بەسرە لە نێوان راپەڕین و مێژوودا (خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیک بۆ مێژوو و کەسێتی کورد)

بەسرە لە نێوان راپەڕین و مێژوودا (خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیک بۆ مێژوو و کەسێتی کورد)

د. نەسرەدین ئیبراھیم گۆلی*
جوامێری نەتەوەی سەردەمیانەی کورد و پێشمەرگە وەک سوپای کورد بۆوەتە زۆبانزەدی جیھان، و بۆ ئەم ئاخاوتنە بەڵگە زۆرە و تەنھا نموونەی زیندووشی ھەڵسوکەوتیەتی لەگەڵ لەشکەری ئەنفالکەری بەعسییە لە کاتی راپەرینی مەزنەکەی بەھاری نەوەد و یەک. سەلماندمان خوازیاری بەختەوەری و خۆشەیستی نەتەوەکان و شارستانیەتین.
وێرای ئەمە ھێشتان پێشمەرگەی کوردستان پێویستی بە رێزگرتنی زیاتری ئەو کەسانەیە کە لە گۆڕەپانەکانی جەنگ دەکەونە بەرامبەری. نەک تەنھا بە ھۆکاری مافی مرۆڤ و بنەماکانی، بەڵکۆ بە ھۆکاری تۆڵەسەندنەوەی مێژوو و سروشت. چونکە وەک بادینی گۆتەنی"یا ڤی دەستی ل وی دەستی نائێت". ئەوەی ئەمرۆ لە بەسرە روودەدات دوور نیە ئەو تۆڵەیە بێ کە باب و باپیرانی ھەمان ئەو مرۆڤانە لە ھزار ساڵ بەر لە ئێستا لەگەل دانیشتوانی رەسەنی ئەو ناوچانە کردوویانە. چونکە سروشت زۆڵە. بەزەیی بە کەس نابات بەتایبەت بە زۆرداران. دوور نیە ئەوەی لەگەڵ کورد دەکرێ، و ئەو تاوانانەی دژی ئێمە دەکرێن بەرھەمی ئەو رەفتارەی باب و باپیرە میدییەکانی ئێمە بێ کە لەگەڵ ئاشوورییەکان و بابلییەکان و نەتەوەکانیتری میزۆپۆتامییا بێ، کە تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، و ئەو تاوانانە ئەمرۆ یەخەمانی گرتووە. بۆ بەسراوییەکانیش بە ھەمان شێوە.
ئیمرۆ جارێکی دیکەش کورد سەلماندی کە ئێمە نەتەوەیەکی بە ھەست و سۆزین. ھاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر بۆ سووککردنی قەیرانی ژیان لە بەسرە لە لایەک، و پشتگیری جەنابی سەرۆک بارزانی لە راپەرێن و داواکارییەکانی خەڵکی ئەو شارە، و سەرکۆنەکردنی کۆشتنی ٦-٧ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٦٠ کەسیتر تەنھا لە یەک رۆژدا، گەواھییەکی دیکەی پاکی و بێگەردی خواست و ناخ و دڵی کوردی سەردەمە. ئەگەر لە روانگەی قوتابخانەی سایکۆلۆژیای ھاوسۆزی (Empathy psychology) ییەوە تەماشەی ئەم بابەتە بکرێت دەبێ بگۆترێت جوانترین نموونەی ھەستکردنە بە ئێش و ئازارەکانی نەتەوەکانیتر، و بە پیر چارەسەرکردنیەوە رۆیشتن. ئەوەش لە سۆنگەی ھەستی بەرپرسیارتی، و وێرای ئەو زۆردارییەی ھەمان نەتەوە و شار بەرامبەر بە کورد ھەیبووە، لە رابروو و ئێستادا.
