ئاگری نەورۆز ، رەمزی سەركەوتنی كوردە بە سەر داگیركەراندا ..
March 21, 2019
وتار و بیروڕا
ئەمساڵ گەلی كورد بە هەڵگیرساندنی مەشخەلێ ئاگر و بە هیوای ئازادی یەكجارەكی چوار پارچەی كوردستان پێشوازی لەم یادە پیرۆزەمان دەكات و زۆر بەشانازیشەوە ئاگر و جەژنی نەورۆز وەكو هێمای سەركەوتن و ئازادی بە پیرۆز و ناسنامەی خۆی دەبینێ. تا كوردێكی رەسەنیش مابێت بلێسەی ئاگری نەورۆز بەجۆشتر دەبێت. ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر كردنە عروبەو پاشكۆیەكانیان ئاگری نەورۆز بە كردەوەی شەیتانی و بتپەرستی ئەزانن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە باوەڕیان بەهیچ سەرچاوەیەكی مێژوی نیە كە لەپێش ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا هەبێت و بەرلە هاتنی ئیسلام دنیا دنیای گومڕایی و جەهالەتە.
بەپێی ئەفسانەکە کاوە کە ئاسنگەرێکی شۆڕشگێر بووە دژی زوحاک کە پاشایەکی ستەمکاربووە، راپەڕیوە و لە رۆژی نەورۆزدا کۆتایی بە دەسەڵاتی زوحاک هێناوە و فەرەیدون کە کوڕی یەکێک لە پاشاکانی پێشتری ئێران بووە دەبێتە پاشا.لەدوای هاتنی ئایینی ئیسلامیش بۆ کوردستان، کورد جەژنی نەورۆزی لەبیر نەکردووە، ئەگەرچی هەر لە کۆنەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هەندێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانی هەردوو ئایینی سووننە و شیعە دژی نەورۆز وەستاونەتەوە و تەنانەت هەندێکیشیان ئەو جەژنە بە حەرام دادەنێن.جگە لە رووە ئەفسانەیی و مێژووییەکەی، کورد نەورۆز بە جەژنی نوێبوونەوەی سرووشت دادەنێت، وەرزی سەرما و سۆڵە کۆتایی دێت و دەسپێکی ژیانەوەی سروشتە.
لە سەدەی رابردوودا بەهۆی قەدەغەکردنی نەورۆز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەورۆز لە باشووری کوردستان ببووە سیمبۆلی کوردایەتی و رزگاریخوازی، لە چەند دەیەی رابردووشدا لە باکوری کوردستان نەورۆز هەمان پێناسەی وەرگرتووە و ساڵانە بە دەیان هەزارکەس لە شارەکانی باکوری کوردستان لە رێوڕەسمی جەماوەریدا ئاگری نەورۆز هەڵدەگیرسێنن و وتاری سیاسی پێشکەش دەکرێت.بەشێکی زۆری شاعیرانی کورد هەر لە ئەحمەدی خانییەوە تا شاعێرەکانی ئەم سەردەمە شێعریان بۆ نەورۆز نوسیوە، بەڵام بەناوبانگترینیان نەورۆزەکەی پیرەمێردە کە بە دەنگی حەسەن زیرەک بەگوێی زۆربەی خەڵکی کورد ئاشنایە. نابێ و ناكرێ ئاگری نەورۆز كە رەمزی كاوەی ئاسنگەر و سەركەوتنی میللەتی كوردە بە سەر زاڵم و داگیركەران پاشگوێ بخرێت . ئەوەی دوژمنان ویست و ئاواتیان و رقیان لێیە ، ئاگری نەورۆزە كە دەیان ساڵە ویستویانە بە لە ناوبردن و قرٍ كردن رێگریمان لێبكەن لە ماف و ئازادی خوازیمان ..
بۆیە لە سەر هەر كوردێكی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر پێوست و ئەركە بە حەماسەتێكی زیاتر لە ساڵانیی رابردوو و ئاگری نەورۆز بكاتەوە و ئاڵایی پیرۆزی كوردستان لە هەموو شوێنەكان بشەكێنەوە ، ئەمەش وا دەكات كە دوژمنان باشتر لە كورد و كوردستان بێ ئومێد ببن . ئەوەی رقی لە ئاگری نەورۆز و خەباتی نەتەوەیمانە " تورك ،عەرەب و فارسە" كە هیچ كات و لە هیچ سەردەمێكدا لەوەتەی خاكی كوردستان داگیركراوە ویستویانە هەموو سەروەری و مافێكی ئێمە زەوت بكەن و بسرٍنەوە.ئەوەی لە سلێمانی بریاری لە سەردراوە بۆ خۆشەویستی عەفرین نییە ،بەڵكو بریارێكی سیاسیە بۆ خۆ دزینەوە لە ئاگری نەورۆز كە رەمزی سەركەوتنی كورد و شكستی داگیركەرانی كوردستانە ، بۆیە دەبێ زۆر هوشیار و ئاگا بین و لە ناخۆشترین ساتەكاندا ئاگری نەورۆز فەرامۆش نەكەین ،چونكە رەمزی یەكریزی و سەركەوتنی كورد و كوردستانە . بۆیە نەورۆز بۆ ئێستا ، ئایندە و داهاتوو رەمزی سەركەوتنی كوردە بە سەر داگیركەراندا.