تەعریبی کەرکوک و گلەیی راکان جبوری

تەعریبی کەرکوک و گلەیی راکان جبوری
کورد تیخی دوژمن دەخاتە سەر گەردنی خۆی و گلەیی ئەوەش دەکات دوژمن دەستی گران بکات، زۆر جاران و لە زۆر بابەت و نووسیندا باسم لەوە کردووە گەمژەترین کەس ئەوانەن کە گلەیی لە دوژمن دەکەن، ئاخر گلەیی لە دوژمن ناکرێ و بە گلەییش دەستبەرداری دوژمنکاری نابێ، دوژمن دوژمنە و دەبێ بە بەرگری کردن وەڵام بدرێتەوە، نەک بە گلەیی و پاڕانەوە.
ئێستا و بە تایبەتیش لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی کەرکوک، باس باسی راکان جبوری و تەعریبی کورکوکە، ئاخر بۆچی گلەیی لە راکان جبوری عەرەب و عەربخواز بکەین کاتێ کەرکوک تەعریب دەکات، ئەو وەک عەربێک عەرەبایەتی خۆی دەکا و بۆ خزمەتی عرووبەش بە دوای هەل و دەرفەتی رەخساودا دەگەێ، گرووپێکی کوردیش هەل و دەرفەتەکەیان بۆ رەخساند.
ئەی هەر بەناو کوردی کەرکوک فرۆش نەبوو دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیان گرت و هێنانیەوە ناو کەرکوک؟! ئەی هەر کەرکوک فرۆشەکان نەبوون موزایەدەی پاراستنی کەرکوکیان لە وێرانکاری دەکرد؟! ئەی هەر کەرکوک فرۆشەکان نەبوون هەلهەلەی ئارامیان بۆ کەرکوکی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکێشا؟! ئەی هەر کەرکوک فرۆشەکان نەبوون دەیانگوت: کەرکوک شارێکی عێراقییە و گەڕاوەتەوە باوەشی نیشتیمان؟!
ئەرێ لە نێوان موزایەدەی ئارامی و پاراستنی کەرکوک لە وێرانکاری ئەوکات و هاتوهاوری تەعریبی ئێستای کەرکوک کامیان راستە؟! ئەگەر ئەوکات کەرکوک بەڕاستی ئارام و لە وێرانکاری پارێزرابێ و گەڕابێتەوە باوەشی نیشتیمانیش؟! ئەو هەراوزەنایەی تەعریبی ئێستا بۆچی و لە پێناو چیدا؟! ئەگەر ئێستال مەترسی تەعریب لەسەر کەرکوک هەبێ؟! موزایەدەی ئەوکاتی ئارامی و دوورخستنەوەى لە وێرانکاری و لاواندنەوەی لە باوەشی نیشتیماندا بۆ چ مەبەستێک بووە؟!
من لەوە دڵنیام تەعریبی ئێستا راستە، چونکە کەرکوک پێشینەیەکی تەعیبی هەیە و عەرەب لە هەر بەرگێکدا بووبێ و هەڵگری هەر فکرە و ئایدیایەک بووبێ! چاوی لەسەر کەرکوک و بووە و تەعریبی ئەو شارە و هەموو کوردستان و لەناوبردنی کوردیشی بە راوا زانیوە، کەواتە موزایەدەی ئارامی و دوور خستنەوەی کەرکوک لە وێرانکاری و گەڕانەوەی بۆ باوەشی نیشتیمان، رەوایی دان بووە بە تەعریبی ئێستا و رابردووی کەرکوک و رێگا خۆش کردنیشە بۆ ئەوەی لەمەودواش هەرچی بەرامبەر بە کەرکوک و کەرکوکیەکان و کوردستان و هەموو کوردیش دەکرێ.
Top