بەم سەركەوتنە ئەركی پارتی قورستر دەبێت

بەم سەركەوتنە ئەركی پارتی قورستر دەبێت

دوای یەكلاكردنەوەی زیاتر لە هەزار سكاڵا و وردبینیی تەواو، دواجار كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەنجامی كۆتاییی هەڵبژاردنەكانی ڕاگەیاند و سەنگ و پێگەی هەر حیزبێك بە قەبارەی ئامادەیی لە كۆمەڵگا و كایە سیاسی و خزمەتەكانی، دەركەوت.

پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك هەموو جارەكانی دیكە توانی وەك حیزبی ژمارە یەك دەربچێت و ژمارەی كورسی و سەنگ و پێگەكەی لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر بێت، ئەم سەركەوتنە جگە لەوەی ئەركی پارتی وەك حیزب و ستافی نوێی پارتی لە پەرلەمان و كابینەی داهاتوو قورستر دەكات، لە هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانیشدا سەنگی پارتی زیاتر دەبێت.

ئەنجامەكان دەریانخست كە خەڵكی كوردستان بۆ ئیدارەدانی هەرێم و چارەكردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و نەهێشتنی گرفتە ئابوورییەكان و مووچە و خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر، پارتی بە شاییستەی سەركردایەتی دەزانن و پێیان وایە پارتی حیزبی ڕاكردن نییە لە بەرپرسیارەتی و لە هیچ بارودۆخ و بۆ هیچ ئەجێندایەك خۆی ناچەمێنێت.

بەڵێ، پارتی وەك حیزب دەبێ لە ڕێگەی بەكارهێنانی هەموو توانا عەقڵی و مرۆیی و ئیدارییەكانەوە، هەوڵ بدات كار بكات لەسەر پێكهینانی حكوومەتێكی چالاك و خزمەتگوزار، بە جۆرێك هاوووڵاتی هەست بە بوونی خۆی بكات و متمانەی بە حكوومەتی خۆی هەبێت و بە چارەسازی ئاریشەكانی خۆی دابنێت، كابینەی داهاتووی حكوومەت یان باشترە بڵێین ئەو حكوومەتەی پارتی دروستی دەكات و سەركردایەتیی دەكات، وەك ڕابردوو خەم و ئازارەكانی بۆ پارتییە و رەخنەكانیش هەر ڕوو لە پارتییە، بۆیە خەڵكی كوردستان ڕوویان زیاتر لەو حیزبە و ستافەكەی دەبێت كە دەسەڵاتەكانی خۆی لە زاخۆوە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و هەورامان و دەڤەری پشدەر و بیتوێن بە تەواوی بسەپێنێت و لە خزمەت هەموو شوێنەكاندا بێت.

لەگەڵ ئەوەی بە نزیكەی هەموو لیست و قەوارەكان بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە دژی پارتی بوو، بەڵام پارتی توانی نزیك بە نیوەی دەنگەكان و نیوەی كورسییەكانی پەرلەمان بباتەوە، ئەمە ئەگەر لە مەودای نزیكدا سەیری بكەین، جگە لەوەی متمانەی خەڵكە بەو حیزبە، لە لایەكی تر سەرەتاكانی كۆتاییهاتنی ئیرهابی فیكرییە كە ئەوانی تر لە دژی پارتی دروستیان كردووە و پەرەیان پێ داوە و بەشێك لە خەڵكیان پێ گۆش كردووە.

بەم سەركەوتنە، ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم بە تەواوی شێوەی یاسایی خۆی وەرگرت و لە مەترسیی هەڵوەشانەوە دەرچوو، چونكە گومانی تێدا نییە ئەو حیزبانەی بە لاپتۆپ و فایلەكانیان دەچوونە خزمەتی بێگانە، بەڵێنیان دابوو ئەگەر زۆرینەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان بردەوە، ئەوا یەكەم كاریان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم دەبێت كە لە پەرلەمان بە چەپڵەڕێزان پەسەند كرا و پێشوازیی لێ كرا، بۆیە خەڵكی كوردستان جارێكی تر ئەم هەوڵە نەزۆكەی بە پووچی هێشتەوە.

خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆی دا و چاوەڕێی پارتی و حكوومەتی ئاییندەیە بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز، هەروەها چاویان لە هیممەت و هەوڵ و كۆششی پارتییە و دڵنیام پارتییش كە هەڵقوڵاوی ئەو جەماوەرەیە و هێز و توانای لە خەڵك وەرگرتووە، كوردستان بەهێزتر دەكات و ئاسۆ ڕوونتر و وڵات ئاوەدانتر و خۆشگوزەرانتر دەبێت.
Top