بە پێی سەرچاوەکانی مێژوویی، بەسرای ئیمرۆ، بەر لە ھزاران ساڵ ماوەیەکی زۆر لە ژێر چەتری ئیمپراتۆریەتی کوردە میدییەکان بووە، و بێگۆمان وێرای ھەبوونی ھەندێ ھۆزی عەرەبی مەسیحی و نامۆسڵمان لەو بیابانانە، خەڵکی ئاریایی و بە تایبەت کوردیشی لێ ھەبووە. بەڵگەش بۆ ئەم گۆتەیە بوونی سەرکردەیەکی مەزنی وەک جابان، کە ناوی ھاوشێوە ئەو جابانە بەناوبانگەیە کە لە سەردەمی ئیسلامدا باسی لێوەدەکرێت، و سەر بە سوپای بەھمەنی جادو، فەرماندەی ئەو ناوچەیە بووە لە کاتی ھاتنی سوپای مۆسڵمانان بۆ داگیرکردنی وڵاتی ئاریاییەکان. جابانی فەرماندە، خاوەنی ناوچە و گۆندی خۆی بووە لەو دەڤەرە و وێرای ئەوەی خۆی و سووپایەکەی زۆر ئازایانە و قارەمانانە بەرگری لە نیشتمانیان دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا جابان لە لایەن سوپای عەرەبەکانەوە، زۆر بێبەزەیانە دەکوژرێت. سەرکردەکەی بەناوبانگی عەرەبەکان لەم جەنگەدا، ھاوشێوەی جاران و شاررەکانی پێشووتر ناوچەی بەسرا، پاش داگیرکردنیان کۆشتاری مەزنی ئەنجام دەدا. لە ڕقی بەرگرییەکەی جابان و سوپایەکەی لەو دەڤەرە و ناوچە و گۆندەکەی خۆی کە لە مێژوودا بەناوی ئەلیس ناودەبردرێت، سوێند دەخوات تا بەرسەر سووپای جابان سەرنەکەوێ خواردن نەخوات. پاش سەرکەوتنی و رشتنی رووباری خوێن ئینجا سوێندی خۆی بەجێ ھێنا، وەک زۆر جاریتر، لە نیشتمانی جابان، چەندەھا دیلی کۆشت، و بێگۆمان کۆشتنیان بە سەربڕین بووە کە چەند شەو و چەند رۆژی خایاند. دوور نیە ھەمان ئەو رەفتارەی لەگەڵ خەڵکی حەفیری نزیک شاری ئێستای بەسرە کردبێ، کە سوپای ھۆرمۆزی گەورە سەرکردەی ئاریاییەکانی سەردەمی ساسانییەکانی بە رەگەز کورد، بە زنجیر خۆیان بە یەکەوە بەستبوو تا لە جەنگ بەرگری بکەن و رانەکەن. ژمارەی کوژراوانی ئاریایی لەو جەنگانە بە بەردەوامی لە نێوان سی تا سەد ھزار کەس دەبوون. ھۆرمۆزی سەرکردە ئەوەندە دڵسۆزی نەتەوە و سوپایەکەی بۆ کە پێشنیاری ئەوە دەداتە سەرکردەی سوپای کە بۆ ئەوەی خوێنی کەس نەڕژێت من و تو بەرامبەر یەکتر دەجەنگین و کاممان کوژرا سووپایەکەی تەسلیم ببێ. ھۆرمۆز کوژرا بەڵام عەرەبەکان دەستیان بە کۆشتاری سووپای ھۆرمۆز کرد. ئیتر ئەو شکستانە یەک لە دوای یەک کۆتاییان بە چرای شارستانیەت و ساسانییەکان ھێنا کە گەورەترین زلھێزی ئەو سەردەمەی جیھان بوون، و ھەموو شتیان تاڵانکرا و سووتێنرا و لەنێوبردرا. ھەلبەت نابێ لەبیر خۆمانی ببەین زۆر ھۆکار و لەوانەش پەرەسەندنی گەندەڵی و نادادپەروەری، ناکۆکییە نێوخۆییەکان، و جیاوازی چینایەتی و ...ھتد، لە پشتەوەی کۆژانی ئەو مۆمە درەوشاوەی ئەو سەردەمە بوون.
ئەو کۆرتە مێژووییە ھەڵدانەوەی برینەکان نەبوو، بەڵام وریا کردنەوەی خۆمان بوو کە وانە لە مێژوو وەربگرین و بیر لەوە بکەین کە ئیتر با خۆمان لە جەنگ و تاوان بپارێزین نەوەک تۆڵەی لە نەسلەکانی داھاتوو بکرێتەوە. ئەوانەی لە رابردوو تاوانیان ئەنجامدا نەوەکانی داھاتوو، بێ ئەوەی ئاگایان لە ھیچ ھەبێ و گۆناحێکیان ھەبووبێ، باجەکەی دەدەن.
