پیسبوونی جۆگرافیای سایکۆلۆژی و سیاسەت

پیسبوونی جۆگرافیای سایکۆلۆژی و سیاسەت

بێگۆمان ھەر باس و خاسێک ناوی مرۆڤی تیایدا بێ و گفتگۆ لە بارەی رەفتار و کرداری مرۆڤەوە بکرێت بابەتێکی سایکۆلۆژییە. جگە لەمە، لای ئەوانەی تۆزقالێک شارەزای کەلتوور و فەرھەنگی زانستی دەروونناسین، ھەر کە باس لە جۆگرافیا و پیسبوونیشی دەکرێت ھەر زوو تیۆرییەکەی "بوار"ی زانای بەناوبانگی ئەڵمانی، واتە کورت لێڤین (Kurt Lewin) دێتە بیرمان، کە خۆی بە یەکێک لە تیۆریزانەکانی رێبازە ناسراوەکەی دەروونناسی، واتە "گشتالتی" ھەژمار دەکرێت، و ناوی لە رێزی ڤێرتھایمێر، کورت کۆفکا، و کۆھلەر دێتن.
****
ناوبراو زانایەکی ناسراو و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە بەرڵین، لە ساڵانی سیی سەدەی بیست بۆ ئەمریکا کۆچ دەکات و لە زانینگە بەناوبانگەکانی ئەوێ وانەبێژی دەکات و توێژینەوەی بە پێزی ھەیە. چەمکی بیردۆزی بواری (field theory) لە داھێنانەکانیەتی و تیایدا ھەوڵ دەدات سوود لە زانستەکانی فیزیکی بۆ شرۆڤەی رەفتارەکانی مرۆڤەکان وەربگرێ. بە دیتنی لێَڤین بوار یان گۆڕەپان بریتین لە کۆمەڵێک بەش و پێکھاتەی نزیک لە یەکتر و پێکەوە بەستراوی دوو لایەنە. رەفتار و کردارەکانی تاک و ئەو سنوورە جۆگرافیایەی فیزیکی دەوروبەرەکەی پێکەوە و شان بە شانی یەکتر دۆخێک پێکدەھێنن کە ناوی لێدەنێت بۆشایی ژیان (life space)، و ئەو دۆخە و مەودایە سۆسیۆ-فیزیکۆ-سایکۆلۆژییە، خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ ئەو گۆڕەپانەی کە تیایدا بە سروشت بەردەوام لە گۆڕاندایە و خاوەن تایبەتمەندییەکی دینامیکییانەیە، و لە ناوەرۆکیدا ھەژمارێکی زۆری پێداویستی (حاجە یان needs) ھەن کە دەبێ بە بێ دوو و سێ تێر و دابین بکرێن. کەسێکی برسی لە نێو ھەموو شتەکانی بازاڕدا تەنھا خۆراک و خواردەمەنی دەبینێ، و کەسێکی تینووش تەنھا ئاو شلەمەنی، و ...ھتد.
وەک دەبینین مرۆڤ و ژینگەی خۆی دوو جەمسەری رەفتارەکانی تاکن. بە ھەمان ئەندازەی کاریگەری لەم چەشنە، ئەوەندەش تێکچوونیان پەیوەستە و بەیەکتر گرێدراون. بە ھەمان شێوەش پیسبوونی ژینگەی دەرەکی کاریگەری بەسەر دڵ و دەروونی مرۆڤەوە ھەیە، ئەوھاش جۆگرافیای سایکۆلۆژی و ناخ و دەروونەکەشی کاریگەری نگێتیڤ و خراپی بەسەر ھەمان ژینگە و لەویش زیاتر رەفتار و کردار و تێکرای ژیانی خۆشی ھەیە.
