شەوی 16ئۆكتۆبەر شەوی لەناوچوونی خەونەكانم
October 13, 2018
وتار و بیروڕا
مەریوان حەكیم جەباری
لەشەوی 16ئۆكتۆبەردا وەك هەموو لاوێكی كورد بەگۆڕەپانەكانی كەركووكدا دەگەڕام، وەك شاعیرێك لەچەند جێگەیەك شیعری نیشتمانیم دەخوێندەوە، لاوانی ئەوشارە بەحەماس و ورەیەكی بەرزەوە خۆیان بۆ ڕووبەڕوبونەوە ئامادەكردبوو، هەركەسێكت دەدواند ئامادەبوو لەبەردەم زرێپۆشەكانی دووژمندا بمرێت، كەركووك جێ نەهێڵێ، سەرنجی هەرجێیەكت دەدا پڕبوو لە گەنج و پیر و ژن و پیاوی چەك بەدەست، هەندێك چەكیان نەبوو دارێك یان چەقۆیەكی بەدەستەوە بوو، بەهۆی خۆشەویستی خاك و نیشتمان توڕەیی لەچاویاندا پەنگی خواردبوو، هیلاكی و شەكەتی نەخەوتنی چەند شەو بەچاوو سیمای دانشتوانی ئەو شارەوە دەبینرا، بەڵام زۆری نەخایاند گرمەی مەتفەعی و تۆپەكان دەستی پێكرد شەڕ لەچەند قۆڵێكەوە دەستی پێكرد پێشمەرگە ئازایانە بەرپەرچی دانەوە و دووژمنیان تێك شكاند، خەڵكی كەركووك پۆل پۆل بۆ سەنگەرەكان بەڕێكەوتن، بەداخەوە زۆری نەخایاند دەنگۆی خیانەت و چۆڵكردنی سەنگەرەكان میشك و دەروونی هەمومانی تاساند و ورەی بەرزی خەكڵی ڕووخاند، بەشێك لەهێزەكانی پێشمەرگە بەفەرمانێك سەنگەریان بەرداو بەچاوی پڕگریانەوە خۆیان كرد بەكوچەو كۆڵانەكانی كەركوودا بەرەوەسلێمانی ملی ڕێیان گرتەبەر، ئیتر هیوا نەما و خەڵك ئەژنۆی شكا ڕێگایان لە هێزەكانی پێشمەرگە دەگرت و لێیان دەپرسین بۆدەڕۆن، پێشمەرگەش بەگریانەوە دەیان گوت ئەوە بڕیارە، وردە وردە حەشدو سوپا بەرەو كەركووك كەوتنە ڕێ خەڵك بەپیادەو ئۆتۆمبێل كەركووكیان بەجێ دەهێشت وبەرەوسلێمانی و هەولێر دەڕۆشتن، من بەهۆی ئەوەی چوو بوومە بەرەكانی شەڕ لەخانەوادەكەم دابڕام، لە یەكێك لەبەرزاییەكانی كەركووك نزیك مەتعەم عەبدوڵڵا وەستابووم، دیمەنی ئەو شارە لەڕۆژی حەشر دەچوو، هاواری دایكان و گریانی پیاو و ژن تێكەڵ ببوو، لەتەنیشتم بەرپرسێكی باڵا وەستابوو زۆر بەكوڵ دەگریاو باسی خیانەت و خیانەتكارانی دەكرد دوعاو ناڵەی خەڵك لەخیانەتكاران گۆێچكەمی پڕ كرد، خۆشم دەگریام گریان بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە پێناوی كەركووك خۆیان بەخت كرد و بە دەستی پیسی داعش شەهید بوون، گریانێك بۆ ئەو خەڵكە دڵسۆزەی كەركووك ئێمەی كەركووكی قابیلی ئەوە نەبوین خیانەتمان لێ بكرێت بفرۆشرێین، تادواساتەكانی دیمەنی تراژیدای خەڵك مامەوە جەند وێنەیەكی ناخ هەژێنی ئەوخەڵكە فرۆشراوەم گرد لەهەموی ناخ هەژێن تر دیمەنی منداڵێك بوو كەئێستاش لەزەینمدا ئازارم دەدات پێیە كانی پەتی و گونیەیەكی پڕ لە جلوبەرگی بەكۆڵدا دابوو، تەمەنی لەنێوانی دە بۆ دوازدە ساڵ دەبوو، وردە وردە كاروانی ڕۆشتنی خەڵك بەرەو كۆتای دەڕۆشت شار لەدوورەوە لەگۆڕستانێكی گەورە دەچوو، منیش بەچاوی گریان و بە هەناسەی ساردەوە بەناچاری بەڕێكەوتم لەهەولێر گیرسامەوە، تائێستاش لەهەولێرم كەركووك هەر بەداگیر كراوی و فرۆشراوی دەبینم، چاواوەڕوانم كەركووك پەرچەمی كوردستانی لەسەر بكرێت، هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوەو دەسەڵاتی كەركووك ڕادەستی كورد بكرێتەوە، دۆخەكە ئاسای بكرێتەوە منیش بگەڕێمەوەو لەبەردەمی قەڵای خۆڕاگری كەركووك سروودی هەرماوە قەومی كوردزمان بڵێمەوە.