ڕەزامەندی خەڵک
March 23, 2019
وتار و بیروڕا
نزیکەی سێدەیەیە ئازادی و سەربەستی بەرقەرارە، لەسایەیی حکومڕانی کوردی و کوردستانی دا فرەی و پلۆرالیزمی سیاسی و پێکەوەهەڵکردن(تۆلێرانس) سیمای گەش و پڕشنگداری کۆمەڵگای کوردستانە، هەرێمی کوردستان بۆتە ناوچەیەکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی کراوە بەڕووی خۆیدا وە بەڕووی ناوچەکە و جیهاندا، هەربۆیە بەردەوام چەمەکە گەردونی و مەدەنیەکان جێگای گفتوگۆ و قسەوباس بوە، لە نموونەی (مافەکانی مرۆڤ، پێکەوەهەڵکردن و گیانی لێکبووردن، پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جیاوازەکان، ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و بڵاوکردنەوە، پرسی ژنان و مافە مەدەنیەکان) بەدەربڕینێکی باشتر هەموو ئەوچەمکانەی کە پەیوەندییان بەهاووڵاتیبوون و کوردستانیبوونەوە هەیە جێگای لێوردبوونەوە و تێڕامان و گفتوگۆبوون. هەرئەمەش هۆکاری مانەوەی ئەزموونەکە و گەشەسەندنی کۆمەڵگای کوردستان بوو، خۆ لە ڕاستیدا ٢٨ ساڵ حکومڕانی تەمەنێکی گونجاو درێژنیە بۆ چەسپاندنی حکومڕانی، بەراورد بە میللەتانی ناوچەکەو دەوڵەتانی جیهان میراتێکی گەورە و دەوڵەمەندی حکومڕانیمان نیە، لێ هەستی مرۆڤدۆسی کورد و گیانی فیداکاری و عەشقی ئازادی داینەمۆی بەردەوامیدانی حکومڕانی کوردییە.
ئازادی و فرەیی و کراوەیی کۆمەڵگای کوردستان دەرفەتێکی زۆرباشبوو بۆ تەواوی پێکهاتەکانی کوردستان، تا بەو پەڕی ئازادی گوزارشت لە بیروبۆچونەکانمان بکەین، لەم دەرفەتە زێڕینەدا کۆمەڵگای کوردستان لە پاڵ سەربەستی و هەستبەخۆکردن و خۆبەیانکردندا، بنیاتی فەرهەنگ و ژێرخانی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی و هونەری خۆمانکرد، شارەکانمان بەرفراوان بوون و لەگەڵ دونیای تازەدا دەست و پەنجەمان نەرمکرد و بەردەوامین.
گەرەکمە ئەوەبڵێم ئەم ئەزموونە بە تەنها موڵکی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نیە. باشوری کوردستان بۆتە لانکەیەکی ئارام بۆ بەشێک لەو هاووڵاتیە کوردانەی لە پارچەکانی تری کوردستان تەنگیان پێهەڵچنراوە، باشوری کوردستان بوەتە ناوەندی دۆزی کورد، جیهانی نوێ مامەڵەی هەرێمی کوردستان دەکات وەک قەوارەیەکی سیاسیی کوردستانی ئازاد و دیموکرات، هەرئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان لە هەرچوارپارچەی کوردستان و تاڕاوەگەوە ئومێد و هیوای گەورە بەم ئەزموون هەڵبچنن، خەونی گەورەتری پێوەببینن. چاوەڕوانیەکانیان لێمانزیاتربێت.
بوونی فرەیی حیزبایەتی لە کوردستان دیاردەیەکی هاوچەرخەو کۆک و تەبایە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیەت، لە ئێستادا زیاتر لە (٣٠) حیزبی سیاسیی بەشداری ژیانی سیاسیی و چڤاکی دەکەن لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە چەند تەوژم و ڕەووتێک لە کێبڕکێی سیاسیی هەرێمەکەدا بەشدارن، رەووتی نیشتمانسازی بە پێشڕەوایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی پەڕلەمانیان بەدەستهێنانەوە، لەسەربنەمای گرنگیدان بە داخوازییەکانی خەڵک و بەجێگەیاندنی پەیمان و بەڵێنەکان، لەدەستپێک و سەرەتای خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان پارتی وەک هێزی یەکەم و گەورەهێزی کوردستان، بەهەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوی لەگەڵ هێزە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسیی لە گفتوگۆ و دانووستاندایە، بۆ چالاککردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک. پارتی لە ئەنجامی زەروورەتێکی نیشتمانی و نەتەوەییەوە دروستبوە و بۆ ئەوئامانجە بەرز و باڵایانە خەبات و تێکۆشانی بەردەوامە.