لە سۆنگەی ئەوەی کە ژینگەی کۆمەڵایەتی دەوروبەری مرۆڤە، جگە لە رەھەندێکی سۆسیۆلۆژیکی و مرۆڤایانە رەھەندێکی فیزیکی و جۆگرافیاییشی ھەیە، دەتوانین بڵێین کە تیۆری "بوار" دەکرێ لەسەر چەمکە کۆمەڵایەتییەکانیش جێبەجی بکرێت. نەتەوە رەھەندێکی کۆمەڵایەییە لە ھەر دەستە مرۆڤێک کە بە ھۆکار و لە ژێر کاریگەری ھەژمارێک فاکتەری جیاوازدا بە یەکەوە لکێندراون، و ئەو ھەستە درەوونییەی کە بە سەرپێبوون و ئاراستەی نەتەوەیی دەناسرێت، ھەستێکی ھاوبەشی بەھێزی نێوان ئەو مرۆڤایەنەیە کە ناچاریان دەکات یان پاڵیان پێوە دەنێت کە لە کاتی پێویست و تەنگانەدا یەکتر بگرن و بەم بۆنەشەوە چۆست و چاڵاکانەتر لە کاتەکانیتر دەتوانن بەرگەی نەھامەتی و ناخۆشییەکان بگرن. ھەر ئەمەشە وادەکات نەتەوە وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی بەشێک بێ لەو جۆگرافیا سۆسیۆسایکۆلۆژییەی تاک و ھاونیشتمانی تیایدا و لە داوێنیدا ھەست بە ئارامی و ئاسوودەیی و ئاسایشی دەروونی بکات، چونکە لەو "بوار" و دۆخە کۆمەڵایەتییەدا ھەستکردن بە سەرپێبوون، و پاراستنەوەی لە فاکتەرە نامۆ و دژبەرەکان ھۆکاری ئەو ھەستە بەھێزە، واتە ئارامییە سایکۆلۆژییە(الڕمن النفسی) بێ کە لە شوێنی دیکە دەستی ناکەوێ یان لایەنی کەم ئەندازەکەی وەک ئەو نیە.
بەواتایەکیتر نەتەوە و لە نێو نەتەوەبووندا گرنگە و زۆر شتە، بەڵام لە ھەموو کاتیشدا ئەو ھاوکێشەیە لە ئاستێکی رەھادا نیە، چونکە نەتەوە نابێ بە واتای رەھای نەتەوەپەرستی تەماشەبکرێت و لێکبدرێت. ئەگەر نەتەوە پیرۆز و گرنگە، رامانەکەی ئەوە نیە کە نەتەوەپەرستیش ھەمان لێکدانەوەی بۆ بکرێت، چونکە خودی نەتەوەپەرستی ھیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ نەژادپەرستی و رەگەزپەرستی و شێوازەکانیتری ھاوشێوە، کە خۆیان بەشێکن لە خۆپەرێستی، و بەتایبەت ئەگەر لە ئاستێکی بەرز و دۆگماتیزم و دەمارگرژی و دمارگیرییدا بێ، و بە ھەمان شێوەش جیاوازە لە نەتەوەپەروەری و نەتەوەدۆستی، کە تەواکەری ھەستی بەرپرسیارەتییە بەرامبەر بە نەتەوەکەی خۆت و نەتەوەکانیتر، و ھەموو ئەو ئاشتی و ئازادی و یەکسانی و سازان و چەمکە پیرۆز و بەھا مرۆڤییە دوولایەنەکانی نێوان نەتەوەیەک و نەتەوەکانیتردا.
ھەموو ئەوانە گرنگن بۆ خۆپاراستن لە ھەر چەشنە کارەساتە دڵتەزێنەکانی کە بەسەر گەل و نەتەوەیەک دێت. ھیچ کەس و نەتەوەیەک ئەوەندەی کورد ئەو نەھامەتیانەی نەچێشتووە و ناناسێت کە بەرھەمی نەتەوەپەرستی و رەگەزپەرستی شۆڤینیانە و دەمارگیرانەن. بۆیەش ھەمیشە کورد بووە کە ئەو پیرۆزییەی بۆ نەتەوەکانیتر لەبەرچاوگرتووە. بە واتایەکیتر وێرای نەتەوەپەروەری خۆی نەتەوەپەرێستییەکی لەخۆبایبوونانەی رەگەزپەرێستانەی پێ نەشرینترین بەھا بووە. نموونەکانی ئەو ھزرە و فەلسەفەیە ئەوەندە زۆرن کە گۆتارێکی بچووکی وەک ئەمە دەرەقەتی گێڕانەوەی ھەمووی نایەت. ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە کاتی پاراستنی کوردستانیان، بە گشت نەتەوە و ئایین و بیروباوەرەکان نواندیان، و ئەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی بە سەدان جار دەربڕینی لێوەکردووە و دوو نموونەکە خۆارەوە تەنھا دڵۆپێکن لە ھەموویان: لە کاتی کۆبننەوەی خۆی لەگەڵ کەسایەتی و ئەکادیمی و سەرۆک ھۆزە عەرەبەکانی دەشتی نەینەوا و ئەم پارێزگایە و دەڤەری مەخموور داوای لێکردن " بەو پەڕی ئازادی و ویستی خۆیانەوە بەشداری ریفراندۆم بکەن"، و لە ھەمان بۆنە و ماوەیەدا و لە چاوپێکەوتنێکی جەنابیان لەگەڵ کەناڵی فرەنس ٢٤ دا، مەبەستی ریفراندۆمی سەربخۆیی کوردستانی بۆ " رێگری لە جەنگێکی خوێناوی" وەسفکرد.
