ھەڵەبجە شوناس و زامێكی لە بیرنەكراو بە جەستەی كورد و كوردستان ..
March 16, 2019
وتار و بیروڕا
گەلی كورد ، وەك نەتەوەیەكی رٍەسەنی رۆژهەڵاتی ناوین دەیان ساڵە بە هۆی داكۆكیكردن لە مافەرەوا زەوتكراوەكانی رووبەرووی هەرٍەشە و كۆمەڵكوژی گەورە بۆتەوە ،یەكێك لەو كارەساتە تراژێدیانە ، كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بوو . كورد بە درێژایی مێژوو بە هۆی داگیركردنی خاك و نیشتیمانی و دواتر داواكاری و داكۆكیكردن لە سەر مافەرەواكانی لە لایەن داگیركەران و رژێمە یەك لە دوای یەكانی ئێراق تووشی جینۆساید بۆتەوە یەكێك لەو كارەساتانە ، كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بوو كە لە چەند خۆڵەكێكدا 5000 هەزار كەسی مەزڵوم بوونە قوربانیی.ئەم كارەساتە لە دوا ساتەكانی خۆ ئامادەكردنی گەرم و گوڕی خەڵكی شاری هەڵەبجە بۆ ڕۆژانی جێژنی نەورۆز و ژیانەوەی سرووشت ڕووی دا .كارەساتەكەی هەڵەبجە،چرۆی سەر دار و درەختی كووچە و كۆڵانەكانی شاری بچووك و نازداری هەڵەبجەی ژاكاند و هاواری و ناڵەی كۆرپەی باوەش دایكانی كپ كرد . لە بەهاری ئەوساڵە دا خاكی هەڵەبجە لە بن زامی دووكەڵ و بریندا، شینایی بە خۆوە نەبینی.
شازدەی ئازار 1988ی ، فڕۆكەكانی ڕژێمی بەعسی ئێراق، بە فەرمانی سەددامی لەناوچوو، ژاری مەرگیان بەسەر هەڵەبجە دا باراند و ئەوەندەی پێ نەچوو كە پێنج هەزار پیاو و ژن و منداڵ،وەك گەڵاڵەی سیس و ژاكاو ، لە ناو غوربەتێكی هەژێنەردا بۆ هەمیشە سەریان نایەوە .ئەوانەی پاش ئەم كارەساتە، مانەوە، بە دەم ئازار و برینەوە، هەموو ساڵێك لاپەڕەی مێژووی كارەساتباری تاوانكاری دژە مرۆیی هەڵدەدەنەوە و لە دووریی قوربانییان، فرمێسكی حەسرەت هەڵدەڕێژن، حەسرەت لە دەس ئەوەی كە چلۆن لە جیهانی دەورگێڕەكانی دەسەڵات دا گیانی مرۆ وەك داشە و مۆرەی پیادەی شەترەنج، بێ نرخە.
كارەساتی هەڵەبجە، تەنیا یادەوەریی تاڵی قەڵاچۆی جەماوەرێك بەدەست دیكتاتۆرێكی دڵڕەق نییە ؛بەڵكوو میناك ڕووداوەكانی هیرۆشیما و ناكازاكی، هێما بۆ قۆناخێكی هەرە تاڵ و پەڵەیەكی بۆر و ڕەشی ناو مێژووی سیاسیی و شەڕێكی هەژێنەر و دەستكردی سیاسەتی ساچاندنی ڕۆژاوا و هاوكاری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ ستەمكاران و تاوانكارانە.كارەساتی هەڵەبجە ، هێمای تاوانی جەنگیی بەدژی خەڵكێكی ستەملێكراو لەیەكێك لە دوورەدەسترین كوێستانەكانی زاگرۆسە كە مەرگیان، ناوبانگی بە شارەكەیان بەخشی.هەڵەبجە ئەو شارە بوو كە لە ١٦/٣/١٩٨٨ بە بریندار كردنی زامێكی قووڵی كردە دلی هەموو تاكێكی كوردستانەوە، كە بۆ یەكەمین جار چەكی كۆمەڵكوژی كیمیایی لەسەر خەلكی بێتاوان و مەدەنی ئەو شارە تاقیكرایەوە لەسەر دەستی رژێمی رووخاوی بەعس، بە سەرپەرشتی علی حسن مەجید ناسراو بە علی كیمیایی. ئەوەی جێگای داخە، هەموو ووڵاتانی جیهان بێدەنگیان هەڵبژارد لەم مەرگەساتە لە پێناو بەرژەوەندییان لەگەل رژێمی بەعسی ئەوكات. بەداخەوە لەم كارەساتە جەرگبرەدا بە هەزاران مەدەنی و بێتاوان و ژن و منداڵ بوونە قوربانی، سەرەرای تووشبون و بریندار بوونی چەندان هەزار خەلكی سیڤیلی تر لە هەلەبجە و دەوروبەری.لە ساڵیادی ئەو كارەساتەدا و شەهیدكردنی هەڵەبجەی بووكی كوردستان، كە مێژووی كورد و خەباتی كوردی قۆناغێكی تر بردە پێشەوە و گەلی كوردی بە هەموو دنیا ناساند. بە هیواین كە رۆحی قوربانیانی هەڵەبجە ئاسودە بكرێت و برینەكانی هەڵەبجەییەكان سارێژ بكرێت ئەویش بە ئاوڕدانەوەی زیاتر لەم شارە و قەرەبوو كردنەوەی سەرجەم كەسوكاری قوربانیان و دانیشتوانەكەی، هەروەها یەكڕیزی بۆ بەرەوپێش چوونی دۆزی رەوای گەلەكەمان و پاراستنی دەسكەوتەكان و گەرٍاندنەوەی ناوچە داگیركراوەكان و بەرەو بەدەسهێنانی دەوڵەتی كوردستان ..
