بەهێزتر لە رابردوو بەرەو بەدەستهێنانی كوردستانێكی بەهێزتر و ئامانجەگەورەكەمان ..

بەهێزتر لە رابردوو بەرەو  بەدەستهێنانی كوردستانێكی بەهێزتر و ئامانجەگەورەكەمان ..
بێ‌ دەوڵەتبوونی گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی رٍەسەن لە رۆژهەڵاتی ناوین لە ماوەی سەدەی رابردوو زیانی زۆر گەورەی ماددەی و مەعنوویی پێگەیاندووە و داگیركەران هەمیشە ئەو دەرفەتەیان وگواستۆتەوە تا زیاتر ناكۆكیی و ناتەبایی نێوماڵی كورد زیاتر بێ‌ و ئەمەش وایكردووە كە كاروانی خەبات بۆ بەدەسهێنانی دەوڵەتبوونی كوردستان رووبەرووی كۆسپ و تەگەرە ببێتەوە .ئەگەر بە مێژووی مەینەتی و چەوسانەوەی كورد و كوردستانیان بەگشتیدا بچیتەوە، بە تایبەت لە سەدەی بیست و بیست و یەك بۆت دەردەكەوێت هیچ پێكهاتەیەكی ئایینی و نەتەوەیی بەقەد كورد نەكراوەتە ئامانج. تاكە پێكهاتەیەك كە كرانە سووچێكی چەوسانەوە رەسەنە ئەفریقاییە رۆژئاواییەكانن، كە لە زۆر رووەوە بەراورد كردنەكەیان زۆر كۆك نابن، بەڵام لە بەراوردكردنی و دژ و بەرامبەرەكانیان چەند وانەیەك فێر دەبین.ئەوەش بە لایەك، لە لایەكی تر، بۆ بەراوردكردنی دوژمنەكانمان؛ دیارە عەرەب و تورك و فارس بەردەوام بۆ زاڵكردنی خواستی فەرهەنگیی و نەتەوەیی خۆیان و زۆر جار ئایینیش، كوردیان خزاندۆتە دونیایەك لە قسەی پوچ و هەڵبەستراوی وەك نەوەكانی ئەجندەكان و یەهودیەكان و ئاگر پەرستەكان و هتد... كە هیچ ڕاستیەكی زانستی هەڵنەگرتووە. ئەو لایەنانەش بۆیە زۆرتر كاریگەر بوون، چونكە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندی دروستبوون و گەشەی ئایینەكانە. لێرە بە جۆرێك لێكچوون هەیە لەگەڵ چەوسانەوەی ڕەشپێستەكان لە لایەن سپی پێستەكان.دوژمنەكانی دۆزی سیاسی كوردستان بەوەش نەوەستاون تەنها ناوی دێهات و شارەكانت بگۆڕن یان زمانەكەی بخەنە پاڵ زمانەكانیان یانیش بە برا بچووكی بەشمەینەت و بێ میرات، ئەوان بوونی كورد و كوردستان بە پیلانی دەرەكیی دەزانن، نەك خواستی گەلێكی زۆرینە موسڵمانی قوربانیدەر و دێمۆكرات و كراوە و پێشكەوتنخواز. لە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییش بینیمان چۆن بە دەستكەوت و خواستەكانماندا دەڕشانەوە و لە هەمان كات مەكینەی راگەیاندنی سێ دەوڵەتیان دژی كوردستانیان خستبووەگەڕ و منداڵەكانیشیان بە دژایەتی كورد و كوردستان جۆش دایەوە گومانی تێدا نیە، تەنها لەسەدەی بیست و بیست و یەكیش بێت، دوژمنانی كورد لە كۆی دوژمنەكانی تەواوی نەتەوەكانی جیهان نامرۆڤانەترن. ئەوان بە ڕەوای نابینین زمانی كوردیی بخوێندرێت، نەبادا فەرهەنگی دەوڵەمەندی كوردی زیندوو بێتەوە و شوێنی فەرهەنگی سەپێندراوی ئەوان بگرێتەوە.لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و یاسا و رێساكانی بەناو نەتەوە یەكگرتووەكانیش مافی بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی مافێكی بنچینەییە ، بۆیە گەلی كورد ، ناتوانێ‌ دەستبەرداری مافێك بێ‌ كە دەیان ساڵە خەبات و قوربانیی بۆ دەبەخشێ‌.. مێژوو سەڵمێنەری ئەو واقیعەیە ، داگیر كەران بە هەموو توانایەكی سەربازیی و داراییەوە هەوڵیان داوە تا شتێك بە ناوی كورد و كوردستان نەهێڵن و مێژوو و شوناسی رٍەسەنی لە سەر خاكی خۆی كۆتایی پێبهێنن ..