شســیاسـەتـکردن تا ئەوكاتە بەجـێـیە كە لە خزمەت بەرژەوەندیە بـاڵاکانـی گەلـدابێت

شســیاسـەتـکردن تا ئەوكاتە بەجـێـیە كە لە خزمەت بەرژەوەندیە بـاڵاکانـی گەلـدابێت

زیاتر لە نیو سەدەیە حیزبە سییاسییەکانی کوردستان باسی یەکگوتاری و یەکگرتوویی و پێکەوە ژیان دەکەن و بووەتە باسێکی گرینگ و کردوویانە بە دروشم، هەر حیزبێک بە پێوانەی خۆی و بە شێوەیەک داوای ئەو پێکەوە بوونە دەکات لە چوارچێوەی بۆچوونی حیزبەکەیدا کە بەداخەوە زۆر جار تەنیا ئەوە دروشمە بۆ خۆ دەرخستن، یاخود بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک، کە وای دەردەخەن حیزبەکەیان ئامادەیە بۆ پێکەوەژیان و ڕێککەوتن تا سیاسەتێکی روون بۆ داهاتووی گەلی کوردستان بەڕێوەببەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ حیزبێکم نەبینی بەرژەوەندی گشتی بخاتە پێش بەرژەوەندی حیزبەکەی و سازش لە سەرخواست و داواکانی بکات جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەردەم ئامادەبووە مەرامە ڕەواکانی حیزبەکەی بکاتە قوربانی بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان تاوەکو لێکترازان ڕوونەدات و بۆ حوکومڕانیەکی شەڕاکەتی و پێکەوەیی بمێننەوە،
هێز و حیزبەکانی تریش کە نایەنە پێش و کوسپ بۆ پێکهاتنی حوکومەت و پێکەوە ژیان دروست دەکەن! هەر چەند لە ڕابردوودا چەند جارێک و چەند حیزبێک بۆ گەلەکۆمەک دژی پارتی یەکیان گرتووە، بەڵام مەبادیئە ڕەواکانی پارتی بۆ کوردو کوردستان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕوویان وەستاوەتەوە، یان لێکی هەڵوەشاندوونەتەوە یان پیلانەکانیان ئامانجی خۆیان نەپێکاوە... هەر بۆیە بەداخەوە دەبێ بڵێین لە بەر چاوچنۆکیان بۆ پۆست و ئیمتیازاتی حوکومەتی زۆر زیاتر لە استعقاقی هەڵبژاردن، ئەو درووشم و هوتافانەی کە بۆ دیموکراسی و یەکگرتوویی و پێکەوەژیان دەستیان داوەتێ بکەوێتە ژێر پرسیارو گەورەترین زەربەی لە جووڵانەوەی سیاسی کوردستان داوە بەتایبەت لەو دوو دەیەی ڕابردوودا.
کێشەی هەرە گرینگ بۆ بەدینەهاتنی ئەو سازانە سییاسیە وەک بنەماو بەشێوەی هەمیشەیی ئەوەیە کە کەس کەسی قبووڵ نیە و هەر کەسەو خۆی لە هەموو کەس بە دەسەڵاتدارتر و زاناتر و هەقدارتر دەزانێ و وادەزانن بە خۆبەزلزانین یان دەست لەپشتدانی ئەم وڵات و دەستتێکهەڵکردن و ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ ئەو شەخصی تینوو بەخوێنی هەزاران لاو و تاوانبار بە پەتەوەهەڵواسینی هەزاران گەنجەکانمان دەتوانن کێشەی سیادی و سنوری کوردستان و گەلەکەمان چارەسەر بکەن و لە بنی بێنن.
لە لایەکەوە عەرەبە ناسیۆنالیست پەرەستەکانیش لە ترسی ئەوەی کە نەوەکوو کوردستان سەربەخۆیی خوازی بێت و ڕۆژێک لە ڕۆژان بە قسەی خۆیان خاکی عێراق لەت لەت بکەن، ئیتر ئەو هێز و کەسایەتیە سیاسییە عەرەب و فارس و تورکانە کە بە قەولی خۆیان لەئەوان موسڵمانترو مرۆڤدۆست تر هەرگیز وجودی نیە، ئەوەی بۆخۆیان بە حەڵاڵی دەزانن و بۆ ئێمەش بەحەرام! کورد لە ناوچەکە وەک نەتەوەیەکی گەورە کە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆنین، بە درێژایی مێژووش هێز و دەسەڵاتیشمان هەبووبێت زووڵممان لە هیچ نەتەوەیەکی تر نەکردووەو چاومان لە بستێکی زەوی هیچ وڵاتێک نەبووەو مەترسیشمان نەبووە.
