کەرکوک دڵی کوردستانە نەک تاپۆ لەسەر هیچ کەس و حیزبێک!.
June 3, 2019
وتار و بیروڕا
سروشتی جۆری سیاسەتکردن و مامەڵەی دووفاقی و سیستەمە شۆڤێنییەی یەکێتی هەروابووەو هەمیشەش زەنگێکی پڕ مەترسیی بووە بۆ گەلی کوردستان و ئـەزموونەکەی! لە کوێ دووژمن و ئاخوندەکان بیانوویستبێت بە ویستی ئەوانەو کردوویانە، دواتریش لێدوانی تەبایی و هەوڵی هێورکردنەوە....!.
دواكەوتوویی و تەقلیدی باڵی دەست ڕۆیشتووی ناو یەکێتی توانای ڕیفۆرم كردنی ڕاستەقینەو بەخۆداچوونەوەی نیە چونكە خۆی لەسەر تەواوی گەندەڵیی دروستبووەو فڕچکی بێگانەیی وەرگرتووەو ئیرادەی ئێرانیزم زاڵترە بەسەریاندا.
تازە هیچ رێفۆرمێكی سیاسی ونیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە چاوەڕوان ناكرێت لێی چونكە سروشتی یەکێتی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە سیمای نیشتیمانپەروەرێتی پێوە نەبووە، پێشم وایە هەر رێفۆرمێكی هزری نیشتیمانی ڕاستەقینە لە ناو ئەو حیزبە، دەبێتە هۆی لەناو بردنی خودی حیزب و بنەماڵەکە خۆی...
یەکێتی وەک حیزب فۆرمێكی كۆنكرێت و دەزگایەكی مۆدێرنی نەتەوەیی نیە، بەلكو خاوەنی چەند خێزان و خێلێكی سیاسی چەكدارین كە شەرعیەتی خۆیان لە شەستەکانەوە بە زۆری چەك و لە شاخەوە سەپاندوەو لای بەشێک لەو خەڵکە حیزبیان کردووە بە ئامانج نەك ئامراز... ئامانجەکەش لێدان لەبەرژەوەندی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان.
شۆڕش و کاری سییاسەت کردن دەبێت پشت بە ئامانجگەلی گەل ببەستێت، بە تایبەت بەو ئامانجانەی كە چارەنووسسازن بۆ میللەت و لە پێشەوەی بەرژەوندییە حیزبی و شەخصیەکانەوەن.
ئەمڕۆكە لە سەر گۆی زەوی هیچ سیستەمێكی سیاسی نیە شتێک بۆ گەل تێدانەهێڵەتەوە یان ڕەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانەکەی نەکات، قسەی باق و بریقی بێگەردو خەیاڵی یەکێتی بەسەرچوو! چونكە ڕەهاو حەقیقەتی ڕەها نییە لەناو ئەو حیزبە، بەڵكو هەموو شتەكان لەسەر ڕیتمێكی ئێراننیزمی دەرۆن و هەموو لایەکیش درک دەکات .
یەکێتی بەرپرسیارە لە هەر ڕووداو پێشهاتێکی نەگریسی کە بەسەر کوردستاندا هاتووە، جا ئەوە بۆ مێژووش هەر ڕاستە..، بەو ڕووداوو پێشهاتەنەیش کە ئەمڕۆ لە کەرکوک ڕوودەدەن کە دەرهاویشتەی خیانەتە شومەکەی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ، ئاخر کەرکوک لەگەڵ ھیچ کائینێکی غەریب ھەڵینەدەکرد ئەگەر ئێوە نەتانفرۆشتایە! پرسیار ئەوە:- غەریبەکان چۆن هاتون..؟ کێ هێناونی...؟ کەی هاتوون..؟ بەقسەی کێ بوە..؟ ئێستا بۆ سووتاندنی دەغلودانی جوتیاران و بەرهەمی کاسبکاران ، دەرکردن، تەعریبکردن، تەقینەوە، کوشت و بڕینی کەرکوکییەکان و دەیان کارەساتی تری جەرگبڕ کێ لەپشتیانە..؟ ئەمانە لە لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە...!