ھزاران نموونەی ھاوشێوە دەربڕی ئەوەن کە کورد نەتەوەپەروەریی پێ لە سەرووی ھەموو شتە، بەڵام نەتەوەپەروەری لای ئەو واتای جینۆساید و ئەنفال و کێمیابارانکردن و راگۆاستنی بە زۆرەملێ و بێسەراوشوێنکردنی نەتەوەکانیتر، و نەتەوەپەرستی و نەژادپەرستییەکی کوێرکوێرانەی خۆپەرێستانە نیە، کە بە مەزنترین ھۆکار و فاکتەرەکانی پیسبوونی سایکۆلۆژیای جۆگرافیایی ناخی مرۆڤێکەوە ھەژماردەکرێن.
لەم قۆناغەی ژیانی سیاسی کورد، کورد ئەوەندەی پێویستی بە برەودان بە خۆپاراستنە لەو پیسبوونەی جۆگرافیای سایکۆسۆسیۆلۆژیکانەی نێوخۆیی و دەرەکی، و لەگەڵ خۆدی خۆی و نەتەوەکانیتریش، باشترین دەرمانە بۆ خۆناسینەوە و دوورکەوتن لە رەفتارەکانی پەیوەست بەو پێسبوونە کە بریتین لە رق و کینە و خۆدزینەوە لە راستییەکان و بەھا جۆوانەکانی مرۆڤایەتی و یاسایی و کۆمەڵایەتی، و پەنابردنە بەر بەھا گشتییە جیھانییە بنیاتنەرەکانی ھاوبەش، و شکۆ و پرستیژی کوردەواری، وەک ھەمیشە، بەندە بەو رەفتارە مرۆڤدۆستانەی گەلی کورد شانازیی پێوە دەکات. ئەمەو وێرای ئەوەی کە نەتەوەکانیتر لە ناوچە و جیھان، بە ھەمان ئاراستە و تێروانینەوە رەفتارمان لەگەڵ ناکەن و نەیانکردووە، بەڵام کورد لە سۆنگەی ھەستی بەرپرسیارەتییەوە، شان بە شانی خەباتێکی بێ وچان و تەنھا و تەنھا بەرگریکردن، بە پابەندی بە بەھاکانی مرۆڤدۆستانە و جۆامێرانەی خۆیەوە ھەمی خۆی لە لەنێوچوونێکی یەکجارەکی پاراستووە و ھەم ھەموو ھەوڵێکی داوە کە بە کەمترین زیان لە قەیرانە ئاڵۆزەکانی سیاسی ناوچە، "بەڕی خۆی لە ئاو دەربێنێ"، و ئەمە ھەستێکی جوانە کە نیشاندەری نزمترین ئاستی پیسبوونی جۆگرافیای سایکۆلۆژیی تاکی کوردە، لەو جیھانەی کە نەتەوەکانیتر تەنھا بۆ بەرژەوەندییە مادی و کاتییەکانی نارەوای خۆیان لایان ئاساییە پشت لە ھاوپەیمان و دۆست و ھاوڕێیانی بکات و ببێتە مایەی بەھێزبوونی تیرۆر و بەرزکردنی مۆرالی تیرۆریستان و دڕندەترکردنیان، و زۆر بە ئاسانی مەلیۆنان مرۆڤ بەکوشت بدەن، لەو پەڕی مەینەتییەکانی خۆییەوە مەلیۆنان مرۆڤی ئاوارە و بێ پەنا لە باوەش بگرێ و بیانپارێزێ. بێگۆمان ئەو ھەستە جوانەی تاکی کورد، رۆژێک لە رۆژان و لە میانەی یاساکانی سروشتدا، رێرەوەی ئاسایی خۆی دەدۆزێتەوە و ئەو ھەموو نەھامەتییە بە بێ ئەنجام نامێنێ.
*ئەڤ بابەتە ل رۆژناما خەبات، ئۆرگانا پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ھژمار(٥٦٦٦) ل رێکەفتی(٧/١/٢٠١٩) ل بەرپەڕێ(٧) ھاتیەبەلاڤکرن.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ، ودگەل سپاسییا بریز (ڕیاز یوسف گۆلی)-ھاریکارێ ڤەکۆلەر ل فاکۆلتییا پەروەردە بۆ زەحمەتا تایپکرنا بابەتی.

Top