بەهۆی بەقاچاخبردنی نەوت سەرانی حەشدی (میللی و عەشایری و توركمانی) دژی چارەسەری كێشەی كەركووكن
March 20, 2019
وتار و بیروڕا
بارودۆخی ناوچەكانی سوننەنشین بەهۆی رەفتارو هەڵسوكەوتە سیاسییەكانی سوننە تا بڵێی خراپە، ئەوانە كەوتوونەتە ژێر باری هێزە سیاسییەكانی شیعەوە، چونكە سیاسەتوانانی سوننە ناوچەكانیان رادەستی سیاسەتوانانی شیعە كردووە و گوێڕایەڵییان بۆ ولایەتی فەقیهـ راگەیاندووە، ئەوانە دەتوانین بە پیاوانی سوننە ناوزەدیان بكەین، بۆیە لە ئەنجامی ئەو ستەم و برسێتی و پەراوێزخستنەی كە ناوچە سوننەنشینەكان تووشی هاتوون، سیناریۆكەی ساڵی 2014 دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەم جارە تەڕو وشك پێكەوە دەسووتێت، واتا رێكخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری پارێزگا شیعەنشینەكانیش دەدات، چونكە زۆربەی دانیشتووانی ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق وەك راوەو عانەو حسێبە جارێكی دیكە جانتاكانیان پێچاوەتەوە، لە ترسی ئەوەی نەبادا داعش هێرشیان بۆ بێنن، جارێكی دیكەش عەرەبی سوننە و شیعە پەنا بۆ هەرێمی كوردستان دێننەوە، دیارە ئەمەش لە ئەنجامی شكستی ئیدارەدانی حوكمڕانییە لەلایەن سیاسەتوانانی سوننە و شیعەوە، چ لەسەر ئاستی پارێزگاكان، یان لەسەر ئاستی حكومەتی ناوەند لە بەغدا.
قۆناخی ئێستا زۆر مەترسیدارە، وا پێویست دەكات عەشائیری سوننە واز لە تێڕوانین و لێكدانەوەی سیاسەتوانە شكستخواردووكان بهێنن، رووبكەنە نیازپاكی، كە خۆی لە كاك مسعود بارزانی دەبینێتەوە كە هێمای نیشتمانییە لە عێراق، دەست بكەن بە هاوپەیمانێتی و رێككەوتن تاكو خەڵكی ئەو ناوچانە لەو مەینەتی و ماڵوێرانییە رزگاربكەن، پێشتر نەوتەكە لەلایەن رێكخراوی داعشەوە بە قاچاخ دەبراو دواتریش نەوتی كێڵگەكانی موسڵ و عەلاس و عجیل لە كەركووك، نەوتیش بە هاوكاریی لایەنی توركی و ئێرانییەوە لەلایەن داعشەوە دەدزرا، دوای رزگاركردنی سەڵاحەددین و نەینەوا و شەرگات و گەیارە، هاتینە نێو قۆناخی دووەمەوە لە بەتاڵانبردنی نەوت، ئەویش لەلایەن حەشدی شیعە و عەشایرییەوە، وەك قسەیەكی عەرەب كە دەڵێت: (لەجیاتی ئەوەی كلی تێ بكات، كوێری كرد) ئەوەش كارەساتە گەورەكەیە و بەم شێوەیە:
- لە كەركووك رۆژانە نەوت لە كێڵگەكانی باباگوڕگوڕ و بای حەسەن و جەمبورو چەمچەماڵ و حەمرین و خەبباز لەلایەن حەشدی شەعبی و حەشدی عەشائیری و حەشدی توركمانییەوە بەقاچاخ دەبرێت، ئەمەش بۆتە بەرنامەی رۆژانەو مافێكی دەستووریی ئەو حەشدانە.
- لە پارێزگای سەڵاحەدین نەوت لە كێڵگەكانی عجیل و عەلاس لەلایەن حەشدی شەعبی و حەشدی عەشائیریی سەر بە پارێزگاكەوە بە تانكەر بۆ خورماتوو، لەوێشەوە بۆ ئێران بەقاچاخ دەبرێت.
- بەڵام لە پارێزگای نەینەوا لە كێڵگەكانی سەفیەو عێن زالە و گەیارەو بەتمە و نەجمە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بە رێی چیای حەمرینەوە بۆ خورماتوو بە قاچاخ دەبرێت.
لەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە سەرانی حەشدی شەعبی و حەشدی توركمانی و حەشدی عەشایری هیچ چارەسەرێكیان بۆ كەركووك ناوێت و پێیان خۆشە دۆخەكە دوای رووداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر هەروەك خۆی بمێنێتەوە، لەترسی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كەكووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان، چونكە ئەو هێزانە رێگە لەو دزو چەتە و شەمشەمەكوێرانە دەگرن، كە نەوت بەقاچاخ دەبەن، بە بۆچوونی ئەوان ئەوەی كە دەیكەن رەوایە و مافێكی دەستوورییە، كەچی بە پێچەوانەوە لە ماددەی (140) دەڕوانن، ئەمەیە كارەساتە گەورەكە، چونكە لە عێراقدا راست بۆتە چەوت و چەوتیش بۆتە راست.
من پێشنیاریێك بۆ چارەسەری كێشەی كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكەم، كە ئەم رێككەوتنە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە بگرێتەوە كە دوچاری كاولكاریی ژێرخان بوونەتەوە لەسەر هەموو ئاستێك، هەروەها چەند فەوجێكی هاوبەشی برایانە لە خەڵكی ئەو ناوچە تێكەڵنشینانە پێكبێت لەپاڵ هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و خۆبەخشانی گەنجانی ئەو ناوچانە، بۆ سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع، لەو حاڵەتەدا حكومەتە خۆجێیەكان و حكومەتی فیدڕاڵ ئەم ئەمری واقیعە قبووڵ دەكەن و هەموو هێزو پێكهاتەكانی حەشد بە هەموو ناوەكانیانەوە لەو ناوچانە دەكشێننەوە، پێشتر هەر خۆم لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی لیستی برایەتیی كەركووك لە ساڵی (2014) دوای ئەوەی داعش یەك لەسەر سێی رووبەری خاكی عێراقی داگیركرد، پێشنیارم كرد كە سیاسەتی ئەمری واقیع بەسەر ناوچە كێشەلەسەرەكاندا بەتایبەتیش كەركووك بسەپێنین، ئەوكاتە ئەم پێشنیارەم بووە مایەی دڵتەنگی و نیگەرانیی یەكێك لە كوتلە سیاسیەكانی نێو پێكهاتەی لیستی كەركووك، بۆیە دوای رووداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر ئەو دیدو بۆچوونەم بۆ دەركەوت.