کۆتایی گەندە سۆز و ئەشکبازی
November 12, 2018
وتار و بیروڕا
پەیامی ئێمە هیوا و ئومێدە بە داهاتوویەکی پڕشنگدار، بە پشتیوانی گەلی کوردستان و ڕۆڵە جوامێرەکانی کوردایەتی، پشتمان لە تاریکی و بێ هیواییە، دوو دڵی و دڕدۆنکیمان لە ناخماندا کوشتوە، روومان لە ئاسۆ و ئایندەییەکی گەشە بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان.
ئەوان لە ناوەڕۆکدا: لاینگرانی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی، دەروونشکاو و کەوشێنراو، پیاوی هەمووکەسن تەنها هی خۆییانا!، لایەنگری تورک و عەرەب و عەجەمن هی کوردنا!، عێراقچین و بە کوردستان دەڵێن باکوری عێراق، کار بۆ پاراستنی یەکپارچەیی عێراق دەکەن (تۆ بڵێ پارێزەر و جەنگاوەری یەکپارچەیی عێراقن!). بەڵام لە ڕووکەشدا ئەوان کوردستانین!، کوردپەروەرن!، پێشمەرگەن!، ئازادیخوازن! مرۆڤدۆستن!، کوردی بەهەڵوێستن!، شەرەفمەندن بە گیان بەخشی و فیداکاریی بۆ سەربەخۆیی!. بەڵام لەراستیدا کرۆک و جەوهەری ئەوان مەرگدۆستیە.
دوای ٢٧ ساڵ (کۆتایی گەندەسۆز و ئەشکبازی)، ئێستا لە هەموو دەمێک زیاتر وێنەکە ڕوون بۆتەوە، کۆتایی پروپاگەندەو بەخودا هەڵگوتنە!، لەژیانی رۆژانەی خەڵک و بەرکەوتنی خەڵک بە کردە و ڕوداووەکان، ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک دەبڕی ئەو ڕاستیەن کە چیتر خەڵک دروشم و بەڵێنەکانی تاقیکردەوە و دەزانێت کامە بەرە خاوەنی مۆڕاڵی بەڵێن بەکردارکردنە، وەکام بەرە تەنها دروشمی بریسکەدار بڵند دەکات! لێ نەک هەر کار بەدروشمەکانی ناکات بەڵکو زۆرجار پێچەوانەی دروشمەکانیشی سیاسەت دەکات، ئەو هێزانەی تەنها دروشم و بەڵێنی گەورە شک دەبەن، ساڵانێکە هەڵمەتی گەورەی پروپاگەندەیان فەزای کۆمەڵگایی کوردی شێواندبوو، ئەوان زۆرجار بەڵێنی چێکردنی بەهەشتیان بەخەڵک دەدا! وەک خۆیان بانگەشەییان بۆ دەکرد کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دیموکراسی و دادپەوەر بەدی دەهێنن!، ئێستا دوای بەشدارییان لە جومگە هەستیار و گرنگەکانی دەسەڵات و تاقیکردنەوەیان چی؟ ئەوان کام دروشم و بەڵێنیان کرد بە کردار؟! کامانەن ئەو دەستکەوتە گرنگانەی ئەوان بۆ کۆمەڵگای کوردستانیان بەدیهێنا؟! ئایا ئەوان بۆ خۆیان حیزبێکی دیموکراسی و مۆدێرنن؟! تا کۆمەڵگا بە مۆێرن بکەن؟، ئەوان بەرامبەر بە کادران و هەڵسوڕاوان و هاودیدان و خۆبەخشانی حیزبەکانیان شەفاف و دادپەروەرن؟! ئەوان لەبەردەم هەزار پرسیاری بێ وەڵامدان، لەبەردەم رەخنە و گازندەی جەماوەری حیزبەکانی خۆیاندان، هەڵهاتنیان لە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک، دابەزینی دەنگ و ئاستی جەماوەرییان باشترین وەڵامە بۆ ئەوانەی تەنها (گەندەسۆزی و ئەشکبازی)یان شکدەبرد.
ئەم قۆناغە قۆناغی رۆشنی ڕایگشتی و هەستانەوەی دۆزی کوردە، قۆناغی درەووشانەوەی بەرەی سەربەخۆیخوازان و ریفراندۆمچیەکان و هەڵکشانی ئاستی جەماوەری و دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆییە.