ئێمەی گەلی كورد دەیان ساڵە خەباتمان كردووە تا بە ئەمرٍۆ تا بە سەربەستی و سەربڵندی بژین و خاوەن خۆمان بین و هیچ بستێك لە خاكمان بە داگیركراویی نەمێنێتەوە و خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆمان بین و هەموو گەلانی ناوچەكە ئەوانەی خاك و نیشتیمان و كەلتوور و زمانی تایبەت و رەسەنی خۆیان هەیە . ئێمەی كوردیش دوای سەد ساڵ لە چەوسانەوە و جینۆسایدی گەلەمان سەرۆك بارزانی بە ناچاری بریاری لە سەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیدا .ڕاستە بیرۆكەی بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە پلەی یەكەم لای سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی كورد بوو، بەڵام دواتر بڕیاری ریفراندۆم كەوتە لای جەماوەری كوردستان بە گشت چین وتوێژەكانەوە. هەروەك بینیمان ئاستی خرۆشانی جەماوەری و پاڵپشتی كردنی پڕۆسەی گشت پرسی لە دەست سەركردایەتی كورد دەرچوو و بوو بە پرسێكی نیشتیمانی و كوردستانیان بە دەرخستنی ئەو پەڕی ئاستی بەرپرسیارەتیەوە، ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی گشت پرسیەكە خستە روو.دەركەوت جەماوەری خۆراگری كوردستان وێڕای تێبینی و تەنانەت ناڕەزایەتیەكانیشیان لە ئەداوكارو چالاكیەكانی حكوموتی هەرێم، ئامادەن لە حاڵەتی پشتگیری كردن لە پرسە چارەنووسازو نیشتیمانیەكان پشتی سەركردایەتی سیاسی بەرنەدەن و بەدەنگ بانگەوازەكانیانەوە بچن. ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پێناو ئامانجێكی باڵای وەك سەربەخۆیی، هەمووو بەستەڵەكە سایكۆلۆژیەكانی شكاند بۆ هەموو ئەوانەی هەم لە بەرەی ( بەڵێ) دابوون وهەم ئەوانەی بە هەر هۆكارێك بێت خۆیان لە بەرەی ( نەخێر) دا بینیەوە.ئێستا هەموو جیهان دەزانێت گەلی كورد لە كوردستانی باشور خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی تایبەت بە خۆیەتی. بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بوو، كورد مایەی سەقامگیری و ئارامی و تەناهین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە شەڕو ئاشوب و پێكدادان. ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشور سەلماندی سەرۆك بارزانی ، ئەو كەسایەتیەیە دەتوانێ شانی خۆی بداتە بەر بەرپرسیارەتی هەڵگرتنی ئەم ئەركە مەزن و ستراتیژیەوە.جەنابی سەرۆك بارزانی خۆی لەگەڵ جیا نەكردەوەو هاتە ناویان مەبەست و مەرامی خۆی و سەركردایەتی كوردی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ هەموو لەیەك تەنانەت نەیارانیش روون كردەوە. بەدڵنییاییەوە جەنابیان، ئەمڕۆ یا سبەی، بە نزیك بوونەوە لە گەل، توانای بە ئامانج گەیاندنی ئاواتی لە مێژینەی كوردی هەیە كەوا خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستاندا دەبینێتەوە. بێگومان ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ تاكە شەخس و حزب و گرووپێكی سیاسی دیاری كراو نەبوو، بەڵكو پرسێك بوو پەیوەندی بە دواڕۆژی گەلەوە هەبوو بە نەوەكانی داهاتووشەوە.لەوەتەی عێراق پێكەوە لكێنراوە تاكو ئێستا خەڵكی كوردستانبە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی هێمنی و ئارامی و ئاسوودەییان بە ژیانی خۆیان نەدیوە.بەشێوەیەكی گشتی هەردەم سەركوت كردن و كوشتن و داپلۆسین بەش و چارەنوسی خەڵكی كوردستان بووە، ئەگەرچی دانیشتوانی عێراق و كۆمەڵگای عێراق لە نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاواز پێك هاتووە، بەڵام لەو باوەڕەدام كە، خەڵكی سادە دانیشتوانی عێراق ئەگەری ئەوە نەبوونە كە مەینەتی و نەهامەتی بەش و چارەنووسی میللەتانی عێراق بێت.