بەغدا و كۆبوونەوەی فەرمی لە سەعات دەونیوی سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام سازبكەن.
خاڵە نەرێنییەكانی ئەم كۆبوونەوەیە ئەمانەن:
1. دانی شەرعییەتی یاسایی بە بەڕێز جەمال باپیر كە بەشێوەیەكی فەرمی كاری خۆی بەڕێوەببات، ئەمەش ناكۆكە لەگەڵ دەستوور، چونكە بەتەمەنترین ئەندام لەسەرەتای پێكهێنانی ئەنجومەن و بۆ یەك جار سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە دەكات.
2. ئەم رێكارە هاندەرە بۆ شەرعییەتدان بە گەندەڵی، لە هەمان كاتیشدا هاندانی گەندەڵكاران بۆ بەهەدەردانی زیاتری سامانی گشتی.
3. لە حاڵەتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە ئێمەی ئەندامانی ئەنجومەن بە شاهیدی ناشەرعی دادەنرێین و شەرعییەتیش بە گەندەڵی دەدەین.
4. ئێمە لەو حاڵەتەدا دەبینە شەریك لە تاوانی بەتاڵانبردنی سامانی گشتی.
5. دەستەبەریی سیاسی چییە بۆ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە:
أ- چۆڵكردنی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ب- ئاساییكردنەوەی بارودۆخ لە كەركووك و دوورخستنەوەی دیاردەی چەكداری و گەڕانەوەی بارودۆخەكە بۆ پێش 16/10/2017.
ت- دەستەبەری سەلامەتیی گەڕانەوەی گرووپی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەندامانی
ئەنجومەنی پارێزگا بۆ كەركووك.
ج- گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنووری پێش شازدەی ئۆكتۆبەر.
ح- رادەستكردنی دۆسێی ئەمنی بە پۆلیسی ئیتحادی.
خ- بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای عێراق.
د- گەڕانەوەی پشكی پارتی لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان بۆ شوێنی خۆیان لەپێش 16/10.
هـ- گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە خانەقینەوە تا شنگال.
و- قەرەبووكردنەوەی گشت زیان لێكەوتووانی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان.
ر- هێنانی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك لایەنێكی دەستەبەركاری ئەم پرۆسە سیاسییەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ.
ز-رێگەگرتن لەو میدیا و كەناڵە ئاسمانییە چەواشەكارانە كە ئاراستەی هەرێمی كوردستان كراوە.
6- بڵاوەپێكردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و لەوانەش كەركووك.

Top