كیمیا بارانی هەڵەبجە یەكەم تاوانە كە ڕژێمێك بەچەكی كیمیایی هێرش بكاتە سەرگەلەكەی خۆی.كاتێك سەدام حسێن چەكی ژەهراوی بەكارهێنا بۆ هێرش كردنە سەر خەڵكی سیڤیلی هەڵەبجە كە بووە هۆی شەهیدبوونی نزیكەی پێنج هەزار و بریندار بوونی دەهەزار هاوڵاتی كورد لە شارۆچكەی هەڵەبجە،ئاشكرایە كارەساتی هەلەبجە بە گەورەترین تاوان هەژمار دەكریت كە لە دواهەمین رووداوەكانی مێژووی عێراقدا بە رەشی ماوەتەوە و درندایەتی ئەم جۆرە مرۆڤانە لەبەرپاكردن و ئەنجامدانی ئەم تاونانەدابەیەكجاری دەركەوت.لەلایەك ئەمە نەك هەر پێشێل كارییەكی روون و ئاشكرای مافەكانی مرۆڤە بگرە ئەم جینۆسایدە كەمەبەست لێی قڕكردنی تەواوی یان بەشێكی زۆری میللەتی كوردە بەشێوەیەكی سیستەماتیكی كە خۆی لە پرۆسەیەكی ئەشكەنجەیی جەستەی و دەروونیدا دەبینیەوە .
بێشك سیاسەتی ناوخۆی ڕژێمی عێراق و سەدام حسێن بەو پێشێلكاریانەی ئەنجامیان دەدا بەرامبەر بە میللەتی كوردو بۆ كەم كردنەوەی ژمارەی تاوان وكارە داپڵۆسێنەرەكانی دژی مافەكانی مرۆڤ لەلایەك و كەمكردنەوەی قوربانیانی سیاسەتە دڕندانەكی لەلایەكی تر پێویستی بە دەست تێوەردانی دەرەكی دەكرد بۆ لابردنی لە دەسەڵات .
سەدام حسێن لە ساڵی١٩٧٩ وە گەیشتنی بەدەسەڵات تاكو دوورخستنەوەی لە دەسەڵات لەساڵی٢٠٠٣ دا بەرپرسیار بووە بەرامبەر چەندەها تاوانی نا مرۆڤانە وەكو پرۆسەی شاڵاوی كۆمەڵ كوژی ئەنفال لە ساڵی١٩٨٧كه تیایدا زیاتر ١٨٠ له سه دو هه شتا هه زار هاولاتی كورد بونه قوربانی ،وە هێرشە كیمیایەكەی هەڵەبجە لەساڵی١٩٨٨ و بێسەرو شوێن بوون و لەناو چوونی نزیكەی یەك ملێۆن مرۆڤ.وەدوای نەمان ودوورخستنەوەی لەدەسەڵات مانگانە بە سەددان لاشە دەدۆزرێنەوە كە ڕژێمی سەدام زیندە بە چاڵ و كۆمەڵكوژی كردوون لە كاتی شاڵاوی ئەنفال و هەڵەبجەدا كە بەجینۆسایدی میللەتی كورد دەناسرێت و تیایدا سڵی لەهیچ بەهاییەكی ئەخلاقی نەكردەوەو چەكی كیمیایی بەكارهێنا.جێگەی ئاماژەیە ئەم ڕژێمە بۆبەدیهێنانی هەرئامانجێكی سیاسی یان سەربازی سلی لە هیچ تاوانێك نەدەكردەوە وهەموو سنوورەكانی بەزاندبوو لە پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤداهەڵەبجە بووە كۆكەرەوەی گشت زامەكانی یەك سەدەی كوردو هەر كە باس دێتە سەر ستەمدیدەیی كورد راستەوخۆ هەڵەبجە بەبیر دەهێنرێتەوە، بەهەمانشێوەش ئەو تاوانە گەورەیەی كە دژی ئەنجامدرا بووە هەوێنی راپەڕینی گەلەكەمان و دواجاریش نغرۆبوونی كورسی دەسەڵاتی رژێمی رووخاویی بەعس . ئێستا كەش دەخوازێ ئەو بیرەوەری ئەو كارەساتە ببێتە هەوێنی یەكریزی و تەبایی گەلی كورد و پاراستنی گشت دەسكەوتەكان و هەنگاونان بەرەو كوردستانێكی بەهێز لە پێناو رووبەرووبوونەوەی رووداو و پێشهاتەكان و بەدیهێنانی مافەرەواكانی كورد و كرودستان ..