(لە۱٤ی ئازاردا واز لە یادی تەقلیدی بێنن)
March 16, 2019
وتار و بیروڕا
٭بارزانی لەهەلومەرجێکی دژواردا دێتە دونیاوە کە کۆمەڵێک زوحاک خوێنی میلەتەکەی دەمژن ،ئەو لەنێو خێزانێکی شۆڕشگێڕو لەکوانوی و خەباتەوە چاوهەڵدێنێ و بەدرێژایی مێژووی تەمەنی خۆی و تەواوی بنەماڵەکەی دەکات بە قوربانی بۆ ئازادی نەتەوەکەیی
٭بارزانی هەڵگری فیکری ناسیۆنالیستی کوردە کەلە شەهید(شێخ عبدالسلام)یەکەمەوە بۆی ماوەتەوەو بەدرێژی تەمەنی خۆی و شۆڕشەکەی بۆ ساتێکیش پاشەکشەی لێ نەکردو ئیلهام بەخشی ڕۆحی کوردایەتی و نیشتیمان پەرورەری بوو
٭شۆڕشی ئەیلوول تەنها بزاوتێکی چەکداری و سەربازی و پارتیزانی نەبوو بەڵکو بارزانی لەیەک کاتدا بەچەک دژی زوڵمی داگیرکەران و بەبیروباوەڕیش خەریک لەبن هێنانی ڕەوتی ناشرین و نادروستی کۆمەڵایەتی بوو وە کۆتایی بەزۆر دیاردەی ناشرینی کۆمەڵایەتی و نەخۆشی پیسی کۆمەڵگە هێنا،وەتوانی ڕێبازێکی گەورەو قوڵ و دەوڵەمەند لەدوای خۆی بەجێبهێڵێت کە هەمیشە کانیاوی بیری نوێ و چاکسازی لێ دەچۆڕێت و سروشت بەخشی ڕۆحی لێبوردەیی و خاکەڕایی و سادەیی لێدەچۆڕێت
٭لەم ساڵیادە مەزنەدا زەمەنێکە دەبینین کە چالاکی جۆراوچۆر ئەنجام دەدرێت کەمن من دژی هیچ لەو چالاکیانە نەبووم و نیم وەلێ گەشتووم بەو قەناعەتەی کەهەندێک لەو چالاکیانە تەقلیدی و بێ ناوەرۆکن و هیچ جێکەوتەیەکی شیاو لەدوای خۆیان جێناهێڵن
٭ئێستا کە پارتی لەهەمووکات زیاتر لەترۆپکی هێزو قوەتیدایە دەبێت لەهەموو کات زیاتریش دەست بە ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانیەوە بگرێت تا ڕاستە ڕێگەی خزمەتکاری و خاکەڕایی بیرنەچێتەوەو بۆهەمیشە خزمەتکاری گەل و نیشتیمانەکەی بێت
٭ئێمە زەمەنێکە باسی ئەو دابڕانە گەورەیە دەکەین لەنێوان هەندێک لەبەرپرسانی پارتی و کەوادرو گەل بەگشتی دروست بوە ئەم ڕەوتە مشەخۆرە خراپ ڕەفتارە کە خەریکە دەبن بە شێرپەنجەی کوشندە بۆ پارتی کاتی ئەوەیە ببڕێن و کۆتاییان پێبهێنرێت باشترین ڕێگەش بۆ بنبڕکردنی ئەم مشەخۆرانە گەڕانەوەو دەستگرتنە بەڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانی باوکەوە
٭بۆیە لەم ڕۆژە پڕشکۆیەدا لەبری چالاکی تەقلیدی و وێنەگرتنی فیسبوک و خۆدەرخستنی سەرشاشە کاتی بەخۆدا چونەوەو گەڕانەوەیە بۆ ناوەرۆک و کرۆکی فلسەفەی بارزانیزم کە ئەویش(عەدالەت و دادپەروەری و خزمەتکاریی)ە.
ڕێبین ڕەحیم