ناكرێت چیتر پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم،حكومەت و خزمەتگوزارییەكان دوابخرێت ..
March 17, 2019
وتار و بیروڕا
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانەی راگەیاندنی بڕیاری هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، زۆر جوامێرانە هەڵوەستەی لەسەر ئەو خاڵە گرنگە كردەوە كە سەركەوتن بەسەر ئەو قەیرانە سەختەی ئابووری كە چەندین ساڵ بوو یەخەی هەرێمی كوردستانی گرتبوو، بە پلەی یەكەم گێڕایەوە بۆ تێگەیشتنی نیشتمانییانەی فەرمانبەرانی كوردستان لەگەڵ حكومەتی خۆیان، هەروەها بۆ هاوكاری و تێگەیشتنی تەواوی چین و توێژەكانی كوردستان لەگەڵ ئەو قەیرانە سەختەی بەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گرتبوو. ئەم پێزانینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ هەڵوێستی جوامێرانەی فەرمانبەران و تێكڕای خەڵكی كوردستان، جیا لەوەی هەڵوێستێكی نیشتمانییانەی بەرز وێنا دەكات، لە هەمانكاتدا پیشاندانی گەورەیی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە كە بەسەر قەیرانێكدا زاڵ بوون و بەمەش ئیرادەی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتیی حەكیمانەیان سەركەوتنی بە دەسهێنا..لە پێناو حكومەت وكوردستانێكی بەهێز تەنها بەرژوەندییە باڵاكانی خەڵك گرنگە .دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری 2017، حكوومەتی عێراق بە هاوكاریی هەندێ وڵاتی هەرێمی، گەمارۆیەكی زۆری ئیداری و دیپلۆماسییان خستە سەر هەرێم، بەڵام سەركردایەتیی سیاسیی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، توانییان لە رووی دیپلۆماسییەتی خۆیانەوە ئەو ئابڵووقەیە تێك بشكێنن و دەرگای وڵاتانی جیهان بۆ جارێكی دیكە بە رووی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا بكەنەوە.وێڕای ئەو هەمووە گەمارۆیەی ساڵی رابردوو، كە لە رووی دیپلۆماسی و ئیداری و ئاسمانییەوە خرایە سەر هەرێمی كودستان، بەڵام لە ئێستادا ئەو ئابڵووقە و كێشانە نەماون، ئەویش بە هۆی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی تواندرا ئەو گەمارۆیانە تێك بشكێندرێن.حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مەترسیدا بوو، بووە هۆی دروستكردنی سایكۆلۆژیایەكی خراپ، بەڵام بە هەوڵی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی و بە پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی، لێكەوتەكانی ئەو رووداوە وردە وردە نەهێڵدران، ئێستایش هەرێمی كوردستان جۆرێك لە سەقامگیری تێدا دروست بووە، دڵنیاییەكیشی لای هاووڵاتیان دروست كرد، گەرچی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم گرژی لە نێوانیشیاندا بێت، پەنا بۆ چەك نابرێت و شەڕی ناوخۆ ڕوو ناداتەوە.ئێستا هەرێمی كوردستان بە رووی جیهاندا لە بەردەم كرانەوەیەكی نوێدایە، هەر بۆیە غەفوور مەخمووری جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو پردە رووخێندراوانەی ساڵی 2018 و 2018 بنیات نراونەتەوە و هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، نموونەیش بە سەردانی سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان ، سەردانیكردنی وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا و وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ هەولێر دێنێتەوە، كە نیشانەی بەهێزیی پێگەی هەرێمە لە ناوچەكەدا. لەدوای چەندین ساڵ دەنگدەری كوردستانی سەنگی هێزەكانی نیشانداو وشیارانە پێیان گووتین، دەبێ زەمەنی ناچار بوون بۆ پەنجا بە پەنجا و حكومەتی بنكە فراوان، بە گەیشتنی زەمەنی زۆرینەی هەرە زۆرینە رەتبكەینەوە، بۆیە باڵانسی هێزی یەكەم دووجار و نیو بە قەت هێزی دووەمە، كەواتە لێرەوە ئاسۆی زەمەنێكی نوێ هەڵاتووە و زەمەنی خواستی پەنجا بە پەنجا كۆتایی هات . كاندیدكردنی هەر دوو بەرێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسرووربارزانیی بۆتە جێگەی هیوا و ئایندەیەكی گەش بە تایبەت دوای شكاندنی گەمارۆكانی سەر هەرێمی كوردستان . هەر یەك لەو دوو بەڕێزە، دەتوانن گۆڕانكاریی خێرا ئەنجام بدەن، بەو پێیەی دوو كاراكتەری بەهێزی سەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستانن، بە دڵنیاییشەوە رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان سەرۆك مەسعوود بارزانی لە پشتیانەوە دەبێت، هێز و توانای خۆیشیان لە سەرۆك بارزانییەوە وەردەگرن، هاوكات ئەزموونی باشیشیان لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە.لەلایەكی دیكەوە كاریزمایی سەرۆك بارزانی لە هەرێمی كوردستان، هاوكات ئەو پەیوەندییە باشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەند و وڵاتانی چواردەور و جیهان، ئەو وەرچەرخانانەی دێنە پێش بە سوودی گەلی كوردستان بن..