کەرکوک دڵی کوردستانە نەک تاپۆ لەسەر هیچ کەس و حیزبێک، کەرکوک امتیاز نیە بەڵکو بەرپرسیارێتی ئەخلاقی نیشتیمانیە، پێویستە سەرکردایەتی پارتیشمان چیتر سازش لەسەر تەنها نوقتەیەک لە پرسەکانی نیشتیمان نەکات و سەردەمی نەرمی نواندن و پشکە خێرینە بە کۆتا بێنێت، ئیتر کەرکوک نەخرێتەوە ژێردەستی هیچ کام لە خیانەتکارانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر .
ئەوەی لەکەرکوک ڕوودەدات، بەتەنیا بۆسەر کەرکووک نیە، بەڵکو زەنگێکی پڕ مەترسیشە بۆ سەرژمێرکردنی ساڵی ۲۰۲۰ی عێراق، بۆیە
تادەتوانن بەچاوێکی کراوەتر بڕواننە ئەو پرسە چارەنووسسازەو بەهانای کەرکوکیەکانەوە بچن، دەزگا میدیاییەکانی پارتیمان پێویستە کاربکەن لەسەر بەڵگەنامەو دۆکیۆمێنتارو بەیاننامەی بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی دوای ڕووداوە شوومەکەی ۱٦ی ئۆکتۆبەر کاتێک خۆیان خستیانە بەردەم ڕاگەیاندنەکان و بڕیاری دەرچوون لەناو یەکێتی یان دا، هەروەها لە کاتێکدا کە بەپێی لێدوانەکانی نێو میدیای سەر بە خۆیان و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی و میدیای عێراقی و ئێرانییەکانیش، لاھوور جەنگی، بە ھاوکاریی پاڤێڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی و ئاراسی برای، رێککەوتنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی کردووە بۆ رادەستکردنی کەرکووک و خورماتوو بەو ھێزە میلیشیا عێراقییە.
ئیتر پێویستە چاودێری وردی چەواشەکاری و ڕژاندنی فرمێسکی تیمساحی ئەندامانیان بکرێت و وەڵامی بەجێ بە بەڵگەو دۆکیۆمێنت بدرێنەوە. ئەوەی پارتی لە گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کردی، تایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان توانی کەرکوک لە مەترسی ناوەخۆی عێراق و دەستپێڕاگەیشتنی ناحەزان ڕزگاری بکات و ئاسایشی هاوڵاتیانی کەرکوک دەستەبەربکات و کاریگەری خۆی بخاتە سەر جەنگی تەعریبکردنی کوردەکان، بەڵام بەداخەوە ئێمەی کورد باش دەزانین کە گەلی کورد هیچ دۆستێکی ڕاستە قینەو دڵسۆز و هاوبەشی خەمەکانی نیەو لەوەش خراپتر خیانەت و خاکفرۆشی یەکێتی وای کرد کە ڕاپرسی ئامانجی خۆی نەپێکێت.
ئەگەر ئێوە بیرتان چووە ئەوا من بەبیرتان دەهێنمەوە کە ھەر دوای دوو رۆژی رووداوەکەی ١٦ ئۆکتۆبەر لە کەرکووک، ئاراس جەنگی، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و برای لاھوور جەنگی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (گەرماوگەرم)ی کەناڵی گەلی کوردستانی سەربە یەکێتی، ڕای گەیاند، "لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا حەشدی شەعبی لە شاری کەرکووکدا نامێنێت" و ”حەشدی شەعبی ھاتوون بۆ کەرکووک بەرگری لە شارەکە دەکەن و ڕێگە نادەن دانیشتوانەکەی ماڵوێران بن، دواتر شارەکە جێ دەھێڵن“. دواتریش و دواتریش لەلایەن بەرپرسەکان کەرکوک بە شارێکی ئارام ناو دەبرا ... !
لای خۆشیانەوە، پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (فرانس ٢٤)، دواتریش بۆ میدیا ناوخۆییەکانی کوردستان لە سلێمانی، رای گەیاند، بۆ ھێنانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان بۆ سنووری کەرکووک، لە کۆی ٥٠ سەرکردەی یەکێتی، رەزامەندیی ٣٨ سەرکردەیان وەرگیراوە، بەڵام لەلایەن ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی رەت کرایەوە کە ئەوان واژۆکەیان بۆ ئەوە بووبێت، ھەندێکیان ڕایان گەیاند بە تەلەفۆن ڕایان وەرگیراوە.