خۆراگری و قوربانیدانی شۆرٍشەكانی گەلی كورد تا ئێستا وایكردووە دوژمنان و داگیركەران بێ‌ ئومێدبن لەو مەرٍام و نەخشە شوومانەی كە لە نێو مێشكی بۆگەنیان دەگوزەرێ‌..بۆیە ، تەنیا رێگەی بەردەمیان كە بتوانن زیان بە دۆزی كورد و بەربەستی لە بەردەم خەبات و كاروانی كوردایەتی دروست بكەن ، ئەویش كەسانی نا نیشتیمانپەروەر و ناكوردپەروەرە كە بە خەرجییەكی كەم و چەند پۆست و پایەیەكی كاتی دەسكەوتی گەورە بۆ داگیركەران و نەیارانی كورد تۆمار بكەن و زیان بەو دەسكەوت و بەرهەمانە بگەێنن كە گەلی كورد ماف زەوتكراو بە درێژایی سەدەی رابردوو لە پێناویدا قوربانیی و خوێنی بەخشیووە ..پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێبەرایەتی سەرۆك بارزانیی ، كە بە قوتابخانەی كوردایەتیی و میرات هەڵگری گشت شۆرشەكانی گەلی هەژمار دەكرێت و روون و ئاشكرایە ، بەدرێژایی مێژوو رووبەرووی زۆرترین پیلانگێری و خیانەتكاری نێو خۆیی بۆتەوە . هۆكاری سەرٍەكیش بۆ ئەوە دەگەرێنەوە كە لە سەخترین بارودۆخەكان ئامادە نەبووە لە پێناو بەرژوەندی حزبی و شەخسی دۆزی نەتەوەیەك بكاتە قوربانیی .ئەگەر زۆر دوور نەرۆین هەڵوێستی مێژوویی و نەتەوەیی و كوردپەروەرانیی پارتیی و سەرۆك بارزانیی بوو رۆژی 25/9/2017 بە " بەڵی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی " ، ناوی نەتەوەیی كوردی گەیاندە لووتكە ،لەو لاشەوە بە پیلان و نەخشەیەكی پێشتر دارێژراو خیانەتكارانی نێو خۆیی چۆن دەستی داگیركەرانیان گرتوو و خەنجەری ژەهراویان لە پشتی گەلی كورد دا .. بە دڵنییاییەوە ئەگەر خیانەتی ، خیانەتكاران لە ماوەی سەدەی رابردوو لە دژی بزاڤی رزگاریخوازی كورد نەبوایە ، ئێستا لە قۆناغێكی دیكەی خەبات دا بووین و دەوڵەتبوونمان دوا نە دەكەوت ..دەستەڵاتدارانی عێراق بەپێی مێژوو هیچ كاتێك ددانیان بە مافی كورددا نەناوە و هەركاتێك لاواز بن، كورد بە پشتیوان و برای خۆیان دەزانن و كاتێكیش دەستەڵاتیان دەبێت، پەشیمان دەبنەوە، بۆیە مێژووی عێراق لە سۆمەرییەكانەوە تا ئێستا ملیۆنەها ئەزموونی تێدایە و، دەستەڵاتدارەكانی عێراق یەك لە دوای یەك وەكوو یەكدی بوونەبۆیە، نابێ‌ خیانەتكاران و ئاغاكانیان دڵ بەوە خۆش بكەن كە داگیركردنی خاكی كوردستان و پێشێڵكردنی مافەرەواكانی كورد یان بۆ دەچێتە سەر بە دڵنییاییەوە ئایندەیەكی رٍەش و ریسوایی چاوەروانیان دەكات و سەركەوتنیش بۆ ئازادیخوازان و سەربەخۆیخوازن دەبێ‌. دیرۆكی گەلی كورد و بەتایبەت پارتی وبارزانیی چەندین هەوراز و نشێویی برییووە و رووبەرووی كۆسپ وپیلانگێری گەورە بۆتەوە بەڵام هیچ كات لە شكست بێ‌ ئومێد نەبووە ،ئەمەش نهێنی مانەوە و سەركەوتنی و هیوای گەروەیە بەرەو بەدەسهێنانی مافی دەوڵەتبوونی كوردستان...
Top