پارتی لە بەردەم ئەرک و بەرپرسیاریەتی گەورەدایە

پارتی لە بەردەم ئەرک و بەرپرسیاریەتی گەورەدایە
دەستبەکاربوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی ڪوردستان بۆ قۆناغێکی وەک ئێستادا گرنگ و پێویست بوو ، بۆ ئەوەی جارێکی تر پەرلەمان بە شێوازێکی تەندروست و یاسایی کارابکرێتەوە، چونکە شاراوە نیە خوولی رابردوو بەھۆی کۆمەڵە گرفتێکەوە نەیتوانی وەک پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێبکات و لە ئاست ئەو چاوەروانیەدا نەبوو کە کوردستانیان پێیان ھەبوو، بۆیەش چاوەروان دەکرێت ئەم خوولەیە جیاوازتر و کاراتربێت لە خوولەکانی رابردوودا ، بەھۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە کە دیارترینیان بوونی رێژەیەکی زۆری کورسیەکان بەدەست پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە، بەمەش پارتی وەک حزبی یەکەم لە ھەرێمی کوردستان مایەوە ، کە ئەمەش بۆ حزبێکی وەک پارتی کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە کۆمەڵێک قۆناغ و رووداوی سیاسی گوزەریکرد، کە دیارترینیان (قەیرانی دارایی، شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش، ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، خیانەتەکەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر ) ئاسان نەبوو، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا پارتی توانی خۆڕاگرانە بەرگری بکات و قەوارەی سیاسی و دەستوری ھەرێمی کوردستان بپارێزێت کە سەرەنجام بووە ھۆکاری ھەرە گەورە تا کوردستانیان بە ویژدانەوە لە ٣٠ـی ئەیلوولی رابردوودا پاداشتی بدەنەوە، بەمەش ئەرکی پارتی قورستربوو چونکە چەندی کورسی پارتی زۆرتربێت بە دڵنیاییەوە بەرپرسیاریەتیشی زۆرتر دەبێت، تا بە جددیتر کاربکات لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری کوردستانیان بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەھێز بنیات بنێت، ھەرچەندە ھەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراتی و مافی ڕەوای خەڵکە بەڵام لە ھەمان کاتیشدا رێگەی پتەوکردنەوەی دامەزراوەکانی کوردستان و نوێکردنەوەی دەزگا شەرعیەکانە بۆیەش گرنگە پارتی ئەم متمانەیە و بڕوابوونەی خەڵکی کوردستان بە ھەند وەربگرێت، چونکە ئەمەیان بەشێکی گرنگە لە بەرپرسیاریەتی ، لێرەشەوە دەگەینە ئەو راستیەیی کە لەم خوولەیەدا ئەرک و بەرپرسیاریەتی پارتی لە جاران جیاوازتر و قورسترە، کە ھەرواشی بیرکردۆتەوە کە لە یەکەمین دانیشتنی خوولی پێنجەمیشدا بە بەرپرسیاریانە مامەڵەی کرد و دانیشتنەکەی بە کراوەیی ھێشتەوە ، تا رێگا بدات لایەنە سیاسیەکان بە سازان و لێکتێگەیشتن بگەنە رێککەوتنێک کە حەقە لایەنە سیاسیەکانیش چاک لە نیەتی پارتی حاڵیبن، چونکە دەرەنجامی ھەڵبژاردن دەریخست کە سیستەمی (فیفتی بە فیفتی)کۆتایی پێھاتووە، کە ئەزموونێکی سیاسی و ئیداری ناسەرکەوتووبوو لەگەڵ ئەوەی لەم خوولەی ئێستادا پارتی خاوەنی ٤٥ کورسیە بەڵام ئەمەیان نەبوویتە ھۆکارێک تا دەرگای گفتوگۆ لەسەر لایەنەکان دابخات بەڵکو وا بریارە لە چەند رۆژی داھاتوودا شاندێکی فەرمی پارتی سەردانی لایەنەکان بکات و بە تەوازوعی سیاسیەوە مامەڵە بکات ، کە نەھجی بارزانی نەمر و پارتییە کە ھیچ کات بە سەرکەوتن مەغرور نابن و بە شکستیش بێ ئومێد نابن، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت وەک ھەمیشە غەدر لە پارتی بکرێت، بەڵکو پێویستە ئەمجارەیان لایەنەکان ٤٥ کورسیەکەی پارتیان لە بەرچاو بێت کە خەلکی کوردستانیش ئومێدی زۆری بەم خوولەی ئێستا ھەیە تاکار بکات لە پێناو باشترکردنی ئاستی بژێوی ھاوڵاتیان کە ئەمەش لە ڕێگای چەند خاڵێکدا دەکرێت کە لێرەوە بە کورتی دەیانخەینە روو :
یەکەم : دامەزراندنی حکومەتێکی بەھێز
دووەم: ئەنجامدانی گۆڕانکاری و چاکسازی ئیداری و دارایی.
سێیەم: کۆاتایی ھێنان بە پاشەکەوتنی مووچە
چوارەم : نەھێشتنی فەوزای سیاسی بە تایبەت چیتر رێگە نەدرێت حزبی وا ھەبێت وەک رابردوو لە پەرلەمان و حکومەت دابێت بەڵام لە راگەیاندن و شەقام ئۆپۆزسیۆن بێت.
پێنجەم : دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ لاوان و خاوەن بروانامەکان
شەشەم : پاراستنی رەوشی ئارامی کوردستان .

بێگومان بۆ سەرخستنی ئەم کارانەش پێویستی مان بە پالپشتی و ھاوکاری ھەمووان ھەیە بەڵام بە مەرجێک دووربێت لە موزایەدەی سیاسی و پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن، چونکە گرنگ نیە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا چەند کورسی دەھێنی بەڵکو گرنگە لەم قۆناخەدا چۆن بتوانرێت خزمەتی ھاوڵاتیان بکرێت..
خوای گەورە پشتیوانی ھەموو لایەکمان بێت بۆ خزمەتکردنی کوردستانیان.
Top