مێژوو باشترین و بوێرترین و راستگۆترین مامۆستایە. با لەگەڵ خۆمان و مێژوو راستگۆ بین. وا ئەمرۆ جەنابی سەرۆک بارزانی خراپەی ئەو کاتی ئەوان بە چاکە و پشتگیری وەڵام دەداتەوە. دەبێ مرۆڤایەتی لە بەھا ھاوبەشەکانی نەتەوەکان بگەڕێت و بۆ لەیەکتر نزیک کرنەوە و ئاشتدانەوەی نەتەوەکان ئەو بەھا ھاوبەشانە بکات بە بەردی بناغەی دیمۆکراسی و دادپەروەری و حۆکمڕانی و ئاشتەوایی و بەڕێوەبردنی وڵاتان و ناوچە و جیھان، نەک بە تیرۆر و سپۆنسەری تیرۆریستان و تووندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە و دەمارگیری. مێژوو پێمان دەڵێ کورد ھەرگیز بە کۆشتار و جینۆساید و ئەنفال و کێمیاباران لە نێو ناچێ، بەڵکۆ رۆژ لە دوای رۆژ بەھێزتر و خۆڕاگرتر دەبێ، و ئەوە واتای ئەوەیە کە کاتی ئەوە ھاتووە نەتەوە و ناوچە و جیھان گۆێ بۆ داواکاری و خواستەکانی شل بکات و دەست لە عینادێکی بێ واتا و وێرانکەرانەی دۆگماتی ھەڵگرێ. دەبێ بە خوێندنی مێژوو فێری ئەوە ببن کورد لە دلسۆزی بۆ شارستانیەت، و ئارامی و ئاسوودەیی و ئاسایش بۆ ناوچەکە، و بەختەوەری بۆ گەلان و نەتەوەکانی ناوچەکە ھیچی زیاتر نەویستووە و ناوێت، چونکە لە مێژووی خوێناوی فێری وانەی برایەتی بووە، بۆیە سەرکردەیەکی وەک سەرۆک بارزانی لە گۆتاری خۆیدا تەکەز لەسەر ئەوە دەکەن کە " ھەموومان لە مرۆڤایەتیدا برای یەکترین"، و ئەوە وەرچەرخانی ھزری و مرۆڤییە، و ھێمای نەچارکردنی مرۆڤایەتییە لە وەخۆکەوتن لە پێناو بنیاتنانی تاکێکی یوونیڤێرسال (universal) و جیھانی، شان بە شانی شانازیکردن بە بەھا نەتەوەیی و نیشتمانی و کوردەوارییەکانمان. ئەوە ھەمان ئەو ئامانجانەیە کە زۆرێک لە لێکۆلەر و زانایان و دەروونناسان بە زۆبانێکی بێ زۆبانی لێی دەدوێن و باسی لێوەدەکەن، بەڵام نازانن چۆنی بەدی بێنن. تەنانەت لە گۆتارەکانی ئەم دواییەی میشێل فۆکۆیامای ئەمریکی بە رەگەز ژاپۆنیش کە لە کوردستان پێشکەش دەکرد بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاماژەی پێدرا، لە کاتێکدا فۆکۆیامای بێئاگا لە سایکۆلۆژییای کەلتووری و مێژوویی (cultural and political psychology) کەسێتی تاکی کوردی، نازانێ کە بە گەواھی مێژوو فەھەنگی کوردی سەرچاوەی دیمۆکراسیەتی راستەقینەیە، و بنەماکانی یوونیڤێرسالیزم بۆ چەند ھزار ساڵە لەو ناخەدا بوونی ھەیە بەڵام بە ھۆکارەکانی داگیرکاری و دیکتاتۆریەتی فەرھەنگی و سیاسی و ئابووری ناوچە و جیھانی، و ناکۆکی و گەندەڵی یەکنەگرتنی نێوخۆیە، دەرفەتی سەرلەنوێی سەرھەڵدانەوە و گەشەی بۆ نەڕخساوە.
سەرچاوەکان: ١-دکتر ێدیق بوورەکەیی، تاریخ پنج ھزار سالە ایران(١٣٨٥). ٢-عبدالعڤیم رچائی، تاریخ دە ھزار سالە ایران(١٣٧٦).
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/زانینگەی زاخۆ
Top