کورد هەر ئەوەندە بە شتێکیەوە گرت
November 16, 2018
وتار و بیروڕا
شەڕفرۆشتنی لایەنەکان بە ریفرادۆم و دەنگ و بڕیاری خەڵک و داواکردنی سیستەمێکی هاوشێوەی بەغا و ریفراندۆم بە سەقەت زانین، چوونە پاڵ ئامانجەکانی عرووبە و لە ١٦ی ئۆکتۆبەر سەقەت تر بوون، دەنگدان بە حەشدی شەعبی و بە یاسایی کردنی و پشت لە پێشمەرگە کردن، خیانەتێک بوو هیچی کەمتر نەبوو لە خیانەتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، ناوزڕاندنی پێشمەرگە و ناوبردنی بە میلیشیا و ئەنفالچی زەمیەنە سازی بوو بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر و زۆر خراپ تریش، جاسووسی کردن بۆ عەبادی و داوا کردن لە مالیکی بۆ جووڵاندنی هێز و داگیرکردنەوەی کوردستان وەک ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوون، هەرا نانەوەی پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز)و چڕ کردنەوەی هەنگاوەکان بۆ رووخاندنی حکومەتی هەرێم و راکردن بۆ بەغدا و داوای بە هەرێم کردنی سلێمانی، ١٦ی ئۆکتۆبەرێکی تر بوون، هەراج کردنی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان و رەنج و خەباتی رابردوو و خۆزگەکانی داهاتوو بەرامبەر بە ناردنی مووچەی ناوچەیەکی دیاریکراو، خەنجەرێکی ژەهراوی بوو لە جەستەی یەکێتی گەل و یەکێتی کوردستانی بوون دەدرا، دەرکەوتنی پەرلەمانتارانی بەناو کورد لە کەناڵە عەرەبیەکان و بەرگری کردن لە بەغدای عرووبە و تاوانبار کردنی کورد و حکومەتی هەرێم، ١٦ی ئۆکتۆبەرێکی شاراوە بوو، راکردنی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنە دژە کوردەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بۆ هەندەران و هەڵبەستنی تۆمەت و بوختان بۆ حکومەتی هەرێم، تاتەشۆری سیاسی ئەو گرووپانە بوون و دەیانویست لاشەی مردووی کوردایەتی لەسەر بشۆن، هەموو ئەوانە و زۆر هەنگاوی تری خیانەتکارانە زەمینە خۆش کردن بوون بۆ ئەوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر کورد و دەستکەوتەکانی بێنن، بۆیە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەرهاویشتەی ئەو زنجیرە خیانەتانە بوون کە پێشوەخت نەخشەیان بۆ کێشرابوو، بەڵام ئەوە پارتی و سەرۆک بارزانی بوون هەموو ئەو هەنگاوە خیانەتکارانەیان پووچەڵ کردنەوە بە دایکە خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە، بۆیە پێویستە هەر کاتێک باسی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکرێ، ئەو زنجیرە خیانەتانەش بێنینەوە پێش چاوی خۆمان کە بوونە ژانی لە دایک بوونی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر.