ئەگەر گوێ لە سەرۆک بارزانی گیرابا

ئەگەر گوێ لە سەرۆک بارزانی گیرابا

ئەگەر سیاسی و بڕیار بەدەستانی عێراقی دوای سەددام حوسێن گوێیان لە سەرۆک بارزانی گرتبا و بە ئامۆژگاریەکانی ئەویان کردبا، خەڵکی عێراق بە گشتی و عەرەب بە تایبەتی تووشی ئەو فەوزا سیاسی و کارەسات و نەهامەتیانەی ئێستا نەدەبوو و عێراقیش ئاوا کاول و وێران نەدەکرا.
بەر لە رووخانی رژێمی بەعس ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر بەڕێوە بردنی عێراقی دوای سەددام حوسێن کۆ دەبنەوە، دیارە لەو کۆبوونەوەیەدا عەرەبەکان زیاتر باسیان لە تۆڵە کردنەوەیەکی رقاوی کردووە، سەرۆک بارزانی روویان تێدەکا و دەڵێ: ئەگەر دەتانەوێ عێراقی دوای سەددام حوسێن جیاواز بێ لە عێراقی سەددام حوسێن، ئەگەر دەتانەوێ خەڵکی عێراق لە عێراقی دوای سەددام حوسێن بە ئاسوودە و دوور لە پشێوی و کوشتوکوشتار بژی، دەبێ لێبووردە بن و تەنها لێبووردەیی لە سەددام حوسێنتان جیا دەکاتەوە.
دواتر سەرۆک بەردەوام دەبێ و دەڵێ: سەددام حوسێن سی و حەوت کەسی لە برا و مام و ئامۆزاکانی من کوشت، ئەگەر منیش سی و حەوت کەسم لە خزمە نزیکەکانی ئەو کوشتبان، سەددام حوسێن هەشت هەزار کەسی لە عەشیرەتەکەی من ئەنفال و کۆمەڵکوژ کردن، ئەگەر من هەشت هەزار کەسم لە عەشیرەتەکەی ئەو کوشتبان، سەددام حوسێن سەد و هەشتا و دوو هەزار کەسی لە گەلەکەی من ئەفال کرد، ئەگەر منیش هەوڵم دابا سەد و هەشتا و دوو هەزار عەرەبم بکوژم، ئایا دەزانن چی رووی دەدا؟ بەڵام ئێمە ئەوەمان نەکرد و لە راپەڕین دوو فەیلەقی سوپای عێراق کەوتنە دەست هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەوە جگە لە خەڵکی تر، هەموو ئەوانە بەڕێزەوە بەڕێ کران و کەس هیچی پێنەگوترا، بۆیە پێویستە ئێوەش لێبووردە بن و بە لێبووردەیی خۆتان لە سەددام و حزبەکەی جیا بکەنەوە.
وەک بینیمان گرنگیان بە ئامۆژگاری و رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی نەدا و کەوتنە کوشتن و تۆڵە کردنەوەی سیاسی، هەر ئەو رق و تۆڵەیەش بوو داعشی بەدوای خۆیدا هێنا و عێراقی بەو کاولکاریە گەیاند و بەیەکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکانیشی کردۆتە کارێکی مەحاڵ، جگە لەوەش بە هۆی گوێ نەگرتنیان لە سەرۆک بارزانی عێراق بۆتە مەیدانی تەراتێنی وڵاتان و گۆڕەپانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیە دژەکان، ئێستاش ئەگەر گوێ لە سەرۆک بارزانی نەگرن و واز لە بیری تۆڵە و سەرەڕۆیی سیاسی و کەلتووری توندوتیژی و خواستی شۆڤێنیزمانە نەهێنن، عێراق بەرەو کاولکاری زیاتر و عێراقیەکانیش بەرە و کارەسات و نەهامەتی زیاتر دەبەن.
Top