پارتی و حکومەتی نوێ
October 29, 2018
وتار و بیروڕا
لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ پارتی بۆ رێگری لە شەڕی ناوخۆ دەستبەرداری ئیستحقاقی ئینتبیخابی خۆی بوو، بەڵام ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەی پارتی بە هەند وەرنەگیرا و دواتر و بە بیانووی تر شەڕەکەیان بەسەر کورد و پارتیدا سەپاند، ئەوەش وایکرد هەڵوسێتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی پارتی بە خاڵی لاواز وەربگیرێن و لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکدا پەڵپ و بیانووی تازە بە پارتی بگرن، تا لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ دوا پەردەیان لەسەر پیلانەکانیان لادا و روون و ئاشکرا داوای رۆیشتن و رووخانی پارتییان دەکرد، ئیتر لەوکاتەوە هەر جارە و بە بیانووەیەک کێشەیان بۆ پارتی درووست کردووە، رۆژێک لە شەقام پەلاماری پارتیان دەدا و رۆژێکیش لە پەرلەمان کودەتایان بەسەردا دەکرد.
لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ سیستەمی سەقەتی حکومەتی بنکە فراوانیان داهێنا، لەو حکومەتەدا بەشی خۆیان بە زیادەوە وەرگرت، کەچی لە شەقام بەناوی گەندەڵی خەڵکیان هاندەدا و شەو و رۆژیش دەست و قاچی حکومەتە گەندەڵەکەیان دەلستەوە، بەوەشەوە نەدەوەستان و لە سەرکەوتنەکان پشکی گەورەیان بۆ خۆیان دادەنا و شکست و کەموکورتیەکانیشیان دەکردنە بەشی پارتی، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: هەڵوێستی پارتی دوای هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول چۆن دەبێ؟ ئایا وەک جاران بۆ رازی کردنی لایەنەکان خێراتی سیاسی دادەنێ و پۆستەکان دەبەشێتەوە؟ یان کەڵکی لە رابردوو وەرگرتووە و ئەمجارەیان هەر لایەنەو بەشی خۆی پێدەدات؟
کورد دەڵێ: چاکە کردن لەگەڵ سپڵە بەڵایە و سەری چاکەکار دەخوات، مێژووی کۆن و نوێی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد دەری خستووە کە ئەوانە جیا لەوەی سپڵەن، هەست بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانیش ناکەن، بۆیە پێویستە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا پارتی تەرازووی ئیستحقاقی ئینتیخابی بکاتە پێوەر و ئەو مەرجانە بۆ بەشداری لایەنەکان دابنێ.
١ــ پۆستەکان بە پێی کورسی پەرلەمانی دابەش بکات.
٢ــ لایەنەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن یەکیان هەڵبژێرن، ئەگەر لە دەسەڵاتن دەبێ شان بدەنە بەر شکست و سەرکەوتنەکان، خۆ ئەگەر لە ئۆپۆزیسینیشن ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی خۆیان ببینن.
٣ــ دەبێ سنوورێک بۆ تیرۆری فکری و پەنا بردن بۆ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دابنرێ، نەک وەک رابردوو چ ئەوکاتەی لە دەسەڵات بوون و چ ئەوکاتەش لە ئۆپۆزسیۆن بوون، هەموو لایەنەکان بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشەوە ئەرکی خۆیان لە رووخاندنی حکومەت و نەهێشتنی هەرێمی کوردستان چڕ کردبوونەوە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش بە تاک و بە کۆ قاچێکیان لە سلێمانی و ئەویتریان لە بەغدا بوو، بۆ نەهێشتنی حکومەتی هەرێم و بە هەرێم کردنی سلێمانی نەخشەیان دەکێشا و پێشنیاریان دەدانە بەغدا.