ھەرێمی کوردستان و عێراق لە کوێی پۆلینکردنی کوالێتی خوێندنی جیھانین

ھەرێمی کوردستان و عێراق لە کوێی پۆلینکردنی کوالێتی خوێندنی جیھانین
نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی دیل کارینگی دەلێ" زۆربەی شتەگرنگەکانی ئەو جیھانە جێ بەجێ دەبن بۆ ئەوانەی سوورن لە سەر ھەوڵەکانیان ھەر چەندە ھیواشیان نەبێت".
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠١٨/٢٠١٩) کۆڕبەندی ئابوری جیھانی پۆلین کردنی نوێی کوالێتی خوێندنی بۆ ساڵی (٢٠١٧/٢٠١٨) دەرکرد کە (١٣٧) ووڵات دەگرێتەوە کە چەند پێوەر و بنەمایەک بنچینە بۆ پۆلین کردنی ووڵاتان لە سەر کوالێتی خوێندنی بەرز وەکو (ژێرخانی خوێندن و قوتابخانەکان و فێرکردنی بنەڕەتی و زانکۆیی و تەندروستی و ژینگە و راھێنان و مەشق و کوالێتی تایبەت بە توانا و تەکنەلۆژیا و داھێنان و پرۆگرامەکان و چەندانی تر). کە سویسرا و سەنگاپورە یەکەم و دووەمی جیھان بوون و مۆریتانیاش دووا ووڵات بوو، وە ھەریەکە لە (قەتەر و ئیمارات و لوبنان) یەکەم و دووەم و سێ یەمی ووڵاتانی عەرەبی بوون لە کوالێتی خوێندن بە زنجیرەی (٢٥،١٠،٤) ووڵاتانی جیھانی ھاتن.
ئەوەی گرنگە عێراق لە دەرەوەی پۆلین کردنەکە بوو بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ، ئەوە چەند سالێکە عێراق و ھەرێمی کوردستان پۆلین کردنی کوالێتی خوێندن نایانگرێتەوە کە سادەترین پێوەر و بنەماکانی کوالێتی خوێندن تیایاندا جێ بەجێ نەکراوە و بەرچاو و دیار نەکراوە ، جگە لە عێراق ھەریەکە لە سوریا و سۆمال و سودان و لیبیا و یەمەن لە دەرەوەی پۆلین کردنەکەن، بێگومان فێرکردن یەکێکە لە گرنگترین بنەماکان کە ھەر دەوڵەت و ووڵاتێک لە سەری بنیات دەنرێن و کێبرکێی ووڵاتانی تر دەکات لە بوارە جیاواز و جۆراوجۆرەکان، بۆیە زۆر گرنگە ئەوپەری گرنگی بە فێرکردن و خوێندن بدەین لە ھەرێمی کوردستان و پلان و ستراتیژیەتی درێژخایەنمان ھەبێت بۆ بەرزکردنەوەی پەروەردە و فێرکردن و ناساندن و کێبڕکێ لەگەڵ ووڵاتانی تری جیھان ، ئەویش بە جێ بەجێ کردنی پێوەر و بنەماکانی مەرجدار بۆ بەشدار و پۆلین کردن لە کوالێتی خوێندنی جیھانی کە پێویستە چاکسازی لە کۆی پرۆسەی فێرکردن و پەروەردە بکرێ لە لایەن ئاستی باڵای ھەرێم و حکومەتی کوردستان سەرەتا بە چاککردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن و چاککردنی باری خوێندن لە گوند و شارەکان و وەکو یەکیان لێ بێت و ھەلی یەکسانیان بۆ بڕەخسێت گرنگی زۆر بە خوێندنی قوتابخانە حکومییەکان بدرێت لە ھەموو روویەکەوە و قوتابخانەکان شیاو بکرێن و ژینگەی لە باری فێرکردن بۆیان درووست بکرێت و گرنگی بە راھێنان و مەشقی بەردەوام بدرێت و دەسەڵات بدرێت بە قوتابخانەکان و پاڵپشتی بکرێن و کەسانی دڵسۆزو پەروەردەیی و خاوەن ئەزموون لە کۆی جومگەکانی پەروەردە و فێرکردن بوونیان ھەبێت لە بنکە تا لوتکە، سوود لە توانان و ئەزموون و شارەزایی ووڵاتانی دەرەوە وەربگیرێت بە تایبەتی ئەو ووڵاتانەی لە پێشەوەن لە پۆلین کردنی کوالێتی خوێندن تا بە شێوەیەکی گشتی بتوانین ھەرێمی کوردستان نزیک بکەینەوە لە سەرکەوتن و ئەزموونی ئەو ووڵاتانە و ھەروەھا گرنگی زۆر بە نەھێشتنی نەخوێندەواری بدەین و لەگەڵ کارکردن بە ووردی لە سەر ئەو قوتابیانەی کە لە قۆناخی بنەڕەتی ساڵانە خوێندن بە جێ دەھێلن و ئاماری ووردمان ھەبێت لە سەر کۆی پرۆسەکە و ئامانجمان تەنھا بەدەستھێنانی ئەنجامێکی باش و بەرز بێت و جیاوازییەکەشی دیار بێت.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی

Top