بە درێژ بوونەوەی خەبات لەپێناو هەبوونی ئیرادەیەکی سەربەخۆ و سەختیی ژیانی خەڵک لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و گوێ نەدانی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی مەرکەزی عێراق بە ماف و خواستەکانی کورد و ئاڵو گوڕەکانی ناوچەیی و بێ هێزبوونی ژێرخانی عێراق و خستنە لیستی تیرۆری بەرپرسە سەربازیە ئاخوندەکانی ئێران...، ئیتر دەبێ هێزە سیاسییەکانی کوردستان زیاتر هەست بە گرینگیی پێکەوەبوون بکەن و هەوڵی بۆ بدەن.
بەتایبەت بەرپرسەکانی یەکێتی کە زۆربەیان دەمڕاست و بەرگریکاری سەرسەختی بەرەی ناسیۆنالیستی عەرەبی عێراقین، تێبگەن کە عەرەب بەشی هەرە زۆریان هەموو کات دژی کورد دەوستنەوە لە هەر هەلومەرجێکدا بێت، لای هەمووان روونە پارتی لەسەرپێداگریکردن بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەی، یاخود هەوڵدانی بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی میللەتی کورد تا چیتر کەرامەتی نەشکێندرێت و وەک گەلانی ناوچەکە گەلی کوردیش خاوەنی سیادی و دەوڵەتی خۆی بێت... کەوتۆتە بەر رەخنەی زۆربەی حیزب و لایەنی ناسیۆنالیستی عروبەی شۆڤێنی عێراق، ئیتر لەناو یەکێتی و هەندێ حیزبی تر زۆرن ئەو کەسانەی چونەتە بەرەی دووژمنانی کوردو دژی ئەزموون و بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان ڕۆژانە قسەیان هەیەو وەبە پێوانەی خۆیان هەڵسەنگاندنی باش و خراپ بۆ سیاسەتەکانی سەرکردایەتی سیاسی هەرێم دادەنێن لە روانگەی خۆیانەوە هەڵی دەسەنگێنن! خۆ سیاسەتکردنیش تا ئەوكاتە جوانە كە بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بێت، وەك (ئەرستۆ) دەڵێت: "سیاسەت بریتییە لە چاكەی گشتی"، كاتێك خوێندنەوە بۆ سیاسەتی ئەو جۆرە کەسانە دەكەین لە هەرێمی كوردستان توشی چەندین سەرسوڕمان و شۆكی گەورە دەبین، ئاخر ئەو کەسە بەناو سییاسیانە چارەكە سەدەیەك لەڕێگەی جوڵاندنی سۆزی نەتەوەیی و خەڵکی سلێمانیەوە ڕەوایەتی بەخۆیان دەدەن، پێشم وایە خەڵکی سلێمانی تائەمڕۆشی لەگەڵدابێت باجی خۆشباوەڕی خۆیان دەدەن بۆ هەندئ لە سیاسییە فاشیلەكانی...، كاتێكیش دەیانەوێت پڕۆژەیەكی حزبی‌و شەخسی بجوڵێنن دێن كار لەسەر سۆزی نەتەوەیی دەكەن و لەم ڕێگەوە نیشتمانپەروەر و خیانەتكارانی گەل دیاریدەكەن و ڕێگە بەخۆیان دەدەن قسە لەسەری بکەن!.
بەهەر حاڵ بۆ ئەوەی کە ئیتر بەڕاستی راستگۆیی و نیەت پاکی هەر حیزب و کەسایەتییەک بە باشی دەربکەوێ، لە راستیدا ناو گرینگ نیە ناوەرۆک گرینگە بکەینە دەسپێکی یەکگرتوویی و ئیتر لەم هەلومەرجەدا هەم قورسایی حکوومەتەکەمان دەربخەین و هەم نیەت پاکیی خۆمان و حیزبەکانمان و هەمیش پشتیوانیی ناوەخۆ و هەم پشتیوانیی دەرەوە بەدەست بێنین، ئیتر کات کاتی نیەت پاکیە و دەبێت هەموان بەڕاستی لە حکوومەتی کابینەی نۆ خزمەتکارو بەڕاستی خاوەنبن، نەوەک سودمەندی پۆستەکان و لە تیڤیەکانیش ئۆپزسیۆنبن و کاریان چەواشەکاری و مەترسی درووستکردن لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی بێت.
خۆ ئەگەر بەراستی مەبەستیشمان رزگاریی گەلی کورد و حکوومەتێکی بەهێزی نیشتیمانی و خۆشگوزەرانی هاوەڵاتیان بێت با هەمووان قۆڵی هیمەت هەڵماڵن و ئەوە مەیدان با کوردستانێکی یەکگرتوو دروست بکەین بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک، دواتر باشترکردن و بنبڕکردنی گەندەڵی و بتەوکردنی یاساو دادپەری و هەبوونی دەستورێک کە لەخزمەتی بەرژەوەندی میللەت بێت... مێزی دانیشتن و دانوستان دەتوانێ بە ئەندازەی قورسایی هێز و دەنگی گەل هەر لایەنەو بەرنامەی کارو ئەجێندای سیاسی خۆی وەدەست بێنێت.
Top