موسڵ و بەرهەم ساڵح و ئازار چەشتنی من
March 23, 2019
وتار و بیروڕا
دوای ئەوەی خەڵکی موسڵ ئەو سووکایەتیەیان بە بەىرهەم ساڵح کرد و وەک بینیمان جنێوبارانیان کرد و بە پەلەپروزێ رزگاریان کرد, هەمان ئەو پەیج و سایت و میدیایانەی یەکێتی گلەیی لە هەندێ پەیج و سایتی پارتی دەکەن گوایە سووکایەتی پێکردنی بەرهەم ساڵح لەوە گەورەتر دەکەن کە هەبووە.
لەسەرەتاوە من لەگەڵ پیاهەڵدانی پەیج و سایت و میدیاکانی یەکێتی نەبووم کە ئەو سەردانەی بەرهەم ساڵح بۆ موسڵ یان هەر شارێکی تری عێراق بە دەستکەوتێکی ئەوەندە گەورەی لێک بدەنەوە، چونکە ئەو بەناو سەرۆک کۆماری عێراقە و ئاساییە سەردانی موسڵ یان سەردانی هەر شار و شارۆچکەیەکی تری عەرەب نشینی عێراق بکات و پەیج سایت و میدیاکانی یەکێتی بۆ کورد بە دەستکەوتی بزانن و وەک موزایەدەی سیاسی بە لایەنێکی تری کوردی بفرۆشنەوە، بە هەمان شێوە لەگەڵ هیچ پەیج و سایتێکی پارتی یان هەر حزب و لایەنێکی تری کوردی نیم بەو سوکایەتی و جنێوبارانەی بەرهەم ساڵح خۆشحاڵ ببن، لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەی بەرهەم ساڵح ئەگەر هەستی کوردایەتیشی نەمابێ، ئەوا زمانی کوردی دەزانێ و بە هۆی ئەوەی کوردی دەزانێ سووکایەتی پێکردنی لە ناخەوە ئازارم دەدا.