سایکۆلۆژیای نەورۆزی کوردستانیان

سایکۆلۆژیای نەورۆزی کوردستانیان
نەورۆز ئەو جەژنەیە، کە لە بنەڕەتدا زادەی مێنتالیتە و کەلتوور و فەرھەنگی کوردەکانە، و ئەمرۆ نەک تەنھا ئاریاییەکان بەڵکۆ ئەو نەتەوانەی کە سەردەمانێک لە ژێر ئاڵای دەستھەڵاتدارانی ئاریایی ژیاون پەیرەوی دەکەن و بە شانازییەوە تیایدا بە جۆش و خرۆشەوە شاھی و ھەڵپەڕکێ دەکەن و ئاھەنگ دەگێرَن، و تەنانەت ھەندێ لەو نەتەوانە لە شارستانیەتە کۆنەکاندا لە دوژمنە سەرەکیەکانی ئاریاییەکان بووون، و ئێستا یادی نەورۆز دەکەنەوە و بە تایبەت لە دوای دانپێدانی رێکخراوی یۆنسکۆ بەو جەژنە، لە جیھاندا زیاتر بایەخی پێدەدرێت.
***
وەک دیارە ئەو رۆژە لە یەکەم رۆژی ئادار، و لە ھەمان کاتدا بە پێی ساڵنامەی کوردەواری و ئاریاییەکان، یەکەم رۆژی ساڵە، و لەبنەڕەتدا بەناوی ھۆرمۆزد، کە ناوێکە لە ناوەکانی ئەھوەرامەزدای یەزدانی یەکتا و بێ ھاوتا، کە کوردەکان لە پێش زیاتر لە چھار ھزار ساڵ و دوای دەست ھەڵگرتن لە پەرستنی ھێماکانی سروشتی وەک خۆر و مانگ، دەستیان بە پەرستنی کرد و رۆژانە پێنج نوێژیان کردووە، و ھەندێ لە سەرچاوەکانیش لەو بڕوایەدان بۆ سەردەمی پیشدادییەکان کە بەرەبابی زۆر کۆنی ئاریەکانە دەگەڕێتەوە.
بە پێی بیروباوەری ئاریاییەکان، لەو مانگە و رۆژەدا، فرەوەھەر(fravahar)، کە ھێزێکە لە لایەن یەزدانی چاکە لە ئاسمانەوە دادەبەزێ تا چاکە لە سەر زەوی بڵاو بکاتن، و لە شێوەی باڵندەیەکە کە لە ناوەندی باڵەکان سەرێکی وەک مرۆڤی پێوەیە. دەگۆترێتن رۆحی کەسانی پاک، کە لە دوای مردنیان لەو ئاسمانە جێگیر بوونەتەوە، لەو کاتە دا دین تا سەردانی کەس و کاریان لە سەر زەوی بکەن. بۆیە ئارییەکان ھەوڵدەدەن بە خاوێن راگرتن و پاککردنی خۆیان و خانووەکانیان پێشوازییەکی گەرمیان لێوە بکەن، و دیارە ھەڵکردنی ئاگری نەورۆزیش بەشێکە لەو نەریتە و پێشوازیکردنەیان.
لەھەمانکاتدا ئارییەکان لە کۆندا بایەخێکی زۆریان بە لایەنی سایکۆلۆژیای ژیان و پاراستنی ئارامی و ئاسوودەیی و دەرووندروستی و تەندروستی داویانە، و جگە لەوەی کە زۆر رەفتاری ناوازە و ناراستیان بە (حەرام) و تاوان و گۆناھی گەورە زانیوە، لە ھەمان کاتدا خۆیان لە خەم و پەژارەیی و گریان و شین دووردەخست، و ئەو جەژنە نموونەیەکە لە زۆر جەژنی دیکەی ئەوان کە دەربڕی حەز و ویستیانە لە خۆشی و شادی.
و ئاگر لەو جەژنە نەتەوەییەدا سیمبۆلێکی پڕ واتا و بەڕامانە، و بە پێچەوانەی زۆرێک لەو بۆختان و پرۆپاگندانەی بێ بنەما لە دژی ئەوان، کە دەگۆترێتن ئاری و کوردەکان ئاگرپەرێستن، و ئەوەش دوورە لە راستی و لۆژیک، ئاگر زۆر راستی دیکە دەسەڵمێنێ کە نیشاندەداتن چەند لایەنی دەروونی لای ئەوان گرنگ بووە.
ئاگر (یان وەک لە شارستانیەتی کۆن بە ئاتوور دەھات) یەکَیکە لە پاککەرەوە بەھێز و ئەلەمێنتە سەرەکییەکانی گەردوون و بوون، و بەدیتنی زۆر نەتەوە و بەتایبەت کوردەکان، ئاگر سیمبۆلێکە لە یەزدانی پاک و بێگەرد، و لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ھەڵبژارتنیەوە لە لایەن زەردەشتی سپیتمانی کورد، ئەو کەسەی کە بە پێچەوانەی تێگەیشتنی خەڵکی لە ناوەکەی، ناوێکە لە بنەڕەتدا واتای راستگۆیی دەگەینێ، کە خۆدی ئەو پەیامبەرە بەھۆیەوە ناسراوە و راستگۆیی لە بنەما سەرەکییەکانی ئایینەکەیەتی. بۆیە ئاگر زۆر خەسڵەت ھەڵدەگرێ.
