مانگی رەمەزان بۆنەیەكی تایبەت و فەرزێكی ئایینیی گەورەیە

مانگی رەمەزان بۆنەیەكی تایبەت و فەرزێكی ئایینیی گەورەیە
دەرچوونی ئەم ژمارەییەی گۆڤاری گوڵان هاوكاتە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، بۆیە بەم بۆنەیەوە پر بەدڵ پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی سەرجەم موسڵمان بەگشتی و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەكەین، بەو هیوایەی كە هاتنی ئەو مانگە ببێتە دەروازەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك ...
وەك ئاشكرایە كە مانگی رەمەزان بۆنەیەكی تایبەت و فەرزێكی ئایینی گەورەیە، پێشوازیكردن لە گەورەیی ئەم مانگە ئەركێكی پیرۆزە و دەرفەتێكی گرنگە.. خوداپەرستی و بەرۆژووبوون و رووكردنە مزگەوت و ئەنجامدانی خوداپەرستیی جۆراوجۆر و گەڕانەوە بەرەو لای خودای گەورە و دەربڕینی هەستی ئیمانی و زیندووكردنەوەی ویژدان و ژیاندنەوەی چەمكە ئینسانی و ئیمانییەكان بەشێكی گرنگی ئەركی موسڵمانانە لەو مانگە پیرۆزەدا.. بۆیە خوازیارین لە هەموو لایەك بەوپەڕی ورە و ئیمانبەرزی و رێزەوە لەو مانگە بڕوانن و بیكەنە وێستگە و دەرفەتێكی زێڕین بۆ بەخۆداچوونەوە و تاعەت و كۆكردنەوەی زەخیرەی قیامەت ...
لێرەشەوە داوا لە لایەنی پەیوەندار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، لە رێی رێنمایی و گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ چاودێریكردنی بازاڕ و رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل و كاڵا و خواردنەمەنییەكان، چونكە قۆرغكردنی بازاڕ و گرانكردنی لەگەڵ بەهای بەرزی شەریعەت و پەیامی جوانی رۆژووی مانگی رەمەزانی پیرۆز پێچەوانەیە...
دەخوازین خوداپێداوان و سەرمایەداران هەوڵی دەستگرتن و یارمەتیدانی هەژاران بدەن، بەتایبەت لە نەخۆش و خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكان و لێقەوماوان، با هەمووان لەو مانگە پیرۆزەدا بە رووحی ئایینپەروەری و هەستی بەرزی موسڵمانێتی و نەتەوەییەوە خەمی گشتی لە بەر چاو بگرین و یەكڕیزی و تەبایی و برایەتی بكەینە هەوێنی هەنگاوەكانمان، دڵنیاشین كەوا مامۆستایانی ئاینی لە شرۆڤەی مانا و واتا و گەورەیی و وانە روحی و پەروەردەییەكانی رەمەزان درێغی ناكەن و خزمەتێكی شایستە بە رۆژوگران دەكەن ...
لە رووی سیاسییەوە دەسپێكی رەمەزان دەسپێكێكی خێر و خۆشی بوو، رۆژێك پێش رەمەزان پارتی و یەكێتی رێكەوتننامەیان واژۆ كرد، كە كۆبونەوەی پەرلەمان و پەسندكردنی پرۆژە یاسایی سەرۆكایەتیی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا، ئومێدمان وایە كەوا بتوانرێت بە زووترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕابگەیەندرێت، كە ماوەیەكی زۆرە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەو پەڕی پەرۆشییەوە و بە ئارامیەكی زۆرەوە چاوەڕوانی دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتن، بۆ ئەوەی زیاتر بایەخ بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدرێت و باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بكرێت .. رەمەزان مانگی پەروەردەییە بۆ پەروەردەكردنی ناخی مرۆڤەكان بە گیانی برایەتی و تەبایی و یەكتر قەبوڵكردن، بەتایبەتی لە رۆژگاری ئیمڕۆی كوردستاندا كە بە شێوەیەكی كردارەكی بۆمان روون بوەوە كە تەنیا و تەنیا بە برایەتی و یەكترقەبوڵكردن و یەكڕیزیی حزب و لایەنە سیاسییەكان دەتواندرێت ئایندەیەكی باشتر بۆ كوردستان و ژیانێكی ئاسوودەتر بۆ كوردستانیان مسۆگەر بكرێت...
جارێكی دیكە پیرۆزبایی لەگشت لایەك دەكەین و ئومێدەوارین مانگی رەمەزان ببێتە مایەی خێر و بەختەوەری بۆ تێكڕای موسڵمانان بەگشتی و گەلی كورد بەتایبەتی.

Top