ئەوکاتەی دیموکراتی دەبێتە هەرەشە

ئەوکاتەی دیموکراتی دەبێتە هەرەشە
بوونی راوبۆچوونی جیاواز و ململانێی نێوان راوبۆچوونە جیاوازەکان دووانە چەمکی تەواوکەری دیموکراسین و دیموکراسی بەبێ بوونی ئەو دوو چەمکە مانایەکی نامێنێ، کاتێکیش راوبۆچوونە جیاوازیەکان جوان دەبن کە بە فیلتەری دیموکراسیدا ببرێن و ململانێکانیش بۆ خزمەتی خەڵک و لە پێناو پێشخستنی کۆمەڵگەدا بن، بە پێچەوانەوە کە راوبۆچوونە جیاوازەکان دەستیان خستە بینەقاقای یەکتری و سنووری رێزگرتنی رای بەرامبەریان بەزاند و ململانێکانیش بۆ سڕینەوەی یەکتری کەوتنە کێبڕکێ، ئەوکات دیموکراسی لەسەر خودی خۆی دەبێتە هەرشە و مەترسی، لێرەدا دەپرسین: بەو پێوەرەی سەرەوە لە کوردستان بوونی دیموکراسی لە چ ئاستێک دایە؟
ئەگەر بەو پێوەرەی سەرەوە شەن و کەوی دیموکراسی بکەین و لەگەڵ هەڵوێستی هەندێ کەس و دەستە و گرووپی سیاسی بەراوردی بکەین، ئەوەی لە کوردستان پێی دەگوترێ دیموکراسی، بەرەڵاییە و بەرگی دیموکراسی بەبەردا کراوە، بەوەش زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی هەژار و ستەمدیدەی کوردستانە و سودمەندی یەکەمیش ئەو کەس و دەستە و گرووپانەن کە بە دوای دەستکەوتی کەسی و بەرژەوەندی حزبیدا دەگەڕێن.
ئەرێ لە کوێی دیموکراسیدا بۆ سڕینەوەی یەکتری وەک ئەوەی لە کوردستان پەنا بۆ ئیرهابی فکری و تۆمەت هەڵبەستن دەرێ، جیاوازیەکان کەوتوونە شەڕی دەستەویەخەی موهاتەرات؟
ئەرێ لە کوێی دیموکراسیدا لەباتی رەخنەی بیاتنەر جیاوازیەکان یەکتریان جنێوباران کردووە؟
ئەرێ لە کوێی دیموکراسیدا بە ناوی جیاوازی بیروڕا پەنا بۆ خیاتەت و وڵاتفرۆشی براوە؟
ئەرێ لە کوێی دیموکراسیدا حزب و دەستە و گرووپگەلێکی وا هەبوون دژی ئیرادە و دەنگ و بڕیاری خەڵک بوەستنەوە؟ وەک ئەوەی لە ریفرادۆم روویدا و چاوەڕوان دەکرێ لەم هەڵبژاردنەش شتێکی وا رووبدات.
ئەی دەپرسین: لە کوێی دیموکراسیدا وەک ئەوەی لە کوردستان روویدا، لە ململانێکاندا جیاوازییەک بۆ سڕینەوەی بەرامبەرەکەی پەنای بۆ دوژمنان و داگیرکارانی نیشتیمانەکەی بردووە؟
هەموو ئەو پرسیارانەی سەرەوە یەک وەڵامیان هەیە و ئەویش ئەوەیە: ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ و ناویان ناوە دیموکراسی فەوزای سیاسییە، فەوزای سیاسیش زۆر لە دیکتاتۆری ترسناک ترە، چونکە لە فەوزای سیاسیدا ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەییش دەکەونە ژێر هەرشەی دەستە و گرووپە بەرژەوەندخواز و نانیشتیمانیەکان.
Top