كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی سیاسیی عێراق و كوردستان لەسەر كەركووك

كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی سیاسیی عێراق و كوردستان  لەسەر كەركووك
چەندین گۆڕانكاریی گرنگ لە سەر ئاستی ناوخۆی عێراق و كوردستان هاتنەپێش، ئەم گۆڕانكارییانە هاندەرن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی نیشتمانی و چارەسەری كێشەی كەركووك، بە كورتی ئەمانەش دیارترین گۆڕانكارین، بەتایبەتیش لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند.
یەكەم: ئەو گۆڕانكارییانەی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق روویاندا
دیارترین ئاكاری ئەو گۆڕانكارییانەی دوای سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ بەغدا هاتنەئاراوە، بەتایبەتیش كە ئەم سەردانە دەنگدانەوەیەكی زۆر بەرچاوی هەبوو لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی، لەسەر ئاستی ناوخۆ سەركردەكانی كوتلە سیاسییەكان خۆشحاڵییان دەربڕی بە سەردانەكەی كاك مسعود بارزانی بۆ بەغدای پایتەخت، ئەمەش بەڵگەی ئاستی پەیوەندیی پتەوی كۆمەڵایەتی و سیاسیی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەند دەردەخات، هەموو لایەكیش هەستی بەوە كرد، كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتین بكرێن و ئەو كەلێن و بۆشاییەی لەم رووەوە هەیە چارسەر بكرێن، ئەویش بە دیالۆگ و گفتوگۆی بنیاتنەرانە و گوێگرتن لە بیروبۆچوونی هەرێم لە سەرجەم كێشە بنەڕەتییەكان كە لەسەریان ناكۆكن، بەتایبەتیش كێشە دەستوورییەكان و لەوانەش ماددەی 140، هەروەها ئەو زێدەڕۆییەی كە بەغدا ئەنجامیداوە لەسەر بنەماكانی ئەم ماددە دەستوورییە و پەراوێزخستنی هەموو قۆناخەكانی ئەم ماددە تایبەتمەندە، هەموومان ئاواتەخوازین كە ئەم سەردانە دەرووی خێرو خۆشی بكاتەوە بە رووی هەمووان لەپێناو چارەسەركردنی گشت كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، بەتایبەتیش گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ بنكەكانی بەرگریی خۆیان لە كەركووك كە پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لێی بوون، هەروەها كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كشانەوەی هەموو هێزە چەكدارەكان لە كەركووك، بە شێوەیەك كە تەنیا سوپاو پۆلیسی فیدڕاڵی تێدا بمێننەوە، هاوكات چارەسەركردنی هەموو شێوازێكی حەشدی عەشایری لە باشووری رۆژئاوای كەركووك.
دووەم: كاریگەریی وەزیری وزەی ئەمریكا بۆ سەر هەرێمی كوردستان
سەردانەكەی وەزیری وزەی ئەمریكا دوو پەیامی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی لێكەوتەوە، پەیامی ناوخۆ گوشارێك بوو بۆسەر بەغدا تاكو نەوتەكەی كەركووك بە رێگەی بۆرییەكانی كوردستاندا هەناردەی بەنداوی جیهانی توركیا بكات، ئەمەش بەڵگەیەكی روونە لەسەر گەڕاندنەوەی بارودۆخەكە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەر پەیوەست بە هەناردەكردنی نەوت.
پەیامی دەرەوەش ئاماژەیە بۆ رێگەگرتن لە ئێران كە غاز هەناردەی عێراق بكات و حكومەتی ناوەند ناچار بكات مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، دەربارەی بەكارهێنانی غاز لە رێگەی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لە ئایندەدا پەلدەكێشێت بۆ ئەوەی وا پێویست بكات یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت.
سێیەم: ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر كەركووكدا هات، وایان كرد هەموو سیاسەتوانان لەو شارەدا هەست بەوە بكەن كە پێویستە گفتوگۆی بنیاتنەرانە بكەن لەپێناو چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی ناكۆكییان لەسەرە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و تاكڕەوی نەكردن لە دۆسێی كەركووك، چونكە بێسەروبەریی ئەمنی و چالاكییەكانی داعش لە كەركووك و باشووری رۆژئاوای ئەم پارێزگایە، هاووڵاتیانی كەركووكیان ترساندووە، بە شێوەیەك كە بەردەوام هەست بە ناسەقامگیریی ئەمنی دەكەن. دیارە دیاردەی هێرشكردنی چەكداری بۆ سەر گیان و ماڵی هاووڵاتیان، هاوكات رفاندن و وەرگرتنی سەرانە و تۆقاندن، واقیع و گوزەرانی خەڵكەكەی شێواندووە، هەمووان هەستیان كردووە كە بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك پێویستییەكی لەپێشینەی هاووڵاتیانە بۆ بەرگریكردن لە شارەكە، هەروەها هێنانەكایەی هاوسەنگییەكی هێز، ئەمەش یەكێكە لە هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و یەكێكە لە پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی ماددەی 140ی دەستوور، كە هەرگیز ناكرێ پاشەكشە لەم پرەنسیپە پیرۆزانە بكرێت، یان بە هەر شێوەیەك بێت پشتگوێ بخرێن.

Top