لەوانە حامید حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ میدیا ناوخۆییەکانی کوردستان، ڕای گەیاند، "پێش ھێرشەکانی حەشدی شەعبی پێیان گوتم دەمانەوێ لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھاوئاھەنگی بکەین بۆ ئەوەی لیژنەیەکی ھاوپەیمانان بێتە بنکەی سەربازیی کەیوان٫ کورد و عێراق ھاوئاھەنگی لەگەڵ بکەن، کە لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ھیچ شەڕ و ناکۆکییەک نەبێ" "تەنیا ئەوە بە من گوتراوە و منیش گوتوومە ئەمەم زۆر پێ باشە و پشتیوانیی لێ دەکەم، جگە لەوە ھیچ شتێکی دیکە بە من نەگوتراوە و ئەویش تەنیا بە تەلەفۆن بووە”.
ھەروەها ھەر یەک لە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و ھادی عامری فەرماندەی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی دەستەی کەتیبەکانی حەشدی شەعبی و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ میدیاکان دانیان بەوە دانا کە "رێککەوتنیان ھەبووە بۆ ھاتنی حەشد و سوپای عێراق بۆ ناو شاری کەرکووک و سوپاسی ھەڵویستی ئەو گرووپەی ناو یەکێتییان کرد".
وە میدیا ئەمەریکییەکانیش لەوانە (واشنتن پۆست)، کاتی خۆی ئاشکرای کردبوو، ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک بە رێککەوتن بووە لەگەڵ ئەو گرووپەی ناو یەکێتی و لەلایەن قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانییەوە رێککەوتنەکە سەرپەرشتی کراوە.
ئەوە جیا لەوەی ھەریەکە لە کۆسرەت رەسوول، جێگری یەکەمی سکرتیری گشتی و سەرکردەی مەیدانیی پێشمەرگە لە کەرکووک، مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، شێخ جەعفەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی حەفتا و سەرکردەی مەیدانیی لە بەرەی کەرکووک، نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارێزگاری کەرکووک وەک لەسەروەش گوتم، بەڕاشکاوی لە چەند بەیاننامەو لێدوانێکدا ئاماژەیان بەو خیانەتە شوومە لەلایەن ئەو گرووپەوە کردووە، کە ئەوەو دەیان بەڵگەی عاشاهەڵنەگر هەن و شاراوە نین کە بەپێی لێدوانەکانی نێو میدیای سەر بە خۆیان و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی و میدیای عێراقی و ئێرانییەکانیش، لاھوور جەنگی، بە ھاوکاریی پاڤێڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی و ئاراسی برای، رێککەوتنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی کردووە بۆ رادەستکردنی کەرکووک و خورماتوو بەو ھێزە میلیشیا عێراقییە.
ئیتر زرووفەکە دەخوازێت: زمانی بەڵگەو بەدۆکیۆمێنت کردنی کۆبوونەو ڕێککەوتن و ڕووداوەکان بكرێتە پێشەنگی كارەكانی ئایندەی پارتی، دەبێت ئەو ڕاستیەش بزاندرێت كە ئازادی نرخی گرانە. ڕاستە وتنی ئاسانە لە كردنی بەلام ئەوە پرەنسیپ و چارەسەرو ستراتژە دور خایەنەكەیە، با کەرکوکیەکانیش بزانن هیچ مرۆڤێک و تەنانەت شارێکیش تاسەر كۆت و زنجیری چەوساندنەوەو ژێردەستەیی قبوڵ نیەو زوو یان درەنگ لە دژی ڕادەپەرن و هیچ سیستەمێكیش نەگۆڕ نیە. مرۆڤ ئەوەندە دانەنیشێت بە دیار نەفرەتکردن لە تاریكی، بەلكو هەستن چرایەک داگیرسێنن، کاتیەتی بە سەرانی یەکێتی بگوترێت ئیتر بەسە !.