لەو روانگەیەوە ئاگر پا و بێگەرد و خاوێن، و ھەروەھا درەخشان و رووناکییە، و وەک چۆن ئاگر ھەمیشە بەرەو ژوور ھەنگاو دەنێ و بەرز دەبێ، دەبێ پەیرەوانی زەردەشتیش بەھەمان شێوە بەروە سەرکەوتن و پێشکەوتن و سەرفیرازی و گەیشتن بە لووتکە بڕۆن و ھەنگاو بنێن، نەک بەرەو ژێر و خوارەوە و دواکەوتن و کەوتنە ژێر کاریگەری لایەنە رەمەک و لاوازییەکان و پاشەکشە، و نابێ ھەرگیز لەدەستکەوتن بە ئامانجە بەرز و باڵاو پیرۆزەکان پاشگەز ببنەوە.
ئاگری نەورۆز ئەو ئەلەمێنتە بەھێز و پاک و خاوێنەیە، کە ھەر ناپاکی و پیسی و ناخاوێنییەک لەناودەبات و پاک و بێگەرد دەکات. بۆیە دەبێ زەردەشتییەکانیش لە دژی ناپاکی و پیسی و خراپە بوەستن، و خۆیان وەک ئاگر پاک و خاوێن بکەن. ئاگر خۆی دەدرەوشێ و رووناکایی دەدات، بۆیە کە دەگاتە ھەر شتێک ئەو شتەش رووناک و درەوشاوە دەکات، واتە ئەو مرۆڤەی کە خۆی سەرچاوەی زانست و تێگەیشتنە، وەک ئاگر زانست و تێگەیشتنی خۆی بگۆازێتەوە خەڵک و کەسانیتر، و وەک ئاگر بێ و ئێرەیی و چکۆسی و چاوچنۆکی لەو کارە و لە بەخشندەگیدا نەکات، و ببیتَە سەرچاوەی بەخشین.
ئاگر سەرچاوەی جوانی و بناغەی ژیان و جووڵەیە، و بەردەوام لە بزاوتن دایە، و ئۆقرەیی و بێ وچانی و ماندووبوون ناناسێ. بۆیە مرۆڤێکی ئاریایی دەبێ بەھەمان شێوە، ماندووبوون لە بیر خۆی ببات، و پڕ بێ لە جۆش و خرۆش و وزە و ئێنێرژی و ھێز و توانایی.
زەردەشتی کوردی راستگۆ، ویستوویەتی بە بەسیمبۆلکردنی ئاگر بە رەنگی زەرد، کە رەنگی زەردی نێو ئاڵای کوردستان و لە چوارچێوەی خۆرێکی (٢١) گۆشەییدا نموویەکە لێی، نیازی وایە کەسایەتی مرۆڤ خاوەن خەسڵەتی جوان و بەھای بەرزی مرۆڤی و کۆمەڵایەتی بێ، و کەسێکی دروستکار و پاک و ئەرکناس و لە ھەمانکاتدا بەرامبەر خۆی و دەوروبەری بەرپرسیار، و مرۆڤێکی بەرھەمھێنەر بێ. ئەو مرۆڤەی، کە ئایین و فەلسەفە و رێبازەکانی دیکەش ھەوڵ بۆ دروستکردنی دەدەن و ھزاران ساڵە ئاواتەخوازینە.
بۆیەش دەبینین کە لە وڵاتی ئاریاستانی جاران، ئاگرخانەکانی ئەو کات، تەنھا شوێنی خۆاپەرێستی نەبووە، بەڵکۆ تیایدا پرۆسەکانی پەروەردە و فێرکردن، چارەسەری نەخۆشیەکانی جەستەیی و دەروونی، نەھێشتنی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانیش بەڕێوەدەچوو.
زەردەشت بە ھەڵگرتنی دروشمی "رێزگرتن لە ھەموو کەس و تەنانەت گەورەترین دوژمن" وەرچەرخانێک بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەو فەلسەفەیەی خەڵک و پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان لە کاتی راپەرینی مەزنی خۆیان ھزاران دیلی سەرباز و ئەفسەری سوپای عێراقی بە رێزەوە ئازاد کرد لە کاتێکدا بەر لە دوو ساڵ بەشداری ئەنفاڵ و جینۆسایدی حەلەبچە ببوون. بۆیە دەبینین کە دەرکێ نەورۆز ببێتە یەکێکە لە ھێماکانی، و لە ساڵ و سەدەکانی داھاتوودا، وەک بەشێک لە کەلتوور و فەرھەنگێ رەسەن و ھەمیشەیی کوردەواری، لە جیھاندا دەبێتە ھەوێنێک بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی و یەکپارچەیی مرۆڤایەتی و گشت نەتەوەکان، و بەتایبەت دروشم و سیمبۆلێک لە دژی تیرۆر و نادادپەروەری و زۆرداری و ستەم و ململانێ بێ واتاکنی نەتەوەکان، و کورد وەک ئاگر و چرایەکی رووناک لە ناوچە و جیھان دەدرەوشێتن و دەبێتە نموونەی پێکەوە ژیان و مرۆڤدۆستی، و ئاواتی ھەرە دێرینی مرۆڤگەرایی و ھیومانیزم دێتە دی.
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە: ١-مھرداد مھرین(٢٠٠٢): فلسفە الشرق، ترجمە:محمود علاوی. ٢- عبدالعڤیم رچائی / ێدیق بوورەکەیی (١٣٧٦ / ١٣٨٥): تاریخ پنج / دە ھزار سالە ایران.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top