گرنگیدان بە تواناکانی مامۆستا

گرنگیدان بە تواناکانی مامۆستا
ھەروەکو دەلێن " باشترین مامۆستاکان ئەوانەن بە قوتابیەکانیان دەخوێنن لە دڵەکانیانەوە نەک لە پەرتووکەکان".
مامۆستا ھەردەم پایەی بنچینەییە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و لە سیستەمی خوێندن و کاریگەری راستەوخۆی گەورەی ھەیە لە سەر بەدیھێنانی ئامانجەکان لە سیستەمی پەروەردە دا لە بیرو ھزرو رەفتاری قوتابیەکان، وە بۆ گرنگی رۆلی مامۆستا دام و دەزگاکانی فێربوون ھەوڵی زۆر دەدەن بە بەرنامەی ئامادەکردن و شیاندنی مامۆستایان بۆ پیشەکانیان کە گرنگی و بایەخی خۆی ھەیە لە سەر گەشەپێدانی چۆنیەتی وانە ووتنەوەیان لە قوتابخانەدا. بە شێوەیەکی گشتی ئامادەکردنی مامۆستایان لە سەر راھێنان بۆ وانە ووتنەوە و پەرەپێدانی تواناکانی پسپۆڕیان لە ھەرێمی کوردستان لە دوای دامەزراندنیان دەست پێ دەکات بۆ بنیاتنانی زیاتری زانیارییەکانیان و پسپۆڕیەکانیان و گەشەپێدانی زیاتری لە سەر کارامەییە ھونەرییەکانی پسپۆڕیان و بەرزکردنەوەی ئاستی وانە ووتنەوەیان و شارەزا بوونی زیاتر لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن بە گشتی راھێنان و ئامادەکردنی مامۆستایان گرنگی و بایەخی ووردی ھەیە لە ژیانی پسپۆڕی مامۆستایەتی ، چونکە فێرکردن پرۆسەیەکی بەردەوام و درێژخایەنە و لە گۆڕاندایە ، بۆیە برەودان و نوێ بوونەوەی شارەزایی و تواناکانی مامۆستاکان و بەرزکردنەوەی ئاستیان دەبێت بەردەوامی ھەبێت ئەویش لەسەر شێوەی خولی جۆراوجۆر لە ناو یان لە دەرەوەی قوتابخانەکان کە کەسانی شارەزا و پسپۆڕو بەتوانا سەرپەرشتی دەکەن، وە جۆری راھێنان و مەشقەکانیش بە پێی پێویستی مامۆستاکان دەگۆڕدرێن، بێگومان مامۆستاکان ھەموو جۆرە زانیاری و شارەزایی نوێ بەدەست دەھێنن لە بوارەکانی پسپۆڕی و پرۆگرام و بابەت و ھۆیەکانی فێرکردن و رێگاکانی وانە ووتنەوە و زانستی دەروونی و ھۆکارەکانی بەھێز بوون و راھاتن لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە و کارگێری وقوتابیان. ئامادە کردن و راھێنان و شیاندنی مامۆستایان یەکێکە لە پرسە ھەرە گرنگەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بەڵکو لە پرسە پێشەنگەکانە بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی پەروەردەیی لەدام ودەزگاکانی فێرکردن لە زۆربەی وولاتانی جیھان بەتایبەتی بەردەوام کە داوای چاکسازی لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەکرێ و داوای گەشەپێدان و باشترکردنی کوالێتی خوێندن دەکرێ، بۆیە کە داوای باشترکردنی فێرکردن دەکرێ تەنھا بە ئامادەکردنی زۆر باشی مامۆستا ئەو پرۆسە سەردەگرێ ،جودا لەوەش رەخساندنی ژینگەی شیاو و لە بار بۆ مامۆستایان لە ناو پرۆسەی پەروەردە و چەسپاندنی دادپەروەری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لە نێوان مامۆستایان و باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان تاوەکو مامۆستایانیش ھەست بکەن ئەوانن پێشەنگی پرۆسەی پەروەردە و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو باشتر و ئەوکات خۆیان بە خاوەنی پرسەکە دەزانن و ویژدانیشیان ئاسودە دەبێت.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top