بەرهەم ساڵح لە دیدی هاودیدێکەوە

بەرهەم ساڵح لە دیدی هاودیدێکەوە
لە سەروبەندی جیا بوونەوەی بەرهەم ساڵح لە یەکێتی و دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، لەگەڵ هاودیدێکی بەرهەم ساڵح کەوتینە گفتوگۆ، هەرچی هاودیدەکە بوو، ئەگەرچی کەسێکی زۆر رۆشنبیر و کوردپەروەر بوو، بەڵام کۆی خواست و ئامانجە نەتەوەیی نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستانی لە وتارە باق و بریقەکانی بەرهەم ساڵحدا کۆ کردبوونەوە و بە کاریزما و فریادڕەسی چارەسەری کۆی قەیرانە سیاسی و ئابورەکانی کوردستانی دەزانی، هەرچی منیش بووم پێچەوانەی ئەو هاودیدە بەرهەم ساڵحم بە کەسێکی ترسنۆک و کورسیخواز و راڕای سیاسی و هیچ لەباردا نەبوو ناو دەبرد، ئەوکات ئەو هاودیدە منی بەوە تاوانبار دەکرد کە لە دیدی حزبییەوە بەرهەم ساڵح هەڵدەسەنگێنم و لێی پرسیم: بۆ ئەو تۆمەتانەی دەیاندەیە پاڵ دکتۆر بەرهەم چ بەڵگەیەکت پێیە؟
لە وەڵامدا گوتم: ترسنۆک و کورسیخواز و راڕای سیاسی ئەو بەرپرسانەن کە لە بەرپرسیارێتی رادەکەن و دەستکەوت و سەروەریەکانیش نادیدە دەگرێ، بەرهەم ساڵحیش یەکێکە لەو بەرپرسانەی لەناو یەکێتی لە دوای مام جەلال لە حکومەتی بەغدا و لە حکومەتی هەرێم و لەناو یەکێتیش زۆرترین پۆستی باڵای هەبووە، ئێستا وەک ئەوەی رۆژێک لەناو یەکێتی و لەناو حکومەتیش پلە و پۆستی نەبووبێ، باس لە شکستی حکومەت دەکا و موزایەدەی درووست کردنی فیردەوسی بەهەشتیش دەکات.
بەهەر حاڵ هەردوو لامان لەسەر بۆچوونی خۆمان سوور بووین، ئەو هەر دەیگوت: بەرهەم ساڵح کاریزما و فریادڕەسی چارەسەری کۆی قەیرانە سیاسی و ئابوریەکانی خەڵکی کوردستانە، منیش دەمگوت: ترسنۆک و کورسیخواز و راڕای سیاسی و هیچ لەباردا نەبووە، ئیتر بەو شێوەیە گفتوگۆکەمان بێ ئەنجام کۆتایی هات.
دوو رۆژ دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی لە بازاڕ لەگەڵ ئەو هاودیدە تێکهەڵەنگوتین، بەر لەوەی سڵاو لە یەکتری بکەین گوتی: هەموو قسەکانی تۆ لەسەر بەرهەم ساڵح راست دەرچوون، ئەشهەدو کورسیخواز بوو، لە پێناو کورسی لە یەکێتی هاتەدەر و خەڵکێکی زۆر کەوتنە دوای وتارە باق و بریقەکانی، بۆ کورسیش چۆوە ناو یەکێتی و ئەو هەموو خەڵکەی بەجێهێشت، منیش گوتم: کاکە کێشەی ئێمەی کورد ئەوەیە خۆش باوەڕین و بە وتاری باق و بریق و بەڵێنی درۆین هەڵدەپەڕێن و رقمان لە راستگۆیی و کرداریشە.
Top