فەوزای سیاسی و کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی

فەوزای سیاسی و کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی
عادل عەبدولمەهدی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت چەند مەرجێکی داناوە، لە هەموویان گرنگتر دوور خستنەوەی دەستی حزب و دەستوەردانەکانی ئەم وڵات و ئەو وڵاتە لە بەڕێوە بردنی عێراقدا، ئەوە لە کاتێکدایە عێراق لە گەندەڵیدا رۆچووە و خواستە سەرەتاییەکانی خەڵکیش لە خزمەتگوزاری و دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و رێگاوبان بەسەر یەکدا کەڵەکە بوون، جا ئەگەر عادل عبدولمەهدی بتوانێ لە قۆناغی یەکەمدا دەستی حزبەکان لە حکومەت دوور بخاتەوە و سنوورێکیش بۆ دەستوەردانە دەرەکیەکان و بە تایبەتیش دەستوەردانی ئێران دابنێ, لە سەرووی ئەوانەشەوە خواستی پێکهاتەکانی عێراق چ خواستی سیاسی و چ خواستی خزمەتگوزاری تا ئەو شوێنە جێبەجێ بکات کە تووڕەییان دابمرکێتەوە، ئەوا عێراق بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر دەبێتە سویسرای ناوچەکە.
پرسیار ئەوەیە: ئێران کە تا ئێستاش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ حوکمی عێراق دەکات و عێراقی کردۆتە بەڵا گێڕەوەی خۆی، رازی دەبێ سویسرایەک لە بن دەستی خۆی درووست ببێ؟ حزب و لایەنەکانی شیعەش کە بە درووست بوونی ئەو سویسرایە دەرگاکانی گەندەڵیان بەسەردا دادەخرێ و بەوەش لە بەرژەوەندیان دەدرێ، ئامادەن دەستبەرداری بەرژەوەندیەکانیان ببن؟ زۆرێک لە لایەنە شیعەکان و بە تایبەتیش گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی خوازیاری دامەزراندنی سیستەمێکی هاوشێوەی ئێرانن و ئێرانیش پشتیوانیان دەکات، ئامادەن مافە دەستوورەکانی کورد و سوننە جێبەجێ بکەن؟
باس لە توانا و کەسایەتی عادل عەبدولمەهدی ناکەین، بەڵام لەناو ئەو فەوزا سیاسی و گەندڵستانەی عێراق و دەسوەردانی ئێران, وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە بۆ عادل عەبدولمەهدی ئاسان نین، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناکرێ بتوانێ ئەو بەربەستانە تێپەڕێنێ و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، خۆ ئەگەر شکستیش بێنێ و نەتوانێ وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، ئەوا جگە لە دابەش بوون هیچ رێکار و چارەسەرێک ناتوانی عێراق لەو فەوزا سیاسیە دەرباز بکات کە بە شکستی عادل عەبدولمەهدی دووچاری دەبێ، چونکە خەڵکی عێراق لەوە زیاتر بەرگەی گەندەڵی و بە ئێرانی کردنی عێراق و نەبوونی خزمەتگوزاری نائارامی ناگرێ.
Top