کورد لە عێراقدا بەکەم ڕازیدەبێت؟!
January 27, 2019
وتار و بیروڕا
لە دوای ڕێکەوتنی سایکس پیکۆ زیندوترین و بەھێزترین دۆزێک ناوچەکەی ھەژاندبێت دۆزی کوردە، عێراق بە فۆڕم و شێوەجیاوازەکانی حکومڕانیدا تێپەڕی لە مەلەکیەت و کۆماری و سیستەمی شمولی و فیدڕاڵی، بەڵام یەک سەدەیە یەک ئاواز دەژەنن! حکومڕانەکانی عێراق ھەمیشە مەیلێکی ترسناک و فاشیانەییان ھەبووە.
بەھاری ئەمساڵ پێدەنێینە ٢٨ ساڵ حکومڕانی ھەرێمی کوردستان، سەرباری ئەستەنگ و لەمپەر و ھەوراز و نشێووی زۆر پرۆسەی حکومڕانی کوردی بەردەوامە.
پرۆسەی بەناو ئازادی! عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لەلایەن ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیەوە، ھەرێمی کوردستان و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانی بردە قۆناغێکی پێشکەوتوو، ھەرێمی کوردستانی لە ھەرێمێکی دابڕاو لە جیھان کردە ھەرێمێکی سەرئاوەڵاو کراوە بە ڕووی ناوچەکەو جیھاندا، ھەروا دۆزی کوردیشی لە کێشەی ناوخۆیی دەوڵەتانی داگیرکاری خاکی کوردستانەوە کردە دۆزێکی جیھانی.
ھەڵتۆقینی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" بەشێکی ھاوکێشە سیاسیەکەی گۆڕیی، ھاتنی ئەم ھێزە وێرانکەرە بۆ ناوچەکە، یان دروستر بڵێین: دروستبوونی ژینگەیەک لە عێراق و سوریا تا دەوڵەتی تیرۆرستی لێبێتەبوون، کۆمەڵێک کاریگەری لێکەوتەوە، پابەند بە ھەرێمی کوردستان، ھەرێمی کوردستان بوو بەلایەنێکی گرنگی جەنگەکە، لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەوە ھەرێمی کوردستان بایەخێکی جیۆپۆلەتیکی گەورەی ھەبوو لە ھەماھەنگی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، ھەر ئەمەش بوە ھۆی گەورەبوونی ھەژموونی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە. وە دروستبوونی ترافیکی دیپلۆماسی لەسەر ھەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی گرنگ لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
ئەگەرچی بانگەشەی کۆتایھاتنی داعش دەکرێت لە عێراق، لێ لەدوای باگەشەی کۆتایی تیرۆر لە عێراق ئامارەکان پێماندەڵێن لەم بەروارەدا "داعش" ١٢٠٠ ھێرش و جۆڵەی تیرۆرستی کردوە، ئەمەش بەومانایەدێت کە ھێشتا تیرۆر لە ناوچەکەدا ئامادەیی بەھێزی ھەیە، دەکرێت بڵێن جەنگ بە جۆرێکی بێدەنگ و شاردراوە بەردەوامە!.
ھەرێمی کوردستان وەک کارکتەرێکی نادەوڵەتی لە ھەڵکێش و داکێشدایە، وە دەبێت لە ھەر گۆڕانکارییەکی ناوچەکە سوود وەربگرێت، ئەگەر لەھاتن و دروستبوونی "داعش" دا ھەرێم لە قازانجی دۆزی کوردا ڕووداوەکەی قۆستبێتەوە، ئەوا ئێستا ناوچەکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەو قەیرانیترە، لەسەرو ھەموو قەیرانەکانەوە گەمارۆی ئابوری ئەمریکاو ھەوپەیمانەکانیەتی بۆ سەر ئێران، دەکرێت ئەم گەمارۆییانە دەرفەتێکیتربێت لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان.
کورد لە عێراقدا بەکەم ڕازیدەبێت؟! ئەمە ئەو پرسیارە گرنگەیە کە بەردەوام لە خۆمانیدەکەین، و بەشوێن وەڵامەکەیدا ساڵەھایە خەبات دەکەین، دەرھاویشتەی ڕووداو ناوخۆیی و ناوچەییەکان، ھاتنەسەرکاری حکومەتێکی نوێ لە بەغداد و ئاماژەسەرەتاییەکانی لە چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە داراییەکان وەک نیەت باشی بۆ چارەسەری کۆی کێشەکان، ئەگەری ھاتنەبوونی حکومەتێکی بەھێز لە ھەرێمی کوردستان و چالاککردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، کردنەوەی گرێکوێرەکان و پێکھاتنی ھێزە سیاسییەکان لەسەر پرۆژەیەکی ھاوبەش بۆ مامەڵەکردن لە دۆسیەی چاکسازیی ناوخۆیی وبەیەکتیم مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد، ھەموو ئەمانە ئاماژەی گرنگن لەوەی ھەرێمی کوردستان لە چوارساڵی داھاتوودا بەشێکی گرنگی داواکارییەکانی بەئاکامی باش بگەیەنێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەگەرە خراپەکانیش ئەگەری کراوەن.
لە وەڵامی " کورد لە عێراقدا بەکەم ڕازیدەبێت؟!" دەڵێن نەخێر.