گەندەڵەکان و پەیوەندیە شاراوەکانیان
October 5, 2018
وتار و بیروڕا
هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر پێمان وابێ گەندەڵی کاڵایەکە و بە باڵای حزبێکی دیاریکراو بڕاوە و حزبێکی تر دژی گەندەڵییە، چونکە بە رێژەی جیاواز بەرپرسی گەندەڵ لەناو هەموو لایەنەکاندا هەن و پلە و پۆستی باڵاشیان هەیە و کاریگەریان لەسەر بڕیاری حزبەکانیشیان هەیە، بە هەمان شێوەش کەسانی دڵسۆز و کوردپەروەر لەناو هەموو لایەنەکاندا بوونیان هەیە، جا بوونی کێشەی نێوان لایەنەکان وا دەکات ئەو لایەن لە ترسی ئەو لایەن گەندەڵەکانی سزا نەدات، بۆیە گەندەڵەکانی ناو هەموو لایەنەکان بوون و هێزی خۆیان لە بوونی کێشەی نێوان لایەنەکاندا دەبینن، ئەوەش وا دەکات وەک باندە مافیاکان لە پەیوەندی بەردەوامدا بن، لە کاتێکدا من ئەو بۆچوونە بە هەڵە دەزانم، چونکە هەر لایەنێک دەستپێشەخەری بکا و گەندەڵەکانی سزا بدات، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەنجام دەدا و بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکەش جیا لەوەی گەشە دەکا و پێشدەکەوێ، دڵسۆز و کوردپەروەرانی ناو لایەنەکانی تریش بۆی دەگەڕێنەوە.
گەندەڵەکانی ناو حزبەکان ئەو خاڵە لاوازەی حزبەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان بەکار دێنن، وەک باندی سیاسی و بە ئاگادیری یەکتری و بە بەرنامە هەوڵدەدەن کێشە لەناو حزبەکاندا درووست بکەن و وەک موزایەدەی دڵسۆزیش بە حزبەکانی دەفرۆشنەوە، بۆیە پێویستە دڵسۆزان و کوردپەروەرانی ناو لایەنەکان لەو پیلانەی گەندەڵەکانی ناو حزبەکانیان بە ئاگابن و رێگریان لێبکەن، بەو کارەش هەم کرمی ناو خۆیان دەکوژن و هەمیش خزمەتێکی گەورە بە دۆزی کورد و بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردستان دەکەن، لەوەش گرنگتر رێگری لە دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستان دەکەن کە نەتوانن لێیەوە بێنە ناو ماڵی کوردایەتی و ریزەکانی تێک بدەن، چونکە گەندەڵەکان هەرکاتێ بزانن بەرژەوەندیەکانیان دەکەونە ژێر هەرەشە، بۆ پاراستنی خۆیان ئامادەن پەنا بۆ دوژمنان و دەزگا هەوڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستانیش بەرن، لەو دوو ساڵەی رابردووشدا ئەو پەنابردنە بۆ دوژمنان و دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستان رەواجێکی زۆری پەیدا کردووە، بەو پەنا بردنەش بۆ دوژمنان گەورەترین زیانیان بە دۆزی کورد و بزووتنەوەى رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان گەیاندووە.