باشترین مامۆستا له‌ جیهان

باشترین مامۆستا له‌ جیهان
توێژه‌رو نوسه‌رى ئیرله‌ندى سی ئاس لویس ده‌لێ" ئیشى مامۆستا ئه‌وه‌یه‌ بیابان بكێلێ ، نه‌ك گژوگیای زیان به‌خش له‌ كێلگه‌كان بژار بكات".
رۆلی مامۆستا هێنده‌ كاریگه‌ره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ قه‌رزاری مامۆستا ده‌بێت و گرنگه‌ مامۆستاش رۆڵه‌كه‌ى خۆى به‌ دڵسۆزى و له‌ خۆ بوردوویی پیاده‌ بكات، له‌و ووتاره‌دا به‌ كورتى ده‌مه‌وێ باسى باشترین مامۆستاكانى جیهان بكه‌م كه‌ ساڵانه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاى (فایركی) به‌ریتانی كه‌ ده‌زگایه‌كى مرۆڤایه‌تییه‌ ئامانجى بنیاتنانى تواناكانى مامۆستایانه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت و خه‌ڵاتى باشترین مامۆستاى ساڵ له‌ جیهان پێیان ده‌درێت كه‌ بڕه‌كه‌ى یه‌ك ملیۆن دۆلاره‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ باشتركردنى پێوه‌ره‌كانى فێركردن بۆمنداڵانى هه‌زار له‌ ئاستى جیهاندا.
ئه‌وه‌ بوو له‌ ساڵى (2015) مامۆستاى ئافره‌ت مامۆستا(نانسی ئاتویل) له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا هه‌ڵبژێردرا ، ئه‌و مامۆستایه‌ مامۆستاى زمانى ئینگلیزی بوو له‌ ساڵى (1990) قوتابخانه‌یه‌كى دروست كرد بۆ باشتر فێربوونى خوێندنه‌وه‌ و نووسین بۆ قوتابیان كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ى (40)په‌رتووك له‌لایه‌ن قوتابیان ده‌خوێندرایه‌وه‌، وه‌ خۆى خاوه‌نى (9)نۆ په‌رتووكه‌ له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ ، وه‌ بڕیاریدا بڕى نرخی خه‌ڵاته‌كه‌ ببه‌خشێ به‌ قوتابخانه‌كه‌ى بۆ زیاتر فێربوون و خوێندنه‌وه‌ و نووسین ، وه‌ له‌ ساڵى (2016) مامۆستاى ئافره‌تاى فه‌له‌ستینى به‌ ناوى (حه‌نان ئه‌لحروب) هه‌ڵبژێردرا به‌ باشترین مامۆستاى جیهان له‌ سه‌ر بنچینه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ خۆى (پرۆگرامى سنورێك بۆ توند و تیژی دابنرێ و بنچینه‌ى یارى بكه‌ین و فێرببین) كه‌ توانی به‌های ره‌وشت و په‌روه‌رده‌ى جوان له‌ ناو ناخى قوتابیه‌كان بچێنێ كه‌ خۆى مامۆستا پۆڵى دووه‌مى بنه‌ڕه‌تى بوو له‌ خیوه‌تگای شارى (ئه‌لبیره‌) له‌ كه‌ناری رۆژئاوای فه‌له‌ستین كه‌ ئامانجى مامۆستا(حه‌نان)ئه‌وه‌ بوومنداڵه‌كانیان بژین له‌ ئاشتى و ئازادى وه‌كو منداڵانى جیهان و بتوانن هیواوئاوات له‌ ناخى قوتابییه‌كان بچێنن، وه‌ له‌ ساڵى (2017) مامۆستاى ئافره‌ت (ماجى ماكدونیل) له‌ باكوری كه‌نه‌دا به‌باشترین مامۆستا له‌ جیهان هه‌ڵبژێردرا كه‌ مامۆستا بوو له‌ قوتابخانه‌یه‌ك له‌ گوندێكى زۆر دوور و شاخاوى رێگاى هات و چۆى نه‌بوو ته‌نها به‌فرۆكه‌ كه‌ ناوى شوێنه‌كه‌(سالویت)بوو شوێنێكى زۆر سارد بوو پله‌ى گه‌رما زۆر جاران ده‌گه‌یشته‌ (20)پله‌ ژێر سفر، ئه‌و مامۆستایه‌ له‌و شوێنه‌ كاری كرد بۆ باشتركردنى ته‌ندروستیان و ره‌خساندنى هه‌لى ژیان بۆ منداڵه‌كان كه‌ شوێنێك بوو كێشه‌و گرفتى زۆر بوو، ئه‌و مامۆستایه‌ توانی له‌و شوێنه‌ رۆڵى خۆی ببینێ و منداڵه‌كان فێری خوێندنه‌وه‌ و نووسین بكات و ئاستى فێربوونیان به‌رز بكاته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها له‌ ساڵى (2018) مامۆستاى ئافره‌تى به‌ریتانى (ئه‌ندریا زامیزا كوا) به‌باشترین مامۆستا له‌ جیهان هه‌ڵبژێردرێ كه‌ مامۆستا بوو له‌ قوتابخانه‌ى (ئه‌لبرتون) كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كى پڕ كێشه‌و زۆر هه‌ژار كه‌ قوتابیه‌كانى به‌ نزیكه‌ى (130) سه‌دو سى زمان قسه‌یان ده‌كرد، مامۆستا(ئه‌ندریا) مامۆستا هونه‌ر بوو كه‌ كاری له‌گه‌ڵ زه‌نگ لێدان نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ درێژایی رۆژ له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانى بوو بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌یان بۆ دروست بكات و خاوه‌ن كه‌سایه‌تى خۆیان بن و نه‌كه‌ونه‌ ژێر باری هیچ كه‌س و لایه‌نێك خاوه‌ن بڕیار و متمانه‌ى خۆیان بن.
دیاره‌ ساڵانه‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌و مامۆستایانه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای(فاركی) و پێدانى یه‌ك ملیۆن دۆلار و ده‌ستنیشانكردنیان به‌ باشترین مامۆستا له‌ جیهان خۆی له‌ خۆیدا گرنگى و بایه‌خدانه‌ به‌ رۆڵى مامۆستا و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى په‌روه‌رده‌ و خوێندن و باشتركردنى پێوه‌ره‌كانى فێربوون و به‌رز ناساندنى ئاست و توانای مامۆستاكانه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستى ده‌زانم له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و یانیش ده‌زگا ورێكخراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان كۆمه‌لێ پێوه‌ر و بنه‌مای دڵسۆزی و توانایی بكه‌ینه‌ بنچینه‌ بۆ ده‌ستنیشان كردنى باشترین مامۆستاكانى ساڵ كه‌ دڵنیام مامۆستای یه‌كجار دڵسۆزمان هه‌یه‌ له‌ گونده‌ دووره‌كان له‌ شوێنه‌جیاواز و ئاسته‌نگه‌كان به‌رده‌وامن له‌ پیشه‌ى دڵسۆزی مامۆستایه‌تى و قوتابیه‌كانیان جێ ناهێلن و په‌روه‌رده‌ و فێربوون و دڵسۆزی تێكه‌ڵ خوێنیان بووه‌ و سوورن له‌سه‌ر گه‌یاندنى په‌یامه‌ پیرۆزه‌كه‌یان و خۆیان به‌ خاوه‌نى پرۆسه‌كه‌ ده‌زانن و نموونه‌ زۆرن و ده‌ستنیشان كردن و پاڵپشتى كردن و هاندانیان یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌سه‌ر دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كانى حكومى و ناحكومى.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێرێ په‌روه‌رده‌یی
Top