کورد و ئایدۆلۆژیا

کورد و ئایدۆلۆژیا
مارکسی و ئیسلامی وەک دوو ئایدۆلۆژیای توندڕەوی سیاسی هەموو پیرۆزی و جوانیەکان لە خۆیاندا دەبینن، بڕوایان بە نەتەوەبوون و کێشەی نەتەوەیی نییە، کاتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات درووشمی دیموکراتی و پێکەوەژیان بەرز دەکەنەوە و ژێر بە ژێر پەنا بۆ کاری تیرۆریستیش دەبەن، هەر کاتێک گەیشتنە دەسەڵاتیش دەست دەکەن بە کۆمەڵکوژی نەیارەکانیان و بوونی هەر جیاوازییەکیش قەدەغە و حەرام دەکەن، یەکێتی سوڤیەتی جاران و کۆمەڵکوژیەکانی ستالین و هەڵوێستی دژە کوردانە و شەڕفرۆشتنی ئێستای پەکەکە بە هزرو بیری نەتەوەیی و خەباتی رزگاری نیشتیمانی و کوشتوکوشتاری خەلافەتەکانی ئییسلامی و کارە تیرۆریستیەکانی گرووپ و رێکخراوە ئیسلامیەکانی ئێستا، شووناسی سیاسی ئەو دوو ئایدۆلۆژیە توندڕەوەن.
جیاوازی ئێمەی کورد و داگیرکارانی کوردستان لەوەدایە، ئەوان بەو دوو ئایدۆلۆژیایە خزمەتی نەتەوەکەیان کردووە و لە کوێ لە بەرژەوەندی نەتەوەییان نەبووبێ شەڕی ئایدۆلۆژیەکانیان کردووە، ئێمەی کوردیش بەردەوام خزمەتی ئەو دوو ئایدۆلۆژیەمان پێکراوە و لە کوێش بیری نەتەوەییمان گەشەی کردبێ، داگیرکارانی کوردستان یا ئەوەتا بە فتوای ئەو ئایدۆلۆژیانە کۆمەڵکوژیان کردووین، یا ئەوەتا درووشمی فریودەرانەی ئەو دوو ئایدۆلۆژیەیان کردۆتە چاوبەستی سیاسی و بە چاو بەستراوی هێناویانینەوە ناو بازنەی داگیرکاری خۆیان.
کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان دەبێ پێش دەستپێکی خەباتی رزگاری نیشتیمانی هزر و بیری نەتەوەیی خۆی لە داگیرکاری ئایدۆلۆژی رزگار بکات، چونکە بە هزر و بیری داگیرکراو ناتوانێ نیشتیمانەکەی رزگار بکات، ئەوەتا بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژی، داگیرکارانی کوردستان هەر کاتێک باریان لاربووبێ و تووشی کێشە و قەیرانی ناوخۆ و دەرەکی بووبن و پێویستیان بە کورد بووبێ، لە لانکەی شۆڤێنیزمدا دەسترازەبەندیان کردووین و بە لایەلایەی ئایدۆلۆژی خەواندوویانین، هەر کاتیکیش باریان راست بووبێ و پێویستیان بە کورد نەمابێ بە هێزی شۆڤێنیزم و شمشێری ئایدۆلۆژی سەریان بڕیوین، بۆیە دەبێ کورد بەر لە هەر هەنگاوێک پێناسەیەکی مێژوویی بۆ کێشەی نێوان خۆی و داگیرکارانی بکات، ئەوکات سەرەداوی کێشەی خۆی دەست دەکەوێ و تێدەگات کە کێشەکەی بەس کوردبوونە، جا ئەگەر کێشەی کورد کوردبوون بێ و بە تاوانی کوردبوون نیشتیمانی داگیر بکرێ و هەوڵی لەناوربردنی بدرێ، ئایا جگە لە کوردایەتی هیچ ئایدۆلۆژیا و فکرەیەکی سیاسی دەمێنێ تا کورد بەرگری پێ لە بوون و مانەوەى خۆی بکات؟!
پابوند بوونی کوێرانەی کورد بە ئایدۆلۆژیا، یان راستر بڵێین پێش خستنی پرسە ئایدۆلۆژیەکان و بە پیرۆز زانینیان لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان هۆکار بووە بۆ ئاژاوە خستنە ناوماڵی کورد، داگیرکارانی کوردستان ئایدۆلۆژیان وەک چەکی پەرتکە و زاڵبە دژی شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بەکار هێناوە و دواجاریش باڵە ئایدۆلۆژیەکەی ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردیان بەلای خۆیاندا بردووە و دژی شۆڕش و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بەکاریان هێناونەوە، بە گەڕانەوەش بۆ مێژووی کێشە و ململانێکانی ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد هەر لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ، هیچ گومانێک لەسەر ئەو راستییەی سەرەوە ناهێلێ، بۆیە دەبێ کورد وریا بێ و چیتر نەکەوێتە ئەو تەپکە ئایدۆلۆژیەی داگیرکارانی کوردستان لە قۆناغە زۆر هەستیارەکاندا دانی برایەتی پێوە دەکەن و زۆر ئاسان دەستە و گرووپە ئایدۆلۆژیەکانی کوردی پێ دەخەنە ناو تەپکەکەوە.
Top