جاشایەتی و جۆرەکانی

جاشایەتی و جۆرەکانی
بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و تا راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ پێمان وابوو جاشایەتی تەنها ئەو خۆفرۆشانەن کە چەکی رژێم دەکەنە شان و دەبنە کەواسووری بەر سوپای داگیرکاران و شەڕی پێشمەرگە دەکەن، راستە ئەوانە جاش بوون، راستە ئەوانە کەواسووری بەر سوپای داگیرکارانی کوردستان بوون، بەڵام لە دوای راپەڕین و بە تایبەتیش لە دوای رووخانی رژێمی بەعس سیستەمی جاشایەتی گۆڕا، جاش سەرۆک کۆمار، جاش پەرلەمانتار و جاش وەزیر، جاش رۆژنامەنووس و رۆشنبیر پەیدا بوون و شوێنی جاشەکانی چەک لە شانیان گرتەوە و زۆر باشتر لەوان خزمەتی داگیرکارانی کوردستانیان کردووە و خزمەتەکەشیان لە خزمەتی جاش چەک لە شانەکان کاریگەر تر بووە و زیانی زیاتریشیان بە بزووتنەوەى رزگاری خوازی کورد گەیاندووە، بۆ راستی ئەو بابەتەش پێویستە پێناسەیەکی سادەی جاش بکەین.
جاش هەموو کەس و دەستە و گرووپانە دەگرێتەوە کە پشت لە دۆزی رەوای گەلەکەیان دەکەن و وەک ئەوەی دوژمن دەیەوێ ئاوا دەدوێن و ئاواش دەجووڵێن و لە بەرامبەردا ئیمتیاز و دەستکەوتی کەسی و تایبەتی وەردەگرن، جا ئەگەر ئەوە پێناسەی جاش بێ، لە بڕینی مووچەی فەمانبەران و بودجەی حکوموتی هەرێم، لە رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەرو تەعریبی ئێستای کەرکوک و زۆر تاوانی تر کە بەرامبەر بە کوردبوون و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد کراون، بێدەنگ ترین و بێ هەڵوێست ترین تاکی ئەم عێراقە سەرۆک کۆمار بووە، جا ئەگەر ئەو سەرۆک کۆمارە جاش نەبێ! پێمناڵێن جاشایەتی چۆنە و کێ جاشە؟!
زۆر لە فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتار و وەزیرانی کورد لە بەغدا، وەک پەرلەمانتار و وەزیرانی عەرەب دەدوان و وەک ئەوانیش دەستیان هەڵدەبڕی و وەک ئەوانیش دەستیان دادەگرت و هاوشێوەی ئەوانیش ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانیان بە تاوان دەزانی و لەوانیش خراپتر ببونە پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراق، جا ئەگەر ئەوانە جاش فراکسیۆن و جاش پەرلەمانتار جاش وەزیر نەبن! پێمناڵێن جاشایەتی چۆنە و کێ جاشە؟!
زۆر لە بەنا و رۆژنامەنووس و رۆشنبیران بە شێوەیەک دەدوێن و بە شێوەیەک دەنووسن، ئەگەر لێدوان و نووسینەکانیان وەربگێڕدێتە سەر زمانی عەرەبی، دڵنیام کە رۆژنامەنووس و رۆشنبیرە هەرە شۆڤێنیەکانی عەرەب ئیرەییان پێدەبەن و سەد (بارک اللە)یان بۆ دەکەن، جا ئەگەر ئەوانە جاش رۆژنامەنووس و جاش رۆشنبیر نەبن! پێمناڵێن جاشایەتی چۆنە و کێ جاشە؟!
Top