بێگومان حكوومەتە یەك لە دواییەكەكانی عێراق (چینی سیاسەتمەدار و قەڵەم ڕەوان) ئەوان هۆكار و ئەگەری كێشە بەردەوامەكانی خەڵكی عێراق بوونە، بەردەوام حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە ئەنجامی كودەتا و كوشت و كودەتا هاتوونەتە سەر حوكم، بەردەوام حكومەتە كانی عێراق، تایفەیەكی دیاری كراوی عێراق، یاخود مەزهەبێكی دیاریكراوی عێراقیان بەكار هێناوە دژی بەشەكانی دیكەی عێراق، نزیكە 85 ساڵە ئەم سیاسەت و ئایدیا و مۆدیلە لە عێراق پەیڕەو كراوە، بێگومان ئەمەش دەبێتە قوڵبوونی برینەكانی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگای عێراق. شیعە تاسەر ئێسقان دژی سوننەیە، هەردووكیان دژی كوردن، كرستیانەكان كەنیسە و ماڵ و موڵكیان تاڵان كراوە، توركمان دەمكوت كراوە، سابیئە و ئێزدی و كاكەیی و ...هتد، هەریەكەیان كراوە بە گژ ئەوی دیكەدا. باشە وڵاتێك 87 ساڵ لەسەر ئەم فورمەڵەیە حوكمڕانی كردبێ، چۆن ئێشتا چاوەڕێی لێبوردەی و پێكەوەژیان و هاوبەشی لە جڤان و كۆمەڵگا و حكومەتی عێراق دەكرێت!. مەگەر سەركردە و بەرپرسەكانی ئێستای عێراق كوڕی ئەم كۆمەڵگایەی عێراق نین؟!. خەڵكی كوردستان هەموو رێگاو و شێوازێكی تاقیكردۆتەوە لە پێناو پاراستنی برایەتی میللەتانی عێراق، بەڵام بێ سوود بووە و هەر خەڵكی كوردستان باجی خۆشباوەڕی و نیشتیمان پەروەر و جوامێری خۆی داووە. بەسەدان هەزار خەڵكی كوردستان ئەنفال و كیمیاباران و زیندەبەچال و بێ سەروشوێن كراوە،.مێژوو دەریخستووە لە هەر كات و زەمەنێكدا بە پێی هەلومەرجی تایبەتەوە، ئەگەر لایەنێك یا كەسێك لە شوێنێكدا بە شێوەیەك لە شێوەكان، دەرفەتی باڵادەستی بۆ ڕەخسا، ئەوا دوای ماوەیەك بەرپرسیارەتی گەورەی دەكەوێتە سەر شان و ئەبێتە گەورەو دەسەڵاتدارای بێ ڕكابەر و ژمارە یەكی ئەم شوێنە. ماف نادرێت بەڵكو دەسەنرێت. سەندنی مافیش خەبات و قوربانیدان و ماندووبوون و تێكۆشانی بێ پسانەوەو بڕانەوەو بەردەوامی گەڕەكە. گەلی كوردیش بە بەڵگەوە بە درێژایی مێژووی داگیركاری و دابەش كردنی بەسەر نەتەوە باڵادەستەكانی رۆژهەڵاتی ناویندا، بەردەوام بووە لە تاقیكردنەوەی گشت ڕێكارو شێوازە جۆراوجۆرەكانی خەبات لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكان و ستاندنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی.مێژووی خەبات و تێكۆشانی كورد بە گشتی و لە هەرێمی كوردستانی عێراق بە تایبەتی گەواهیدەرو بەڵگەن لەسەر ئەو هەموو قوربانیەی لە پێناوی گەیشتن بە مافەكان تا كو ئێستا بەخشراون، هەر لە ئەنفال و ڕاگواستن و وێران كردنی كوردستانەوە بگرە تا ئەم دەریا خوێنەی لەپێناو ئازادیدا درا. هەر تاكێك لە ئێمە لە ئاست بەرپرسیارەتی مێژوویی و قۆناغی ئێستای خۆیدا بێت. با لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین و چاكسازی لە خۆمان و بنەماڵەوە بكەین بە سەرەتای چاكسازی لە كۆمەڵگەو نیشتیمان و حكومەت. هەركاتێك، هەر ساتێك ئێمە گەیشتینە ئەو بڕوایەی هاووڵاتی بوون لە هەناوی خۆیدا، هەڵگری كۆمەڵێك بەرپرسیارەتی گرینگ ومەزن و هەستیاری نیشتیمانیە، ئەوكات دەكرێ و لە شوێنی خۆیدایە داوای چاكسازی ئیداری، كۆمەڵایەتی و ئابوری لە دەسەڵاتدارن و حوكمڕانانی وڵات بكەین، بە ئامانجی گەیشتن بە تروپكی سەركەوتن و سەرفرازیەوە.. بۆیە كۆتایی هاتنی كێشەی رۆژهەڵاتی ناوین بە چارەسەركردنی دۆزی كورد و دەوڵەتبوونی كوردستان دەبێ..